ئەفسانەی میدیای ئەهلی لە کوردستان - هەندێ سەرخەت لەو بارەیەوە
03/11/2011, 12:00 (GMT+1)

[ بۆ ئەوەی لەهەر میدیایەک تێبگەین سێ پرسیاری سادە دەبێ بکرێ: ١. ئەو میدیایە جۆن کاردەکات. ٢. لە کۆمەڵگەدا بانگەشەی چ دەکات ٣. پشتگیری لە کام جۆری دەسەڵاتی کۆمەڵگە دەکات.(١)] لە "هارۆڵد ئەنیس"ەوە، بیریار و میدیاناسی کەنەدی ١٨٩٤-١٩٥٦
لیرەدا نە مەبەستم ستایشی میدیای حزبیە و نە مەبەستیشم شکاندنی ئەو میدیایەیە کە بە میدیای ئەهلی ناسراوە. لێرەدا زۆر کەم باس لە میدیای حزبی دەکەم چونکە لە لایەک باسەکەم زیاتر لەسەر ئەو میدیایە کە بە میدیای ئەهلی ناسراوە، لە لایەکیتریش، میدیای حزبی وەک هەر یەکەیەکی تری رێکخراوەیی حزبیە و باسکردن لەو دەبێ باسکردن لە حزبەکە بێت. جا بۆیە باسەکەی من لەسەر میدیایە، بە تایبەت، ئەو میدیایەی لە دەرەوەی قەوارەی حزبیەکەدایە.نوسینێکە ئەوەندەی بە هەندێ سەرخەت گەلالەم کردووە ئەوەندە بەرجەستەم نەکردووە لە بابەتێکی کامڵدا. گەر لوا لە ئایندەدا دەستی پێدەکەم. مەبەستم لە میدیای ئەهلی زۆرتر (هاوڵاتی و ئاوێنە و لڤین) دگریتەوە.
***
لە میدیای کوردیدا یەکبینە گوێ بیستی یەکبینە گوێبیستی دوو زاراوە دەبین. یەکیکیان ئەوەیە کە پێی دەوترێت میدیای حزبی و ئەوی دیشیان پێی دەوترێ (میدیای ئەهلی). ئاستی ئهم باسه له کوردستان به شوێنێک گهیشتووه که بۆته ههڵوێستێک له ئاسته کۆمهڵایهتیه سیاسیەکهیدا و بۆته هزرێکیش له ئاسته رۆشنبیریهکهیدا. خاڵی پرشنگداری میدیای ئههلی له ئاستی کۆمهڵایهتیه سیاسیەکهیدا ئهوهیه که میدیای ئههلی باسی گهندهڵی و دیارده دزێوهکانی تری دهسهڵات دهکات، بهڵام میدیای حزبی نایکات. له نێوهندی رۆشنبیریشدا ئهو هزره باوه گوایه له میدیای حزبیدا ئازادی رادهربڕین و بیر و بۆچونی ئازادانه نیه و میدیاکهیان تهواو له خزمهتی حزب و دهسهڵاتهکهیدایه . لێرهوه کڵێشهیهک دروست بووه، وادیارە که میدیای ئههلی له میدیای حزبی باشتر بێت، بەڵام ئەمە ئەوە رووکەشە و له ناوهڕۆکدا گهر کهمێک ورد تێی بڕوانین، لهوه ناچێ وابێت؛ بگرە، هەردووکیان لە یەک سەرچاوە ئاودەخۆنەوە. ئەو سەرچاوەیەش عەقڵی حزبیە، جا ئەو عەقڵە حزبیە چ لە قەوارەیەکی حزبیدا بێت یان لە چوارچێوەیەکی میدیاییدا بێت. گرفت و کێشەکانی میدیای ئەهلی لەگەڵ دەسەڵاتدا بە رێژەیەکی زۆر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت وەک لەوەی لە سەرکوتی ئازادی رۆژنامەگەری و دیموکراسیەوە بێت. دەسەڵاتی کوردی وەک هەر دەسەڵاتێکی تری ناوجەکە دژ بە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی راگەیاندنە بۆیە من گلەییم لەوە نیە کە بۆچی ئەم دەسەڵاتە وادەکات بەڵکو من گلەییم لەو میدیایەیە کە بۆ وادەکات.
