<

پەیامی پشتیوانی بۆ ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی

19/04/2011, 12:00 (GMT+1)




خوشکان، برایان، دۆستانی ئازیز
شوباتیەکانی سەرای ئازادی
دوو ڕۆژە هەواڵ بیستی هێرشی هەمەلایەنەی دەسەڵاتین بۆ سەرکوت کردنی ئێوەی ئازادی ئەم بەهارەی کوردستان. دوو رۆژە ئێمەش لەگەڵ خۆڕاگریتاندا دەژین.
ئازیزان، هەرلەسەرتای سەرهەڵدانی بزووتنەوە ی ناڕەزایەتی کوردستانەوە، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی باڵانسیان تێک چووە و ووڕینە دەکەن، دەمێک پێمان دەڵێن گێرەشیوێن و دەستی بێگانە، دەمێکیش دەڵێن داواکانتان ڕەوایە و دەبێت چاکسازی بکرێ، دەسەڵات لەلایەک تەقەمان لێ دەکات و خوێنمان دەڕێژێت و لەلایەکی تریشەوە ئەڵێ ئەمە خوێنی خۆمە و فتوادەرێکی تاوانبار دەنێرێت بۆ خوێن خۆشکردن، بەیانی شاندی گفتوگۆ دەنێرێت بۆ سەرای ئازادی بەڵێنی قورس و قەبە دەدات بە شەقام، کەچی ئێوارە بەین و بەست و سەواو مامەڵە لەگەڵ ئەحزاب دەکات و پاشقول لە شەقام دەگرێت. دەسەڵات هەراسانە و بە دوولای دەمی قسە دەکات، بەڵام هەگبەی درۆ تەسکەو بەری کورت. دەسەڵات هەراسانە و پلان دەگێرێت، وا ئەمڕۆ لە مەکتەبە سیاسیەکانی دوو حیزبی دەسەڵاتەوە، لە دوو کوانوی درۆ و دۆلارەوە، هێلکەی پیلانێکی گەندەڵی تری گەندەڵی، هێلکەی پیلانێکی تری سەرکوتکەر و ئالودەی خوێن ، تروکا.
ئازیزان مەبەست لەم پلانە پەلکێش کردنی شەقامە بۆ شەر، شەڕێک بڕیارەکەی سەری ڕەش داوێتی و قەڵاچوالان جێ بە جێ ی دەکات، شەڕێك کە ئەوان مەیدانەکەی هەڵدەبژێرن و زۆریش شارەزان تیایدا، شەڕی خوێن ڕشتن، ئەوان قارەمانی ئەم جۆرە شەڕەن شەڕی بی کەی سی و "راجیمە حەیاتەکە" بەڵام ئێمە ڕقمان لەم جۆرە شەڕەیە و خۆمانی لێ لادەدەین.
دەسەڵات ئارامی لێ هەڵگیراوە و ئارەزووی خوێن ڕشتن دەکات، قارەمانانی پاراستن و زانیاری هەواڵگیری دەکەن و جفرە دەنێرن بۆ "هەڤاڵانی سەرکردە" و ئەوانیش ئەمر دەفەرمون دەمامکراوەکان ڕووی دەمی بی کەی سی بکەنە سنگی شەقاری شەقام، ئەو جەنابانە دەمانچەکانیان بە ڕووتی ڕاکێشاوەو مەیلی تەقە دەکەن، دەیانەوێت شەقام ڕاکێشنە مەیدانی ئەم جۆرە شەڕە.
خوشکان و برایان ئازیز، ئەم پلانەی دەسەڵات دەبێت پوچەڵ بکرێتەوە، ئەم کارەش تەنها بە فراوانکردنەوەی بزووتنەوەکەمان و رێکخستنێتی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەی ووڵات. ئێمە لە پشتانین بۆ ئەنجام دانی ئەم کارە.
ئازادی لە شەقامەوە سەر دەردێنێ!
ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان
17 نیسانی
 2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست