<

ڕای ئێمە و ئاڵۆزی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا

16/01/2010, 12:00 (GMT+1)
دەزگای ئیسرائیل-كورد باس و خواسی قەیران و كێشە سیاسیەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل، هەفتەیەكە سەرتاپای میدیاكانی هەردوو وڵات و دەزگاكانی میدیایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و جیهانیی گرتۆتەوە و هەردوولایەنی پەیوەندار و خاوەن كریسەكە دەم و پێنووس و گووتارییان زۆر توند بوو بەرامبەر بە یەكتر و هەندێك جاریش دەچووە بواری هەڕەشە و گووڕەشە و هەتا ئاستی بەرپەرچدانەوەی توندو هێرش كردنە سەر یەكتر بە زمانێكی زۆر زبر و تووند و زێدەڕۆی دوور لە عورفی دیبلۆماسی بەتایبەت توركیا . كە دەتوانم بڵێم بەرپەچەكردارەكانی زۆر زۆر نابەجێ و رەق وزەق و تووندتر بوو لەوەی كە ئیسرائیل بەرامبەر باڵێوزی توركیا و دواتریش دوای وەڵامدانەوە و هەڕەشەی توركیا و "عەبدوڵا گوڵ" سەرۆك كۆماری توركیا و مۆڵەتدانی بۆ ماوەی 24 كاتژمێر بە حكومەتی ئیسرائیل كە تا ئێوارەی 13-01-2010 پۆزش بهێنێتەوە و داوای لێبووردن لە حكومەت و گەلی توركیا بكات بەرامبەر بەو زێدەڕۆییەی كردوویانە دەرهەق بە باڵیوزەكەیان. ئەوە بوو ئیسرائیل بە شێوەیەكی نا ڕاستەوخۆ داوای لێبووردنی كرد لە سەر زمانی "عالییت شالوم" وەزیری دەوڵەت بۆ كارو باری پەیوەندییەكان ، كاتێ وتی ئێمە داوادەكەین كە هەڵس و كەوتی حكومەت و كارمەندانی دەوڵەتی ئێمە بە شێوەیەكی باش بێت لەگەڵ نوێنەران و میوانانی وڵاتانی تر لە ناو وڵاتەكەماندا . بۆیە ئەگەر هەڵس و كەوتێكی ناشیاو نالایەقیش كرا بێت لە ماوەی ڕابووردودا بەرامبەر نمایندە و نوێنەر و میوانێك، ئێمەش داوای لێبووردن دەكەین !!! بەم شێوەیە ئەمجارەش ئەم قسانەی "عیلیت شاعوت" بە داوای لێبووردن و خاترجەم وەرگیرا و نێوان توركیا و ئیسرائیل هێور بووەوە و بەلایەنی كەمەوە زمانی زبر و تووندو تیژ بەرامبەر یەكتر ڕاگیرا و وەزیری بەرگری ئیسرائیل یش " یەهود باراك" و سەرۆكی پارتی كار بەرە و توركیا بەڕێكەوت بە مەبەستی هێور كردنەوەی بارودۆخەكە و هەروەها گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل بۆ دۆخی جاران و مۆركردنی چەند پرۆتۆكۆل وپەیماننامەی دووقۆڵی لە هەموو بوارەكاندا و بەتایبەتی هاوكاری سەربازی وتەكنۆلۆژی نێوانیان، و لەهەموو شت گرنگتر چەند فایلی ترە كە ئەویش بریتین لە هەڵوێست و هاوكاری ئیسرائیل بۆ توركیا بەرامبەر بەو شەڕەی پێی دەوترێت دژە تیرۆر كە لەلای توركیا بە پارتی كریكارانی توركیا بە" پەكەكە " دەناسرێت و لای ئیسرائیل و جیهانیش بە شەڕی دژی ئیسلامی سیاسی توندڕەوە دەناسرێت ! وەك ڕێكخراوەكانی قاعیدە و حزبوڵا و حەماس وئێران هتد...!!