ئایا میدیا ئەهلی کە زۆرجارانیش بە میدیای ئازاد و سەربەخۆ لە قەڵەم دەدرێت یانی چی؟ ئایا میدیا ئەهلی واتە ئەو کەسانەن کە لە نێو هیچ قەوارەیەکی حزبیدا نین و خاوەن هیچ عەقڵێکی حزبی نین و خۆیان لە خۆڵ و تۆزی حزبایەتی پاک کردۆتەوە؟ یاخود بە هەر شێوەیەک بێت بە حزب و حکومەتەوە نەبەستراونەتەوە(٢)؟ ئایا میدیای ئازاد و سەربەخۆ میدیایەکی تەواو ئازادە و سەربە هیچ لایەن و گروپێک و قەوارەیەکی سیاسی یان حزبی نیە؟ ئایا هاوڵاتی و ئاوێنە و لڤین میدیای ئەهلین هەر بۆیە هەموو میدیای حزبی بەدەستیانەوە دەناڵێنن (٣)؟ . هەر لەبەر ئەم هۆیانە ئیدی ئەم میدیایە باشترە لە میدیای حزبی. ئەم جۆرە لە بیری دۆگمایی داڕووخانی رووناکبیری کوردیە نەک هەر لە ئێستادا بەڵکو لەوانەیە بۆ دەیەیەکی تریش هەر ئاوها بروات.
بۆ سەلماندنی ئەوەی میدیای ئەهلی ئەفسانەیە لە کوردستان بە دوای هیچ هەواڵ و بەڵگەیەکی جاسوسی و نهێنیەوە نیم، بەڵکو لە چەند هەڵوێست و بەرخورد و گومان بزێوی و چەند وردبوونەوەیەکی پێویست لێیانەوە دەتوانرێت ئەفسانەیی ئەو ئازادی و سەربەخۆیی میدیا ئەهلیە ببینرێت. مەبەستەکە ئەوە نیە ئەو میدیایە بە سفر بکەمەوە بەڵکو ئەوە دەڵێم کە دەیبینم و لێی تێگەیشتووم . تەنانەت گەر ناچاربکرێم لەوەی کە ئایا کام میدیا هەڵبژێرم ئەوا لە بەرامبەر میدیای حزبیدا ئەم (میدیای ئەهلی)یە هەڵدەبژێرم بەڵام وەک پێشتر گوتم جیاوازیەکە سەرخانیە وەک لەوەی بنخانی بێت. ئەم فەرقە لە میدیاکانی جیهانیشدا لە نێوان (میدیای لیبراڵ و میدیای کۆنسەرڤەیتیڤ)دا بەو شێوەیە بوونی هەیە.
