لابردنى بەرزانى ئەحمەد كوردە و دانانى هێرۆى ئیبراهیم ئەحمەد لە مەڵبەندى سلێمانى
19/12/2009, 12:00 (GMT+1)

هەرچەندە بەرزانى ئەحمەد كوردە بە هەڵبژاردن داندرا بە ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى مەڵبەندى سلێمانى و بە كەسێكى جەماوەرى ناسرابوو، بەڵام یەكێتیى و نەیارەكانى كەوتنە تەققە لێى و هەوڵى ناشرینكردنى ئەویاندا، ئەمەش لە كاتێك دێت كە ناوبراو چەندین وتاری دژى گەندەڵى دەنووسى و لە هەوڵى جوانكردنى ئەو رووە ناشرین و دزێوەى یەكێتیى بوو لە شارەكە، بەڵام بە دەسخۆشیەوە بۆ تاڵەبانى و یەكێتیى كە نەیانهێشت ئەو مەرامەى بەرزانى ئەحمەد كوردە بێتە دى و روویەكى جوانى بە یەكێتیى ببەخشێت، خۆیان بە دەستى خۆیان دوو هێندەى تر بە دانانى هێرۆى ئیبراهیم ئەحمەد بە بەرپرسى مەڵبەند یەكێتییان ناشرینتر كرد، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەندامانى یەكێتیى ئەو ترسەیان لە دڵدا چەقى كە چیتر هەڵبژاردن و دیموكراسیەت و رەئى ئەندامان هیچ سەنگێكى نییە، بەڵكو تەنها بڕیارەكان تاك لایەنەن و لە سەروو چى بڕیار درا، هەر ئەوە دەبێت.

ئەوان بە دانانى هێرۆ پێیان وایە كە دەتوانن گۆڵ لە گۆڕان بكەن، هاوكات ئەندام و لایەنگرانى گۆڕان بۆ ناو یەكێتیى پەلكێش بكەنەوە، بەڵام بەو سیاسەتە سەقەتەى یەكێتیى دوو هێندەى تر رقى ئەندامان و لایەنگرانى لە خۆى ورژاند، چونكە هێرۆ هێندە مەحبووب نییە تا خەڵكى بڕۆنە بەر دەرگاى مەڵبەندەكەى و ئینتیماى خۆیان بۆ یەكێتیى دەرببڕن، كێشەكە لەوەدایە كە بە بوونى بەرزانى ئەحمەد كوردە كە بە كەسێكى جەماوەرى ناسراوە، یەكێتیى شكستى هێنا چ جاى هێرۆ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









