نەبوونی کارەبا و جەهالەت و بزماری نەعشی مافیا گەندەڵەکان
28/11/2011, 12:00 (GMT+1)

لاتان سەیر نەبێت کە ئەم ٣ زاراوەیەی سەرەوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەیەکەوە هەیە. کارەبا هۆکارێکە بۆ بەرچاو ڕوونی و خوێندنەوە و تەماشاکردن و موتابەعەکردنی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و بەستنەوەی مرۆڤەکان لە جیهاندا لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی وزە و گەرمی و ڕووناکی بەخشە.
لاتان سەیر نەبێت کە پێتان بڵێم لەماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا ئێمە لە سلێمانی تەنیا ١٠ کاتژمێر کارەبامان بووەو کەچی سەری مانگیش پارەیەکی زۆری پسوڵەی کارەبامان بۆ دێتەوە کە تەنیا ئەچێتە گیرفانی دەسەڵاتی مافیای کوردفرۆشەوە چونکە تەنیا ڕێژەیەك لە لە %١٧ی داهاتی بودجەی عێراق بۆ هەرچی خەرجی کوردستانە سەرف دەکرێ، ئیتر باسی داهاتی گومرگەکان و گرێ بەستە نەوتییە چەورەکان و باجی تاپۆ و ئاو وکارەبا و تەنکەرە نەوتەکان و هتد هەر مەکە، کە کەس نازانێت چ دەریایەك لووشی دەدات، بەرمیلێك نەوت لە بازاڕدا بە ١٢٠ دۆلارە لە کاتێکدا لە بازاڕی جهیانییدا بە ٨٠ دۆلارە.
پێش چەند ساڵێك ٢ کۆمپانیای بیانی پێشنیاری ئەوەیان لە لای دەسەڵاتدارانی کورد کرد کە لە ڕێی خاك و خاشاکی سلێمانییەوە هەموو کارەبای سلێمانی دابین بکەن و کۆمپانیاکەی تریش پێشنیاری ئەوەی کرد لە ڕێی دانانی پەروانەی گەورە لە سەر کێوەکانی دەوروبەری سلێمانی هەموو کارەبای سلێمانی دابین بکەن، کە هەردوو ئەم پرۆژەیە بۆ ژینگەش زیانمەند نین، کەچی وەڵامی مافیا گەندەڵەکانی دەسەڵات ئەوەبوو کە نیوەی داهاتەکەی دەبێت بۆ ئەوان بێت، ئەوە بوو هەردوو کۆمپانیاکە لە ئاکامدا پاشەکشەیان لێ کرد.
ئەو دەسەڵاتەی هەر لە هونەری مرۆڤ کوشتن شارەزایە و بە خیانەتە یەك لەدوای یەکەکان ماونەتەوە و کورسی دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە نەك تەنیا بە کەڵکی بەڕێوەبردن و دەمڕاستی کردنی خەڵکی ڕەش و ڕووتی کوردستان نایەن بەڵکو دەبێت هەموویان وەکو حوسنی موبارەك لە قەفەزی دادگایی میللەتدا ڕابوەستێنرێن، ئەمەش هیچ جارێك لە ڕێی دروشمی حیزبییەوە نایەتە دی ئەگەر میللەتی بەش مەینەتی کوردستان لە خۆ بووردوانە بیر لە پاشەڕۆژی خۆیان نەکەنەوە و بیر لەوە نەکەنەوە کە سەربەرزیی و مافەکان ئەبێت بسەندرێت و نابەخشرێت بۆ ئەمەش ڕاپەڕین و شۆڕش پێویستە تاکو بوون و دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی ئەو مافیایانە بێتە لەرزەو ئێمەش لاپەڕەیەکی نوێ دەربێنین و چیدی درۆ شاخدارەکانی ئەو دەسەڵاتە نەزۆکە گوێکانمان پڕ نەکات، کە لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوی حوکمی قەرەقۆشییاندا لە نەهامەتی و جەرگ بڕین و کاولکاریی و خیانەت و کاول کاریی هیچی ترمان لێ نەبینیوون. ٢١ ساڵە خۆیان بە حوکمەت ئەزانن و تا ئێستا نەیان توانیوە سادەترین مافی هاوڵاتی دابین بکەن کە کارەبایە و کەچی تەنانەت گۆڕەکانی کەس و کاری خۆیان شەو ڕۆژ کارەبای لێ نابڕێت.
بەڵێ کە ئێمە لە چەرخی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن و سەدەی ٢١ دا دەژین بێ بەشمان دەکەن لە کارەبا تاکو کەللەمان پوچ بێت و نەفام بین و خۆشیان وەکو ئاژەڵ مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن بەڵام نازانن میللەت ئەمڕۆ چاوی کراوەتەوە و ئەمە دەبێتە دوا بزماری تابووتی ئەو دەسەڵاتە نەزۆکه.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