***.
میدیا هەر ئەوە نیە کە زۆربەمان ئەو تێگەیشتنە گشتی و باوەمان بۆی هەیە. قسەکردن لە سەر میدیا هەر بە تەنها باس نیە لەسەر رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵەکانی راگەیاندن، بگرە باس و خواسە لەسەر مرۆڤ و مێژووی کۆمەڵگەکەی بە مانا فراوانیەکەی. لە میدیایەوە دەتوانرێ هەموو ئاستە رۆشنبیری و رامیاری و کۆمەلایەتی و ئابوری و ئیداری و ئەخلاقی هەر کۆمەڵگەیەک ببینرێ و لێکبدرێتەوە. بگرە هێندە پایەیەکی گرنگی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە کە "هارۆڵد ئەنیس" پێی وایە رێژەیەکی زۆر لە هاوسەنگی ئارامی و پەشێوی کۆمەڵگە بەستراوەتەوە بە بوونی میدیاوە(٤). لە میدیایەوە مێژووەکان دەنووسرێنەوە، هەنووکەییەکان دەوترێنەوە، ئایندەکانیش بانگەشەی بۆ دەکرێت
کاتێک تەماشای راگەیاندنی کوردی دەکەی دەبینیت ئەو کۆمەڵگەیە لە چ نائارامی و پەشێوی و پەستی و هەرایەکدایە. لەوێوە دەتوانی سەرجەم کایەی سیاسی وڵات ببینی و هەر لەم کایەیەوەش دەتوانی هەموو ئاستەکانی ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگەی کوردستانی ببینیت. باشترین تا خراپترین وشە لە راگەیاندندا ئەوەت پێدەڵێن کە کەش و هەوای سروشتی لەو وڵاتەدا نەماوە. ئەوەی بزرە هزرە، ئەوەی لە بیرایە بیرە، ئەوەی پارسەنگی نیە هاوسەنگیە. ئەوەی راناگەێنرێت میدیایە. ئەوەی هەیە جەنگە میدیایە نەک پەیامە میدیا.
بە پێچەوانەی ئەو دید و بۆچوونانەی کە پێیان وایە میدیای کوردی یان رۆژنامەگەری کوردی لەو پەڕی برەوی خۆیدایە، میدیای کوردی یەکێک لە تەنگەژاویترین و شێواوترین دەورەی خۆی بەسەر دەبات. ئەو دیدە میدیای کوردی لە چەندایەتیەکەیدا دەبینێ وەک لە چۆنایەتیەکەی . ئەوەی میدیای کوردی بە زۆری رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی تردا دەبینێتەوە ئەوە نەک هەرکورتهێنانە بگرە وێرانەییە لە هزر و بیردا. زۆری پڕ خەوش و بێ هاوسەنگی بۆری بەدوای خۆیدا دێنێت. هەموو ئەو لایەن و رەگەز و هۆکارانەی کە میدیای دروستکردووە لە کوردستان دەتوانن ئەوەت پێ بڵێن کە میدیای کوردی لە چ شێواوی و ئاست نزمیەکدایە. میدیای ئەهلی نەک هەر لەو شێواو و وێرانەییەوە هاتۆتەدەر بەڵکو یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی تێکچوونی باری میدیایە لە کوردستاندا.
***
عەقڵی حزبی، لە هەر تاک و کۆمەڵێکی کوردیدا بوونی هەیە. کۆمەڵگەی کوردی، گەر پەنجا شەست ساڵی رابردوو بە تەنها وەربگرین، یەکبینە لە کەش و هەوایەکی سیاسی-حزبیدا بووە و سیاسەت و حزبیش بە خراپترین و پیسترین شێوە لە نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا پیادەکراوە وهەر پەڕە و گوڵێکی خوێندنەوە و رۆشنبیری لە باوانی ئەوەەوە چرۆی کردووە. سەیرەکە لەوەدایە، دوای ئەو هەموو ساڵە لە هێنان و بردن لە نێوان نێوەندی رۆشنبیری و نێوەندی سیاسی و حزبیدا، رۆشنبیری کوردی لە ئێستادا لەهەر کات زیاتر حزبیە، جا چ لە نێو قەوارەیەکدابێت یاخود لە نێو بازنەیەکی هزری حزبیدا بێت کە ئەمەی دووهەمیان ترسناکترە لەوی یەکەمیان. حزب لە کوردستاندا عەقڵێکی خراپی حزبی بە میرات بۆ کۆمەڵگە بە جێهێشتووە کەچی نێوەندی رۆشنبیری تازە بە تازە لەو بەرە ژەهراویە دەخۆن.