خاڵیكی تری هاوبەشی نیوان توركیا و ئیسرائیل بریتییە لە فایلی ئەتۆمی ئێران و شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەی كە لە ئاكامی ئەو پێشكەوتنەی ئێران لە بواری چەكی ئەتۆمی بە دەست هێناوە ، هەروەها مەترسیەكانی هەڵایسانی شەڕ لە دژی ئێران و ئاكامەكانی و لە بەرامبەریشدا باڵا دەستی ئێران لە ناوچەكەدا . كە هەندێ لە چاودێرانی سیاسی و دەزگا سیخوڕییە جیهانیەكان پێان وایە ئێران ئێستا خاوەن چەكی ئەتۆمیە و بەرنامەكەی خۆی تەواو كردووە لە پێش چەند ساڵ لەمەو بەر. ئەوەی ئێستاش دەیكات تەنیا كات بەسەر بردن و خۆڵكردنە چاوی ڕای گشتی جیهان و ئاژانسە ئەتۆمیەكەی و نەتەوەیەكگرتوەكان و ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتە زلهێزو خاوەن بڕیارەكانە، بۆیە ئیسرائیل هەرگیز نایەوێت هاوسێیەكی بەهێز و خاوەن توانا و پێگەی جوگرافی گرنگ و توانای سەربازی و یەكەیەكی ئابووری جیهانی وەك توركیا لە دەست بدات لەمانەش زێتر كە توركیا وڵاتێكی ئیسلامیە و سەرۆكی رێكخراوی وڵاتانی ئیسلامیش لە ئێستادا هەر توركەو خەڵكی توركیاییە كە(پرۆفیسۆر كمال الدین ئیحسان ئۆغڵو)یە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی توركیا تاكە وڵاتی ئیسلامی و گەورەیە كە دانی نابێت بە ئیسرائیلدا . فایلێكی تر كە لەم سەردانەدا تاوتۆی دەكرێت كە سەربازیە ئەویش مەسەلەی كڕینی (130) فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانە كە توركیا گرێ بەستەكەی مۆر كردووە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل تا ئێستا ئەم " پاكیتە" ی ڕاگرتووە ، بۆیە توركیا دەیەوێت لەم سەردانەدا بەڵێن وەگرێت لەوەزیری بەرگری ئیسرائیل كە ئەو فرۆكانەیان ئەگەر بە تێكرایش نەبێت لە چەند قۆناغێكدا بداتێ ! لەگەڵ سپێرپارت و مەشق و ڕاهێنان لەسەری و ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ئیسرائیل لە زۆربەی بنكە سەربازییەكان و فرۆكەوانییەكانی ئەوان هەیە شان بە شان لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا و ناتۆ بۆ نموونە بنكەی سەربازی " ئانجەرلیك" كە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكایە لە جیهاندا و هەرلەوێشەوە. هێزەكانی سەرپەرشتی شەڕوهاوكاری لۆجیستی دابین دەكەن بۆ ئەفغانستان و تا دەگاتە پاكستان و بەشێكیش لە هیندستان و وڵاتی خۆشمان بەشێكە لە چاودێری ئەمریكی و هەروەها وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و كۆمارە كۆمەنیستیەكانی یەكێتی سۆفیتی پێشوو !!
