نامەیەكى ویژدانئامێز بۆ ویژدانى مەلا بەختیار كارگێڕى م . س [ى.ن.ك]
11/10/2011, 12:00 (GMT+1)

سەرەتا ئەمەوێ سەرپشكبى لەوەى ئەوەى ئەیڵێم و ئەینووسم بۆچوونى هەرەزۆرى ئەو كەسانەن كە رۆژێك بەهەق كۆمەڵە و پاشتر یەكێتى بوون ، زۆرێك لەوانەى تاكو سەر ئێسك پشتیوانت بوون لەدامەزراندنت بۆ ئاڵاى شۆڕش زۆرێك لەوانەى رۆژێك باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیایى خۆت و حیزبەكەت هەبووە و لەپێناویا سڵیان لەخودى مردنیش نەكردۆتەوە ، من مادام باسی ویژدانم كرد بەویژدانەوە لەگەڵ هەڤاڵەكانم و هەڤاڵەكانى ئەوكاتى خۆشت شاهیدى ئەوەت بۆدەدەین كە رۆژگارێك بەتایبەتى لەسەروبەندى كۆنگرەى یەكى كۆمەڵە و پێشتر و پاشتریش كە بوویتە بەرپرسى مەڵبەندى یەك كەسێكى زۆر ئیدارى و دڵسۆز و شۆڕشگێربوویت ، كەسێك بوویت كەم كەس هەبوو لەكاتى ئاخافتنى تۆدا خۆبەخشانە نەبێتە گوێگر .. كەم كەس هەبوو لەژێركاریگەرى ئایدۆلۆژیا و حەماسەتى شۆڕشگێرانەى كوردپەروەرى بێخەوشى ئەوكاتەتدا نەبووبێت ، من لەگەڵ بۆچوونى ئەو هەڤاڵەم كەجارێكیان لەبابەتێكدا لەم كوردستانپۆستەوە نوسیبووى : [دامەزراندنى ئاڵاى شۆڕش لەلایەن مەلا بەختیارەوە بەهیچ جۆرێك لەخاڵى لاوازى مەلا بەختیارەوە نەبوو ، بەڵكە بەهۆكارى لاوازبوونى ئۆرگانە سیاسیەكانى یەكێتیەوە بوو بەهۆى تاكڕەوى جەلال تاڵەبانى و ئەوپەڕى بەهێزبوونى پێگە و جەماوەرێتى مەلابەختیار و هاوبیرەكانیەوە بوو ] ، من گومانم نیە لەوەى كەئیستاش زۆرێك لەو حەسرەتەى جارانت لەناخدا ماوە ئەگەر بەخڵتەش بووبێت ، كاك مەلا لەوە گەورەیى تر نیە مرۆڤ راستگۆ بێت ئەگەر لەگەڵ دەوربەریش نەبێت لایەنى كەم لەگەڵ خودى خۆیدا كاتێ ناخ ناخى خۆى ئەهێنێتە گۆ و زامە كۆنە نوێكانى بەو بیرەوەرییە تاڵانە ئەكولێنێتەوە .