لەوانەبێ بەلای هەندێکەوە سەیربێ گەر بڵێم میدیای ئەهلی لە کوردستاندا بوونی نیە، بگرە لەوانەیە سەیرتربێ بۆیان گەر بڵێم یەک میدیایە بوونی هەیە لە کوردستاندا کە ئەویش میدیای حزبیە. کارکردی نەگەتیڤی ئەو میدیایە ئەهلیە بە شێوەیەک خراپە کە هەمان هزر و کرداری حزبیانەی حزبی کوردی لە نێو کایەی رۆشنبیری و رۆژنامەگەریدا دەچەسپێنێ. بەشێوەیەک لە شێوەکان ئازادی دەخنکێنرێ. کەشێکی وەهایان دروستکردووە کە نەک هەر رەخنە لە میدیای ئەهلی بگرە لە نوسەرەکانیشی بگریت ئەوا چ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بە قازانجی دەسەڵات دەشکێتەوە. لەو میدیایەدا هەموان لەسەر یەک شت کۆکن قسە گوتن بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەڵام دەسەڵاتەکانی تر نا. لە یەک جۆر گەندەڵی ددوێن و وادەزانن گەندەڵی تەنها لە بوارە داراییەکەیدایە. ئەم نووسەرە یان ئەو رۆژنامەیە شتێک دەڵێ و ئەوی دی دەیڵێتەوە. هەر بە وێنەی هاوپەیمانێتی حزبەکان هاوپەیمانێتی لە نیوان ئەو سێ کەناڵەدا(سبەی ش لە نێویدا) هەیە، هیچ لایەکیان رەخنە یان ناڕێکیەک یان شتێکی ناحەز لەسەر ئەوی تر بڵاو ناکاتەوە. ئەم عەقڵ و ئەخلاقیاتە هەمان ئەو دەردەیە کە عەقڵی سیاسی و حزبی حزبەکان چەندان ساڵە پەیڕەوی دەکەن لە کاروکردەوەکانیاندا.
کردار و رەفتاری حزبی وەک هاتن و چوون و گواستنەوەی سەنگەر بۆ ناو حزبی تر لەم میدیایەدا رەنگ دەداتەوە. هەر بە ئاماژە بەو عەقڵە حزبیەی لەم میدیایەدا هەیە، نووسەران و قەڵەم بەدەستان جێگەکان دەگۆڕن. زۆر ئاساییە نووسەر لەم رۆژنامەیەوە یان کەناڵی میدیایەوە بچی نووسینێک بڵاوبکاتەوە بەلام حاڵەتێکی ئاسایی نیە بە هەرچی باروبارگەی هزری و هەڵوێستخوازی خۆی هەیە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر بە تەواوی کە پێشتر بوونی خۆی لەوێدا سەلماندووە. هەر لەم بەرەی میدیای ئەهلیەوە چەند نووسەر و رۆژنانووسێک بەرەو باوەشی دەسەلات ملیان نا و وە بە پێچەوانەشەوە. پێم وابێ ناوەکان زۆربەمان دەیزانین و ناوهێنایان لیرەدا زۆر پێویست نیە.
ئەمانە بریار وفرمانی کەسەکان خۆیان نین بەلکو ئەوە عەقڵێکە و وەک جیوە دەجوڵێ. جارێ لە میدیای حزبیدا خۆی دەبینێتەوە و جارێکیش لە میدیای ئەهلیدا دەگیرسێتەوە. چونکە زەوی میدیای ئەهلیش فشەڵە بۆ هەوری حزبی بۆیە دڵۆپی بارانەکان بە ئاسانی دەتوانن رۆبچنە نێویەوە. مادامەکی ئاسمان هەمان ئاسمانی حزبیە قەیدی چیە گەر هەورەکان هەر جارەی بە رەنگێکەوە خۆ بماڵن بە زەویدا. زەوی میدیای کوردی، زەوی ئەفسانەی میدیای ئەهلی.