ئەمەی لەم پێشەكیەدا نووسیمان كورتە باسێكی ئەم قەیرانەی ئێستای ئیسرائیل توركیایە، بەڵام ئەم هەڵوێست وەرگرتن و ساردی سڕی و ئاڵۆزییە ی نێوان ئیسرائیل و توركیا باگكراوندەكەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵێك لە مەو بەر بەتایبەتی دوای هاتنە سەر كاری پارتی گەشە ودادپەروەری بە سەرۆكایەتی (ئۆردوغان) كە هەڵگری هزرێكی موحافزكارانەی ئیسلامیە !! لە بنەڕەتیشدا دژ بە هزر و فەلسەفەی عیلمانیەتی "كمال ئەتاتوركە" كە بنەما وسەرەتاكەی ئەو دایناوەو دایڕشتووە بۆ سیستەمی حكومڕانی و دەسەڵات لە كۆماری نوێ ی توركیادا .دیارە هاتنی ئیسلامیەكان بۆ سەر كورسی دەسەڵات كۆمەڵە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە توركیا خوڵقاند. لە زۆر بوارو ڕووەوە بۆ نموونە لە بواری كۆمەلایەتی گەڕانەوەی پەچەی ئیسلامی و مانتۆ و جل و بەرگی خەلیجی وئێرانی و یەك دنیا لە خوو ڕەوشت و ڕووپۆش و ڕواڵەتی ئیسلامگەرایی و عارەبگەرایی و عوسمانلێتی و كۆمەڵ گەلێك یاسا وڕیسا وبریارییان بۆ ئەو مەبەستە دەركردوە لە هەمان كاتدا لە بواری ئابووری توركیا نرخی دراووی خۆی بەرز كردەوەو سفری شەشی لە سەر دراوەكەی لابرد و سیستەمێكی نوێی مامەڵەی هێنایە كایەوە . بەڵام پتر لە (75) ملیار دۆلار قەرزی كەڵه‌كە بووی لە سەرە كە رۆژ بە رۆژ ئەو بڕە قەرزە لە زیاد بووندایە ، هەرچەندە توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە كەمتر زەرەرمەند بووە لە چاو وڵاتانی ترەوە لەم كریسە ئابوورییەی ، ئێستا جیهانی گرتۆتەوە. لە سەر ئاستی پەیوەندییەكانیش توركیا توانیوێتی تۆڕێكی گەورەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عارەبی و ئیسلامی پەرەپێدات و هاوكات پەیوەندییە سیاسی و ئابووریەكانیشی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا تا دەگاتە ئوسترالیا و دەریای هێمن و وكاریبی فراوان و گەورە بكات و گەشەییان پێ بدات !! لەمەش گرنگتر توركیا لە ئەمرۆدا پەیوەندییەكی توند و تۆڵی بازرگانی و ئابووری و ڕۆشنبیری و سیاسی هەیە لەگەڵ ئێراندا، هەروەها پەیوەندییەكانی توركیا زۆر پتەو و فراوان بووە و دەتوانین بڵێین تا رێژەیەك لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست وەك ئازەربایجان و تاجیكستان و توركمانستان و ئۆزبەكستاندا بەرزبۆتەوە بۆ ئاستێكی بەرز و بەرچاوو ، لە هەموو ڕوویەكەوە وهەروەها توانیوییەتی دوژمنایەتی مێژوویی خۆی لەگەڵ ئەرمەنستان بگۆریت بۆ پەیوەندی دۆستایەتی و هاوسێتی چاك . ئەمە جگە لەوە توركیا رۆڵی گرنگی لە سەر ڕەوشی سیاسی عێراق و باشووری كوردستان و ئەفغانستان هەیە . هەروەها لە میانگیری وتوێژەكانی نێوان سوریاو ئیسرائیل ، توركیا بزوێنەرو هاندەربووە و سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی نێوانیانی كردووە .
