<

لیژنەی لێكۆڵینەوەی كەیسی شەهید سەردەشت عوسمان خەریكی چەواشەكارییە نەك لێكۆڵینەوە

17/09/2010, 12:00 (GMT+1)

دوای ئەوەی دوێنێ ئەو لیژنەیەی بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە دووەمین راگەیاندنی سەبارەت بە كەیسی تیرۆركردنی شەهیدی رۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان) بڵاوكردەوە، رای گشتی كوردستان و جیهانی توشی شۆك كرد و جگە لە كۆمەڵێك رستەی چواشەكارانە شتێكی ئەوتۆمان تێیدا بەدینەكرد.
ئێمە لە (كەمپینی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەبڕین) بە راشكاوی رایدەگەیەنین كە ئێمە هیچ متمانەیەكمان بەو لیژنەیە نییە كە تەواوی ئەندامەكانی لە بەرپرس و دەرەجەدارانی دەزگای پاراستن و ئاسایشی پارتی پێكهاتووە. تەواوی ئەو راگەیاندنە ئیدانە دەكەین و رەتی دەیكەینەوە چونكە تەنانەت یەك وشەی راستیشی تێدا نییە.
بەروونی ئەوە دیارە كە ئەو راگەیەیاندنە جگە لە سیناریۆیەكی ئاسایشی پارتی بۆ چەواشەكاری لە كەیسی شەهید سەردەشت عوسمان هیچی دیكە نییە. بۆیە تەواوی ئەو بەیاننامە لە چیرۆكێكی هەڵبەستراوی خەیاڵێكی نەخۆش دەچێت.
دانەپاڵی تۆمەتی تیرۆریست بوو بۆ شەهید سەردەشت هەوڵێكی نەزۆكی ئاسایشی پارتییە، هەروەك بە روونیش ئەوە دەبینرێت كە راگەیاندنەكە ئەوە رەت دەكاتەوە كە سەردەشت عوسمان رۆژنامەنووس بووبێت و بە قوتابی پێناسەی دەكات.
ئێمە هەر لە سەرەتاوە پێمانوابووە ئەو لیژنەیە خەریكی چەواشەكارییە لە كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان نەك لێكۆڵینەوە. دوای ئەوەی لە راگەیاندنی یەكەمیشدا چەندین چەواشەكارییان بڵاوكردەوە و بانگهێشتی سەرنووسەری چەند دەزگایەكی ئەهلییان كرد بۆ لێپرسینەوە، بۆ خەڵكی كوردستان و تەواوی ئازادیخوازان روونبوویەوە كە پارتی لە هەوڵی بەلاڕێدا بردنی كەیسی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانە.
ئێمە وەك كەمپینی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەربڕین داوا لە رێكخراوە مرۆڤدۆستەكان دەكەین كە هەوڵی پاراستنی ژیانی تەواوی ئەندامانی خێزانی شەهید سەردەشت بكەن كە ئێستا دانیشتووی هەولێرن و لەژێر دەسەڵاتی پارتیدان.
هەروەها دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی بنەماڵەكەیان و پێمانوایە ئەوەی ئاسایشی پارتی لەو راگەیاندنەدا باسی دەكات هەڵبەستراوە و راستی تێدا نییە، بۆیە هەر راگەیاندنێكی دیكەی ئەو لیژنەیە جێگای گومانە و تەنیا بۆ شاردنەوەی راستی ئەو مەسەلەیە كە سەردەشت عوسمانی لەسەر تیرۆركراوە كە نوویسن و رۆژنامەنووسییە.
كەمپینی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەبڕین
هەولێر
16/9/2010

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست