لەم هەرێمە بێ خاوەنە هەر تۆپبارانە!!!
30/07/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەم میللەتە خێر لەخۆ نەدیوەى ئێمە بۆنى بارووت و دەنگى تەقە و تفەنگ و تۆپى لێنابڕێ و تائێستا نەیتوانیوە بەئیسراحەت و بێ گرفت ژیان بەسەرببات و ئۆخەى بكات ؟ لەهەمووى سەیرتر ئەوەیە ئێمە شتێكمان بەناوى هەرێم و سەرۆك و حكومەت و پەرلەمان و وێڕاى سوپایەكى گەورە كەلەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست وێنەى نییە بەڵام بێدەنگى ئەم لایەنانە لەبەرامبەر تۆپبارانى بەناو دراوسێكانمان و خوێن رشتنى هاونیشتمانان و هاوزمانمان دەمانكوژێت ، هەڵكردنى گڵۆپى سەوز بۆ ئێران و توركیا بۆتۆپبارانى ناوچەسنورییەكان و كوشتنى گەریلاكانى پژاك و پەكەكە كارێكى ناڕەوایە و ناكرێت ڕێگە بدرێت كورد بكوژرێت بەم ئاسانیە ، هەموو لایەك دەبێت لەوە دڵنیابێت ئەم حكومەتەى ئێمە و ئەم هەرێمە بۆبنیاتنانى دەوڵەتى كوردى پێویستى بەپەكەكە و پژاك هەیە و ئەوانیش نوێنەرى هاوڵاتیانى كوردى پارچەكانى ترى كوردستانى لەت لەتكراون ، ئاخۆ دەبێت سەركردەكانى ئەم هەرێمە ئەوەیان بیرچوبێتەوە كەئەوانیش وەكو پژاك و پەكەكە رۆژێك لەڕۆژان لەچیا و دۆڵ و شاخ و پێدەشتەكان بوون لەگەڵ رژێمى بەعس دەجەنگان ؟ بێگومان ئەگەر لەبیریشیان كردبێت یان لەبیرى خۆیان بردبێتەوە ئەوا دەكرێت بەبیریان بێنینەوە،بۆدەبێت هەموو مێژووى كورد بەدەر نەبێت لەپەرەگرافێك كەباسى دژایەتى كورد بەرامبەر كوردبكات؟ كەى رۆژێك دادێت كوردەكانى هەموو پارچەكان هاوهەڵوێست بن ؟ دەبێت ئەم سەركردانەى ئەم هەرێمە ئەوەندە بێباك بن لەكوشتن و خوێن رشتنى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە و ئاوارەكردنى گوندنشیانى ناوچە سنوریەكان؟ ئێمە كەتائێستا نەتوانین سنورەكانى خۆمان بپارێزین شەرمە باسى دەستور و سەربەخۆیى و خۆبەرێوەبردن و دیموكراسى بكەین ، بۆ دەبێت بۆدژایەتى ناوخۆ ئەوەندە بەهێز بین بەڵام بۆدەرەوە بێدەنگبین ؟ بۆدەبێت بەرپرسانى ئەم هەرێمە لەپێناو مانەوەیان لەسەر كورسیەكانیان و فەراهەمى بەردەوامى قاسە و كاسەكانیان و پاراستنى بەرژەوەندیە تاكە كەسیەكانیان هاونیشتمانیان گوللەباران بكەن و فەلاقەخانەیان بۆدروست بكەن و داركارییان بكەن و چالاكوانان و رۆشنبیران بڕفێنن ، بەڵام لە بەرامبەر تۆپبارانكردنى دەرەكى بێدەنگ بن ؟ سەدان خانەوادە ئاوارەبوون و سەدان خانەوادەش شەو تابەیانى لەترسى تۆبپاران خەو ناچێتە چاوەكانیان بەڵام ئەم حكومەتەى ئێمە بەردەوام سنورەكانى بەڕووى ئێران و توركیا ئاوەڵایە و ئامادە نییە بەرژەوەندییە بازرگانیەكانى تێكبدات ، لەهەمووى سەیرتر بۆداپڵۆسینى خۆپیشاندەرانى سلێمانى هێزیان لەناوچەكانى ناوەراست و باشوورى عێراق هێنا تا پێگە و بەرژەوەندیە حزبى و كەسییەكانیان تێك نەچێت بەڵام دەیان هەزار پاسەوانى سنور و هەرێم و پێشمەرگە والەماڵەوە نووستون و سەدانیان بن دیوارن بەس مووچە وەردەگرن و وادەزانن ئەم هەرێمەى ئێمە ووڵاتى سویدە و دونیا شامى شەریفە!!!ئەگەر ئەو لەشكرە زەبەلاحەى هەرێم و دەیان هەزار پاسەوانى سنور بۆئەمڕۆ و بۆپاراستنى دانیشتوانى ناوچە سنوریەكان نەبێت ئەى بۆ پێمان ناڵێن كاریان چیە و بۆكەى هەڵتان گرتوون ؟ بەس دەبێت ئەم هێزانە بۆشەڕى خۆبەخۆیى و ناوخۆیى بەكاربێت ؟ یان بۆململانێى ناشەریفى حزبایەتى؟ یان بۆپاراستنى قاسە و كاسە و كورسى بەرپرسان؟ باواز لەحكومەتى هەرێم بهێنین چونكە ئەوە دەیان ساڵە بێدەنگە بەرامبەر ئەم تۆپبارانانە ، بەس با بچینە بەغدا و بزانین ئەو هەموو پەرلەنتار و وەزیرە كوردە بۆبێدەنگن ؟ یان ئەوانیش مووچە زەبەلاحەكەیان بێدەنگى كردوون و دەڵێن خوا نانێكى داوە نەیبڕێت!!! دەبێت میللەتى كورد چاوى لەكێ بێت بیپارێزێت ؟ باشترین ڕێگا چارەى بەپەلە ئەوەیە كەدەبێت حكومەتى هەرێم ئەم هەنگاوانە ئەنجامبدات : 1/ دەركردنى قونسوڵى ئێران لەهەولێر . 2/ بانگهێشت كردنەوەى نوێنەرى حكومەت و سەرجەم لایەنە كوردییەكان لەئێران . 3/ داخستنى دەروازە نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ ئێران و قەدەغەكردنى هێنان و فرۆشتنى كەل و پەلى ئێرانى . 4/ نەفرۆشتنى نەفت و نەفتاوى قاچاغ بەئێران. 5/ تۆماركردنى سكاڵا لەدژى ئێران لەدادگاى لاهاى نێودەوڵەتى. ئەگەر هاتوو حكومەتى هەرێم ئەم هەنگاوانە بەزووترین كات نەهاوێژێ ئەوا نابێت چاوڕێى هیچى تر لەم حكومەتە بكرێت بەتایبەت لەبەرامبەر ماددەى 140 و ناوچە جێناكۆكەكان و داواكارى خۆپیشاندەران و هاوولاتیانى ئەم هەرێمە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









