دواى بیست ساڵ لەیەكەم هەڵبژاردن ، پەرلەمانێكى لێوان لێو لەحیزب
20/05/2012, 12:00 (GMT+1)

بیست لەمەوبەر و لە19ى ئایارى ساڵى 1992 و دواى ساڵێك لەراپەرینى گەلى كورد لەدژى دامەزراوە تۆقێنەرەكانى رژێمى بەعسى لەناوچوو بۆیەكەم جار هاووڵاتیانى هەرێمى كوردستان روویانكردە سندوقەكانى دەنگدان و بۆیەكەمجار هاووڵاتیانى هەرێم لەدواى راپەرین لەرێگەى سندوقەكانى دەنگدانەوە نوێنەرەكانى خۆیان هەڵبژارد لەگەڵ ئەوەى ئەم هەڵبژاردنەش تائێستا و دواى بیست ساڵ ئەنجامە راستەقینەكەى رانەگەیەنراوە ، گرنگ لەوەدانیە دەرەنجامى ئەم هەلبژاردنە چۆن بووە بەڵام ئەوەى لەهەمووى گرنگترە بۆئێمەى تاكەكانى كورد دامەزراندنى پەرلەمانى كوردستان بوو ، لەگەڵ ئەوەى پەرلەمانى كوردستان بەرهەمى خوێنى هەزاران شەهیدى ئەم هەرێمەیە بەڵام ئەوەى جێگاى داخە دواى بیست لەیەكەم هەڵبژاردن و دامەزراندنى پەرلەمانى كوردستان تائێستا پەرلەمان نەبۆتە مەرجەعى هاووڵاتیانى كوردستان بەڵكو بۆتە سەنتەرێكى لێوان لێو لەحیزبى ، وەكو لاى هەموو تاكەكانى ئەم هەرێمە روون و ئاشكرایە زۆرجار لەپرسە نەتەوەیى و چارەنوسسازەكان هیچ سەنگێك بۆپەرلەمانى كوردستان دانانرێت و بۆچارەنووس لەبریارە گرنگەكان پەرلەمانى كوردستان سەنگى مەحەك نیە ، ئەوەى لەهەموویان زیاتر تاكەكانى ئەم هەرێمەى نیگەران كردووە لێوان لێو بوونى پەرلەمان لەجوڵانەوەى ئەندام پەرلەمانەكان بەئاراستە حیزبیەكان بەجۆرێك زۆرجار بەهۆى ناكۆكى سیاسى و حیزبى كوتلە جیاوازەكانى نێو پەرلەمانى كوردستان بەرژەوەندییەكانى خەڵك لەبەرچاوناگیرێت و زۆرجاریش هەر لەسەرەتاى پێشكەشكردنى هەندێك پرۆژە یاسا و بەرلەخوێندنەوە بۆكردنیان بەسانایى ئەوە دەزانرێت كەچارەنووسى ئەم پرۆژەیە پەسەندكردنە یان رەتكردنەوەیەتى چونكە وەكو دەبینرێت زۆرجار فراكسیۆنەكانى ئۆپۆزیسیۆن پرۆژەكانى فراكسیۆنى كوردستانى رەتدەكاتەوە و بەهەمان شێوەش زۆرجار فراكسیۆنى كوردستانى ئەو پرۆژانەى كەلەلایەن فراكسیۆنە ئۆپۆزیسیۆنەكانەوە پێشكەشكراوە رەتیان دەكاتەوە و دەنگیان پێنادات و واژوویان لەسەرناكات ئەمەش بەپێشێلكردنى مافى تاكەكانى ئەم كوردستانە دێتە ئەژماردن چونكە پرۆژەى هەرفراكسیۆنێك ئەگەر تەنها بۆبەرژەوەندى ئەندام ولایەنگرانى حیزبەكەى خۆیشى بێت ئاساییە لەلایەن كوتلەكانى ترەوە دەنگى پێبدرێت چونكە لەكۆتاییدا ئەندام و دۆست و لایەنگرانى سەرجەم حیزبەكان تاكى ئەم هەرێمەن و بەهۆى خوێنى شەهیدانى كەسوكاریان ئەم پەرلەمانەى كوردستان هاتۆتەبەرهەم ،ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەركردنە زۆرجار لەژێر سێبەرى ئەم پەرلەمانە شەرعیەت بەدرێژەدان بەگەندەڵى دەدرێتەوە و دەبێتە هۆكارێك بۆتەخشان و پەخشن پێكردنى قووتى ئەم میللەتە ، بۆیە ئەوەى گرنگە و لەسەر نوێنەرانى سەرجەم فراكسیۆنە جیاوازەكان ئەوەیە كەبەیەك دەنگ و بەیەك هەڵوێست كار لەسەر سەرجەم ئەو پرۆژانە بكەن كەبۆتاكەكانى ئەم هەرێمە گرنگە و بەگژ سەرجەم ئەو پرۆژە و بڕگانەشدا بچنەوە كەكەلێنێكن بۆگەندەڵى و بەهەدەر بردن و بەهەدەردانى سامانى تاكەكانى هەرێم و پەرلەمانیش ببێتە تاكە مەرجەعى دامەزراوەیى هەرێم و هیچ هێزێك و كەسێك نەبێت لەسەرووى پەرلەمانەوەبێت بەڵكو پەرلەمانى كوردستان دەنگ و رەنگى هەمووان بێت و تاكە سەرچاوەبێت بۆ یەكلاییكردنەوەى چارەنووسى پرسە چارەنوسسازەكانى هەرێم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