دیارە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا وئیسرائیل كە كرۆكی ئەم ووتارەمانە . بە گەلێك پەرەسەندن و تەسك بوونەوەدا تێ پەڕیوە . واتە ساردی و گەرمی بەخۆیەوە بینیوە . بەڵام ئەو پەیوەندییانە زۆرتر تێكچوو لە بەر چەند هۆكار و فاكتەرێك ، لەوانە بڵاو كردنەوەی زنجیرەی درامای تەلەفزێونی بەناوی (دۆڵی گورگەكان) كە لەو زنجیرەیەدا ڕۆڵێكی نێگەتیفی ئیسرائیل و دوو كاربەدەستی ئیسرائیلی بە پلە ی ئەفسەر نیشاندەدا ، كە سەرپەرشتی باندێكی مافیای فڕاندنی مناڵان دەكەن، بەو هۆیەوە ئیسرائیل باڵیوزی توركیای لە تەلئەبیب بانكردو ناڕەزایی حكومەتی ئیسرائیلی پێ ڕاسپارد بۆ خۆی و بۆ حكومەتەكەی و وەك دەزگاكانی میدیا بڵاوییان كردەوە هەڵسوكەوتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل زۆر ناشرین بووە و دوور بووە لە هەموو داب و نەریتێكی دیبلۆماسی و میوانداری . لەو كاتەوە ئیتر هێرشی ڕاگەیاندن زۆر توندو گەرم و خەست بوو لە نێوان هەردوولادا، هەر پار ساڵیش لە نێوان گفت گۆكانی كۆربەندی ئابووری لە " دافۆس " سویسرا . دەمەقاڵی ڕوویدا لە نێوان سەرۆكی ئیسرائیل " شەمعون پیریس "كە ئەمەش لە ئاكامی پەرچەكرداری توركیا بوو بەرامبەر بەو هێرشەی ئیسرائیل كردیە سەر كەرتی غەزە لە فەلەستین . چونكە توركیا و سەرۆك و سەرۆك وەزیران و حزبەكەی ئۆردغان زۆر بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی و سەركۆنەی ئەو هێرشەی ئیسرائیلیان كرد بۆ سەر كەرتی غەزە و رۆلی گرنگیان بینی بۆ وەستانی هێرشەكە و كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئیسرائیل و دواتریش هاوكاری مادی و معنەویی زۆری دابین كرد بۆ دانیشتوانی غەزە كە ئەمڕۆ لەلایەن رێكخراوی "حەماس "ی خاوەن هزری ئیسلامی سیاسی تووندڕەوەوە حوكمڕانی دەكرێت، ئەم ڕۆلە بەرچاوەی توركیا لە هەموو قەیرانی شەڕەكە ولە وەستانیشیا ئیسرائیلی تووڕە كرد هەتا ئەو ئاستەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل (لیبرمان) بە ئاشكرا لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی ئیتر پێویستمان بە ناوبژیوانی توركیا نیە . چونكە دەركەوت میانگیرێكی بێلایەن نیەو بەڵكو تەرەفداری دەكات، بۆیە هەوڵەكانیشی بە پێوویست نازانین !
ئێمەش وەك دەزگای ئیسرائیل كورد . كە هەمیشە دەمانەوێت دەزگایەكی دیارو بەرچاوبین بۆ لایەنگیری ئاشتی و سەقامگیری ڕەوشی سیاسی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی و توركیاش بەتایبەتی بۆیە داوا لە هەردوو لایەنی كێشەكە دەكەین كە بە عەقڵ و مەنتق ئەو ساردییە لە پەیوەندییەكانیاندا هەیە و روویداوە چارەسەری بكەن و پێمان وایە هەردوو دەوڵەت دوو فاكتەری بە هێزو گەورەی سیاسی و ئابووری و سەربازیین لە ناوچەكەدا بۆیە دەبێت كۆتایی بەم قەیرانە بهێنن ،چونكە هەر كریس و كێشەیەكی لەو جۆرە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لە سەر سەرجەم ناوچەكە و گەلان و نەتەوەكانی تر و هەروەها وڵاتانی تریش. لە نێویاندا نەتەوەی كورد. جا لەم ڕوانگەیەوە ئێمە لە دەزگای ئیسرائیل- كورد بە پەرۆشەوە داواكارین كە ناوچەكە ئارام