بەرهەم ساڵح نابێتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم
16/07/2009, 12:00 (GMT+1)

بۆ ئەم قۆناغە ئەگەرچی پارتی ویەكێتی بەیەك لیستی هاوبەش "لیستی كوردستانی" بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەكەن، بەڵام پێشبینی وپێشهاتەكان روونیدەكەنەوە یەكێتی لەم خولەدا تەنازوولاتی پتر لەجارانی بۆ پارتی وبنەماڵەی بارزانی كردووە، ئەویش لەبەر دوو هۆی سەرەكیی. یەكەمیان بۆ ئەوەی تاڵەبانی بتوانێت پشتیوانیی پارتی وبنەماڵەی بارزانی بۆ خۆی وبنەماڵەكەی مسۆگەر بكات. دوەەمیان بەهۆی لیستی گۆڕانەوە لەنیوە زۆرتری بنكەی جەماوەریی یەكێتی لەگەڵ حزبەكەی خۆیان نەماون و بەردەوامیش ئەندامان وبنكەی جەماوەریی "ی ن ك" پەیوەندیی دەكەن بەلیستی گۆڕان وكۆمپانیای وشەوە. واتە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم شكستە.
تاڵەبانی كەخاوەنی تێڕوانین ورەفتارێكی مەكیاڤیلییانەیەو بەردەوام تەڵەو داوای گەورە دادەنێت بۆ سەركەوتن بەسەر نەیارەكانیدا، كەچی پارتی لەولاوە زیرەكتر یەكێتی بەرەو لاوازیی دەبات كە بێگوومان تاڵەبانیشی پێ لاواز دەبێت. لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا پارتی توانی پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ خولێكی ترو بۆ چوار ساڵی تر مسۆگەر بكات، ئەوەی دەمێنێتەوە پۆستی سەرۆكی حكومەتە، كە تائێستا دیارنییە ئایا بۆ كام لایان دەبێت؟.
دیمەنەكە جۆرێك لەشرۆڤەی تێدایەو گووتاری پارتیش جۆرێكی تر، هەموو ئەو شرۆڤانەش یەك ئاكام بەدەستەوە دەدەن، ئەویش ئەوەیە: پارتی ئامادەنییە بۆ خولێكی تر پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت بداتەوە بەیەكێتی وبەكاندیدەكەیان "د.بەرهەم ساڵح"، ئەمەش لەبەر هەندێكی هۆكاری سەرەكیی، یەكێك لەوانە پارتی دەزانێت یەكێتی ئەمڕۆ لەبەرامبەریدا لاوازە، بۆیە دەیەوێت ویستەكانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، لەلایەكی تر ئەگەر پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت بدرێـتەوە بەیەكێتی، نێچیرڤان بارزانی بێكار دەمێنێتەوە، چوونكە نێچیرڤان هەم خۆی بەگەورەتر لەمەكتەبی سیاسیی دەبینێت تا لەمەكتەبی سیاسیی درێژە بەچالاكیی بدات، هەم خەونەكانی نێچیرڤان وەك تاكەكەس لەیەك رێگەوە هاتۆتەدی ودەهێنرێتە دی ئەویش میكانیزمی حكومەت ومانەوەیەتی لەپۆستی سەرۆك وەزیرانیدا.
بەكورتییەكەی بارودۆخەكە بەشێوەیەكە یەكێتی كەمترین شانسی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یان بەمانایەكی تر د.بەرهەم ساڵح نابێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر بۆیە تاڵەبانی داوای لەساڵح كردووە كەوازنامە پێشكەش نەكات لەپۆستەكەی لەحكومەتی عێراقیدا، ئەمەش تەفسیری دەكات تاڵەبانی دەزانێت سەرۆكایەتی حكومەت بۆ حزبەكەی نییە یان راستتر بڵێین تاڵەبانی جارێكی تر بۆ بەرژەوەندیی كەسیی وبنەماڵەیی حزبەكەی دەكاتە قۆچی قوربانیی، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر یەكێتی لەلایەك نیوەی بنكە جەماوەرییەكەی لەگەڵیدا نەمابن ولەپەنا نەوشیروان مستەفادا ئاڵای گۆڕانیان هەڵكردبێت، لەلاكەی دیكەشەوە پارتی تەنانەت هەژموون بكات بەسەر بڕیاری مەكتەبی سیاسیی وخودی سكرتێری گشتیدا، چاوەڕێی چ پاشەڕۆژێكی لێدەكرێت؟. هیچ وەڵامێك بۆ ئەم پرسیارە نییە جگە لەبەرسڤی داڕمانی سیاسیی و یەكجارەكی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









