دیـــســـانــەوە پـــەرلــــەمـــان و دانــــیــشـــتــــنــــی نـــائــــاســـــای !!!!!!
16/08/2011, 12:00 (GMT+1)

چەند کاتژمێرێک بەر لە نووسینی ئەم بابەتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لە ئەکاونتی ئەندام پەرلەمانی کوردستان ، بەڕێز (عەبدوڵای مەلا نوری) نوسراوێکم خوێندەوە کە باسی لە دانیشتنی نائاسای پەرلەمانی کوردستان کردبوو، هەر لەو نوسراوەدا بەڕێزیان داوای سەرنج و بۆچونی هاوڕێیانی کردبوو ، لەسەر (دوو) تەوەر کە پەرلەمانی گەیاندبووە حاڵەتی نائاسای ،
یەکەم: گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەن لە لایان ئێرانەوە .
دووەم: کێشەی ئەو ناوچە دابڕێنراوانەی کە ماوەیەکە گرووپە شۆفێنیەکان لەڕیگەی کردەوەی تیرۆرستی و شەهید کردنیانەوە هەڕەشە لە خێزانە کورد نشینەکانی ئەو ناوچانە دەکەن .
من دەستخۆشی لە بەڕێزیان دەکەم کە هیچ نەبێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشەوە بێت هەوڵ ئەدات بێ بۆچونی گەنجان نەچیتە دانیشتنێکەوە کە سەرۆکی پەرلەمان ناوی ناوە دانیشتنی نائاسای ، بەڵام لەم کاتەدا شتێکی خۆشم بیر کەوتەوە حەزم کرد ئەویش لەگەڵ بابەتەکەمدا بنووسمەوە ،
جارێک مناڵێک بە باوکی ئەڵێت باوە ڕاستە ئەڵێن ماڵێ نەنکم (دایکی دایکم) چاڵێکی گەورە لە بەردەرگاکەیاندا هەبوو ڕۆژێک باوە حاجی تێئەکەوت و ئەمرێت . باوکە ڕووی کردە کوڕەو وتی وەڵا کوڕم نازانم چیت بۆ ڕاست بکەمەوە و لە کوێوە دەست پێ بکەم ، ماڵی دایکی دایک نەبوو ماڵی دایکی من بوو ، چاڵ نەبوو بیر بوو، لەبەر دەرگا نەبوو لە حاوشە بوو ، ڕۆژێکیش نەبوو شەوێک بوو ، باوە حاجیش نەکەوتە ناوی دایەحاجی کەوتە ناوی ، نەشمرد بەس قاچێکی شکا و دوای چەند ساڵێک بە پیری مرد ،
مەبەستی منیش لێرە ئەوەیە ، نازانم لە کوێوەو لە کام کارەساتەوە دەست پێبکەم ، نە دانیشتنەکەتان نائاساییە ، نە ئەو کێشانەش هێندە ئەهمێتی هەبووە لای دەسەڵات تابیکات بە تەورێکی گرنگ و خەڵکی پێ بگەوجێنێت لەم کاتەدا ، نە وەزعی کوردستانیش هی ئەوەیە لەم کاتەدا ئەندامانی پەرلەمان چەندمانگێک پشویەکی دوور و درێژیان هەبێت و دەیان کێشەی هەڵ پەسێردراو جێبهێڵن ، نە وەزعی کوردستانیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشبوون ئەچێت وەک خۆیان باسی لێوە ئەکەن ، بگرە دووبارە لە ئان و ساتی دروست بوونەوەی دەربڕینی ناڕەزایدایە ،
یەکەم باستان لەسەر گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەنە ، بە بۆچونی من گەر دەسەڵات دارانی کابینەکانی ئێستاو هەتا خوارەوەش گرنگیان بە ئاوی ئەڵوەن و خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان بدایە ، پێش سەر هەڵدانی ئەم گرفتانەو گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەن لەلایەن ئێرانەوە هەنگاوی جدیان دەناو بەربەست یاخود (خەزنگەی) ئاویان درووست دەکرد، ئەوکات نەخەڵکی ئەو ناوچانە توشی گرفتی کەم ئاوی و نەخۆشی ئەبوون و نەخۆشتان بانگ ئەکرانەوە بۆ دانیشتنی نا ئاسای لە گەرمەی پشودا ،
دووەم باستان : لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانە کە خێزانە کوردەکانی تیا شەهید دەکرێت و ڕۆژانە بەردەوام لە لایان شۆڤێنیەکانەوە هەڕەشەی مەرگ لەسەر ژیانیانە . لەڕاستیدا ئەم باسەشتان هەر نائاسای نیەو شتگەلێکی ئاسایە ، ئەمەش هەر باجی ڕیکەوتنی سیاسی نێوان پەرتە فەرمان ڕەوا خۆماڵیەکانە ، لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی عێراق بەرامبەر بە مادی و مەسڵەحاتی تاک لایانە و لە بری پێداگرتن ،چاوپۆشـــــــــی کردن لە زۆر خاڵی گرنگ کە لە بنەڕەتدا هاوسانگن لەگەڵ شەرەف و ناموسی هەرتاکێکی کۆمەڵگاکەماندا ، ئەگینا لە سەرەتای یەکەم دانووسانی نێوان کورد و عەرەبدا و هاتنە کایەی مادەی 140ی دەستووری عێراقدا دەبوایە ئەو ناوچانە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمدا بوونایە ، زیاتر لە 5 ساڵە تەنها لە دوو حاڵەتدادەسەڵاتدارانی هەرێم مادەی 140ی دەستوری ئەدانەوە بە ناوچاوانی دەسەڵاتدارانی عێراقدا و باسیان دەکات ، یان(ئینتیخابات و بانگەشەی حیزبی بۆ نیشاندانی دڵسۆزی خۆیان لای میلەت ، یان لە کاتی پینە کردنی کۆمەڵێک گرفتی ناوخۆی)دا ، ئەگین هەنووکە ئەو کێشانەشمان نەئەبوو دیسان نە پێویستی بەم دانیشتنە بەناو نائاساییە دەکرد نەپێویستی بە ناردنی هێزی پێشمەرگە و لیوا ئەکرد بە بڕیاری سەرۆکی هەرێم بۆ ئەو ناوچە کوردیە بە دابڕێنراو کراوانە ، بۆیە هۆکاری نائاسای نەبوونی دانیشتنەکانتانم بۆ ئەم ڕوونکردنەوانە گێڕایەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