بكرێتەوە . چونكە ناوچەكە خۆی لە ئیستادا لە قەیران و كێشە و شەڕ و شۆڕ ودایەو مەترسی زۆری تێدایە كە پێمان وایە ناوچەكە ناتوانێ لە مە زێتر خۆی رابگرێت لە بەردەم قەیران و كێشەی ئاڵۆز تردا. بۆیە هیوادارین ئەو پەیوەندییانە بگاتەوە بە ئاستێكێ چاك و پتەو بكرێتەوە كە لە خزمەتی گەل و نەتەوەكاندا بێت و لەخزمەت ئاشتی و پرۆسەی دیموكراسیە تدابێت چونكە گەلی ئیسرائیل و گەلانی توركیا دۆستی یەكترن ، كە نابێت ئەم دۆستایەتیە بشێوێنرێ یان لەكەدار بكرێت و پێشمان وایە بەردەوامی قەیرانەكە زۆر زەرەر دەگەێنێ بە توركیا و رۆڵی لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهان بە تایبەتی و لەگەڵ ئەمەریكا و هەروەها وەرگرتن و ئەندامیەتی توركیا لە یەكیەتی ئەوروپا چەند قۆناغ و فەرسەخ دوور دەخاتەوە . هەروەها لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابووری و بازرگانیەوە گەلێك زەرەمەند دەبێت . بۆیە پێش ئیسرائیل دەبێت توركیا بە خۆ بكەوێت و پەلە بكات لە گەڕانەوەی پەیووەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ، چونكە بە دڵنیاییەوە دەیڵێن .توركیا هەمیشە پێویستی بە ئیسرائیل دەبێت ، سەرەڕای ئەوەی هەردوو لایان كۆمەڵەگەلێك بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی وبازرگانی كۆیان دەكاتەوە ، ئێمەش لە دەزگای ئیسرائیل-كورد داواو هاوكارو لایەنگیری چاككردنەوەو بەرەو پێش بردنی ئەو پەیوەندییانەین .هەروەها
ئێمە لە دەزگای ئیسرائیل كورد .
پێمان وایە كە سیاسەت و پەیوەندییەكان و بەرژەوەندییەكان هەمیشە لەو ڕوانگەیەوە ببینین و هەڵی سەنگێنین و مامەڵە لەگەڵدا بكەین، كە كاتی و دەمی نەبێت، بەڵكو درێژ خایەن و هەمیشەیی بێت.بۆیە هەر بۆچوونێك لە سەر هەر كێشەیەكی كە لە نێوان وڵاتان و حكومەتەكاندا روودەدات، ئێمەی كورد نابێت بەپەلە و بێ بیركردنەوە. ڕاو بۆچوون وستراتیژیەتی خۆمانی لە سەر بنیاد بنێن ، ئەمە جگە لەوەی كە ئێمە هەمیشە جەخت لەسەر ئەوەدەكەینەوە كە توركیایەكی دیموكراسی و كراوەو مۆدێرن بۆ ئێمەی كورد باشە و هەروەها وڵاتێكی وەك ئیسرائیلی بە هێزو و خاوەن تواناش پاڵپشتە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران و حكومەتە ملهوڕو دیكتاتۆرییەكانی ناوچەكە یان چاویان لێ بكەن و یان خۆیان چاك بكەن، یان لێی بترسن و نەوێرن گەل و میللەتانی وڵاتانی خۆیان جینۆساید بكەن ، ئەمە جگە لەوەی كە بۆ یەكیتی ئەوروپا و ئەمریكا و هەموو جیهانی دیموكراسیەت و ئاشتی پەروەر و مرۆڤدۆست و ئازادیخواز زۆر گرنگ و باشە و جێگای دڵخۆشیە كە دوو وڵاتی وەك و توركیا وئیسرائیل كە قورسایی و پارسەنگی خۆیان هەیە لە سەر ئاستی جیهان پەیوەندیی باش و تووندو تۆڵیان هەبێت !!
لەگەڵ ئەوەشدا بە هەلی دەزانین ، كە سوپاس وستایشی رۆڵی بەڕێز " شەمعون پیریس " سەرۆكی دەوڵەتی ئیسرائیل بكەین كە زۆر بە بەرپرسیارییەتیەوە دەخالەتی كرد لە كێشەكە وتوانی رەوشەكە ئارام و هێور بكاتەوە ..!!!

داود باغستانی
سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد
www.israelkurd.com
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست