بەیاننامەى ناڕەزایی لەلایەن رۆژنامەنووسان (لەتیف فاتیح فەرەج و رابەر رەشید)ەوە دەستدرێژیكردنە سەر بەڕێز (ئەحمەد تورك) دەستدرێژیكردنە بۆ سە
15/04/2010, 12:00 (GMT+1)

ئێمەش وەكو دوو رۆژنامەنووسى باشوورى كوردستان لە شارى كەركوك، ئەو دەستدرێژییە رەگەزپەرستانەیە بۆ سەر كەسایەتییەكی ناسراوو بوێری نەتەوەكەمان پرۆتیستۆ دەكەین و ناڕەزایی و بێزارى خۆمان لە ئاست ئەو كردارە نامرۆڤانەیەدا دەردەبڕین و داوا لە تێكڕاى رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و نووسەران و سەرجەم تاكە هوشیارەكانى گەلەكەمان دەكەین، بەتایبەتى لە شارى كەركوك كە لە هەمبەر ئەم تاوانە قێزەونەدا دەنگى ناڕەزایی هەڵببڕن و هەریەكەو لەلایەن خۆیەوە ئەو تاوانە چەپەڵە پرۆتیستۆ بكات.
ئەم دەستدرێژییە لەكاتێكدایە كە گەلى كوردستان لەم باشوورە نیمچە ئازادەیدا لە خەمى یادكردنەوەى تاوانى شاڵاوە بەدناوەكانى ئەنفالدایەو سەرقاڵى هێنانەوەو دووبارە ناشتنەوەی روفاتى منداڵە ئەنفالكراوەكانێتى، كەچى لە باكووری كوردستان رەگەزپەرستان چاویان بە كەسایەتییە دڵسۆزو بوێرەكانى وەكو بەڕێز ئەحمەد تورك و سیمبولى بەرخۆدانى نەتەوەییانەى كوردستان لەیلا زانا هەڵنایەت و لەولاوە ئەو دایكە میهرەبانە سزاى زیندانى دەدات و لەملاوەش لە رێگاى چەقۆوەشێنە تۆرانییەكانییەوە، پەلاماری گەورە تێكۆشەرێكى وەكو ئەحمەد تورك دەدات. لەلایەك سەركردایەتى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلەكەمان لە باكوورى كوردستان و لەبەر رۆشنایی پێشنیارەكانى بەڕێز ئۆجەلان گروپى ئاشتى لە قەندیل و مەخموورەوە رەوانەى ناو توركیا دەكاتەوەو بۆ چەندەمین جار ئاگربەستى یەكلایەنە رادەگەیەنێت، كەچى لەولاوە دەسەڵاتدارانى توركیا، منداڵان راپێچى زیندانەكان دەكەن و بە تۆپ و تەیارە وەڵامى بانگەوازى ئاشتیخوازانەى كوردستانیان دەدەنەوەو هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان و هەڵسووڕێنەرانى رۆژنامەى (رێیا ئازادى)و هونەرمەندو نووسەرو رۆشنبیرانى خەمخۆرى دۆزى كورد لە باكوورى كوردستان دەكەن و هەوڵى تیرۆركردنیان دەدەن. بەوەندەشەوە ناوەستن و لەناوجەرگەى ئۆروپاى بەناو دیموكراسیدا بەهاوكارى پۆلیسى بەلژیك پەلامارى رۆژى كوردان (رۆژ تیڤى) دەدەن و كەسایەتییە ناسراوەكانى كورد زیندانى دەكەن.
ئێمە دڵنیاین ئیرادەى پۆڵایینى گەل سەردەكەوێت و داگیركەرانیش جگە لە ریسوایی هیچیتریان بۆ نامێنێتەوە.
سەروەرى بۆ دۆزى رەواى گەلەكەمان لە باكوورى كوردستان و گەورەییش بۆ بەڕێز ئەحمەد تورك و تێكڕاى تێكۆشەرانى گەلەكەمان و نەفرەتیش لە داگیركەران.
رۆژنامەنووسان
لەتیف فاتیح فەرەج
رابەر رەشید
كەركوك 14/نیسانى 2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