كاك مەلا بەختیار هەر بەویژدانت و تو گڵكۆى كەڵە شەهیدەكانمان خۆت ئیستا لەرەوشى تەواو لێكترازاوى یەكێتى یەك لەهەزاریش رازیت ، بەویژدانت ئەمە ئەو یەكێتیەیە كە تۆ و هەزارانى وەك تۆ خەباتى بۆكرد و قوربانى قورسى بۆدا ، ئەو حكومەتە گەندەڵەى یەكێتى تیایدا شەریكە ئاواتى ئەو رۆژگارانەیە كەخەباتى بۆكرا رووبەرووى ئاگر و ئاسنى بەعسى گۆڕبەگۆڕ ؟؟!! ، باوەڕتان بێت هەركاتێ وتار و قسە و بۆچوونەكانى ئەوكاتى شاختم وەبیردێتەوە كەلێواولێوى گوزارە جوانەكانى دادپەروەرى و مافى مرۆڤ و یەكسانى ئادەمیزادى كوردبوو ئیستا لەناخەوە نازانم پێكەنم یان بدەمە قوڵپەى گریان !؟ ، ئایا ئیستا پاش ئەوەى یەكێتى و سەرانى گەندەڵ و جەردە و سیخوڕ و خاوەن فایلى بەعسى وێنەى شاڵاوى عەلى عەسكەرى و هاوەڵەكانى كوردكوژى ئیستاى ئەبینیت لەچواردەورت تۆش خۆت بەبەشێك لەم تراژیدیا و مەهزەلەیە نازانیت ؟! ، بەتایبەتى ئیستا تۆ بەناو بەرپرسى یەكەمى مەكتەبى سیاسیت ، بۆگوایا پێت وایە مێژوو و رۆڵەكانى ئایندەى جەربەزە و چاونەترسى ئەم میللەتە شەرم دەكەن لەتاوانباركردنى تۆ و هاوڕێكانت ؟! ، نەبەخوا شەرمتان لێناكەن .
تو خوێنى ئەوانەى بەپێوە بەدەم وتنەوەى دروشمەكانى كۆمەڵەوە گوللەبارانكران هەر خۆت بۆخۆت شەرم لەوەناكەیت لەتەنیشت كەسانێكى وەك شێخ جەعفەرى دەست و دامێن پیس و حاكم قادرى بێ ئابروو و عومەر مورتاحى چەقۆ وەشێن لە رۆژنامەنووسەوە و خاوەن فایلەكانەوە دائەنیشیت ؟؟!! ، ئێ باشە خۆ لەسەرەتاكانى ئەلف و بێى سیاسەت و حیزبایەتیدا شتێك هەیە ناوى جەماوەرێتیە ، باشە گوایا ئێوە نازانن كە كەسانى وێنەى ئەمانە و سەعدى پیرە و ئەرسەلان بایز و مەحموود سەنگاوى و ... هتد ، ئەمانە نەك بەهیچ جۆر و لەونێ جەماوەرێتیان نیە بەڵكە ئەمانە بەرەفتارە ناشیاوە بۆگەنەكانیان چوونەتە خانەى دوژمنى گەل و میللەتەوە و لەهەموو ماڵێك و كوچە و قوشبنێكى ئەم وڵاتەدا رۆژانە نەفرەتیان لێدەكرێ و بەهۆشیەوە چین و توێژێك پەیدابووە تف لەهەردوو ئاڵا سەوز و زەردەكەى یەكێتى و پارتى دەكات ، هەڵبەتە من باس لەكەموكورتى و گەندەڵیە بێشوومارەكانى پارتى ناكەم چونكە بۆخۆت كاك بەختیار لەكاتى شەڕى خۆكوژیدا و لەتەلەفیزیۆنى گەلى كوردستانەوە لەزنجیرە وتارێكتا بەناوى [شۆڕشى چەواشە] زۆر باش بەو ئەركە مێژوویە هەڵسایت .
كاك بەختیار تۆ ئەبێ لەهەموو كەس باشتر و روونتر دڵنیابیت لەوەى یەكێتى بۆتە كێكێكى شیرین و دۆلاراوى و هەر مەسئولە و بەشێكى بۆكووتلەكەى خۆى لەتكردووە ، یەكێتى تەنها لەژوورە داخراوەكانى ئێوە و سەر مێزەكەى جەلال تاڵەبانى خڵەفاو بوونى ماوە دەنا زۆر لەمێژە بەپراكتیكى بوونى وەك رێكخراوێكى سیاسى جەماوەرى مرداربۆتەوە ، خۆزگە تاكە یەك رۆژ بەناو یەكێتیەكەى ئیستا لەجبەخانەى چەك و دۆلارەكانى ئیدارەى گشتى رووتدەكرایەوە ، جــــائەوكات هەر خۆت ئەتزانى مەسئول كۆمیتە كاسەلێسەكان پێش خەڵكە ستەملێكراوە چۆن بەردبارانى تۆ و بەناو مەكتەب سیاسیەكەى تۆیان ئەكرد و وێنەى لیبیا وێنەكانى مەسعود و جەلال ئەخرانە ژێر قۆندەرەوە ... [هەر وەك زانیاریەكى بێگومان و حاشاهەڵنەگر بۆناو بەریدەكەى بەیانیانى بەرێزتان : ئەم رۆژگارە زۆر دوور نیە نەمرین هەر لەم كوردستاپۆستەوە كاتى هەڵچوونى جەماوەرى تووڕە وەبیرتانى دێنمەوە] .
هەر زۆر لات ئاسایى بێ و هیچ هەڵمەچۆ بەم گفت و باسانە چونكە داخەكەم نەزم و ریتمى نووسین و بنەما ئەخلاقیەكانى رێگرن لێم كە 99% ى كارەسات و راستیە بێخەوشەكانى ناو گەرووى میللەت بخەمە پێش ویژدانى جەنابتان ، چونكە ئەوەى وتوومە بڕواناكەم 1% ى ئەوانە بێت كەپێویستە لەمەڕ یەكێتیەكەى ئیستا بوترێ .
كاك بەختیار تۆ باوەڕت بەو شانۆگەریانە نەبێت كە موهەریجێكى وەك دكتۆر نابەرهەم و هیرۆى خانمەكەى دەباشان بەڕێوەى دەبەن ، ئەوانە بەرگرى لەسامان و بەرژەوەندى شەخسى خۆیان ئەكەن و پرۆڤەى سیناریۆیەك ئەكەن كەخۆشیان لەناخەوە وێنەى تۆ گاڵتەیان پێى دێت ، لەكۆنگرەى سیانزدەى یەكێتیدا كەبەداخ و كەسەرەوە خۆشم بەشداربووى تەریقى بووم ، دروشمى نوێبوونەوە هەڵكرا و هەزار و یەك قسەى ساف و لووس لەلایەن ماستاوچى و تێرەكانەوە لەسەرى كرا ، بەڵام كامە نوێبوونەوە ئەو نوێبوونەوەیەیى كە دوو ئومى و نەخوێندەوار و كوردكوژى وەك شێخ جەعفەر و خولە سەنگاوى كردە ئەندامى م .س ، یان ئەو نوێبوونەوەیەیى كە جەلال تاڵەبانى بەپراكتیكى پیادەى كرد كاتێ بێ ئەوەى حساب بۆ راى تاكە یەك كەس بكات دكتۆر بەرهەم و كۆسرەتى تەكەتولچى كردەوە بەجێگرانى كارتۆنى سكرتێرى گشتى .
لەكۆتایدا من مەبەستم بوو كەلەناو هەموو قیادەى ئیستاى یەكێتیدا ئەم پەیامە ئاراستەى خودى كاك بەختیار بكەم لەبەرهۆكارانێك كەناكرێ باسى لێوەبكەم ، بەڵام هەرئەوەندە ئەڵێم كاك مەلا بەختیار ئەو یەكێتیەیى تۆ ئیستا سەركردایەتى ئەكەیت لەباندێكى مافیا و بازرگان شتێكى تر نیە ، ئەو یەكێتیەیى تۆ بەرپرسى یەكەمى م .س یت دەست و پەنجەكانى بەخوێنى لاوە بێتاوانە خۆنیشاندەرەكانى سوور بووە ، هەر ئەو یەكێتیە دز و جەردە و تاڵانچى و شەڕواڵپیس پەروەردە دەكات و پۆستى مەزنیان پێدەبەخشێ ، جابێگومان تۆش دیارە لەگەڵ ئەوهەموو تاوان و گەندەڵكاریەدا ئەمانەت پێ قبوڵە و بەشێكیت لێى بۆیە تۆش هیچ هەڵویستێت نیە و بویتە بەشێك لەو تاوانانە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