***
ئەم زاراوەی میدیای ئەهلیە کە زیاتر لە دەیەیەکی تەواوە زۆر بە خەستی لە نێوەندی رۆشنبیری کوردیدا باس دەکرێت زۆر کەم لە ئاستە جیهانیەکەیدا بوونی هەیە. مەبەستم لە ئاستی جیهانی رۆژئاوایە چونکە گەر بمانەوێ و نەمانەوێ رۆژئاوا دەوڵەمەندترین بەشی ئەم دنیایەن لەم بارەیەوە. کێشمەکێشی سەرەکی لە ئاستە جیهانیەکەیدا لە نێوان میدیای لیبراڵ و میدیای کۆنسەرڤەیتیڤ دایە نەک حکومی و ئەهلی. یەکێک لە بەناوبانگترین کەناڵی راگەیاندن لە سەر ئاستی جیهانی و ئەمریکای باکوردا کەناڵی (سی بی سی) کەنەدیە کە سەر بە دەوڵەتی کەنەدیە بەڵام یەک تۆزقاڵ لاگری و هاوسەنگی خۆی بەلای حکومەتەکاندا ناشکێنێتەوە.
دیارە، ئەو دوو میدیایە (لیبراڵ و کۆنسەرڤەیتڤ) لە بنخاندا یەک ئامانجیان هەیە ئەویش راگرتنی پایە و سیستەمی مەوجودی وڵاتە بەڵام لە سەرخاندا جیاوازیەکی رێژەیی تارادەیەک باشیان هەیە کە بە راستی کیشە و گرفتی گرنگی کۆمەڵگەن، لەوانە مەسەلەی پەنابەری، راسیزم، گەی و لەسبیان، تەندروستی و خەستەخانە...هتد خۆزیا لە کوردستانیش ئەو دوو جۆر لە میدیایە دەرکەوتنایە، ئەو دەم دەکرا باس و خواس لەسەر شتێکی دی بوایە. دیارە لە کوردستان گرفتی هەرە سەرەکی کە هاتۆتە پێش ئەوەیە کە میدیا و کاری میدیایی نیە، میدیا لە بری ئەوەی باس لە سیاسەت بکات سیاسەت دەکات بگرە هەندێ جار شەڕی سیاسەتیش دەکات. هەر بۆیە یەکبینە لەگەڵ دەسەڵاتدا دەستە و ئێخەیە. لێردا کەس بە هەڵەم تێنەگات گوایە مەبەستم بڕوبیانووبێت بۆ پەلامارەکانی دەسەڵات بۆ سەر رۆژنامە و رۆژنامەوانان بەڵکو دمەوێ تەئکید لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەو میدیای ئەهلیە هێندەی وەک قەوارەیەکی سیاسی دەجوڵێتەوە ئەوەندە کاری پەیامگەری خۆی ناکات کە پیشاندانی گەندەڵیەکانە لە لای هەموو لایەنەکان نەک تەنها یەک دو لایەن، گواستنەوەی هەموو راستیەکانە نەک تەنها یەک دوو راستی.
***
نوسەری ئەمریکی "جۆن تیرمان" ، ساڵی ٢٠٠٦ پەڕاوێکی بە ناوی (ئەو سەد رێگەیەی ئەمریکا جیهانی پێ دەجەڕێنێ) بڵاوکردەوە(٥). لەو سەد رێگەیەدا ناوی نەک هەر کەسانی سیاسی و دەزگا و کۆمپانی بازرگانی بەڵکو ناوی ئەکتەرەکانی هۆلیودیشی تێدایە. دوان لەو رێگایانە کە هەردووکیانی بەیەکەوە لە ژمارە ٦٥دا داناوە رۆژنامەکانی (نیویۆرک تایمز و واشنگتۆن پۆست)ە. لەو دوانەدا تەنگژەی لاگیری و راستگۆیی و دروستی و کەلی هەیە لە هەواڵ و راپۆرتەکانیاندا. هەردوو رۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنە و گۆڤاری لڤین پڕاوپڕن لەم بارەیەوە.
بایەس (لاگری کردن) باسێکی ئێجگار گرنگە لە بواری میدیادا و یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتیەکانی جیهانی میدیاییشە. جا بۆیە نەک هەر خەوشە لاگیری لە میدیادا هەبێت بگرە ئەوە سروشتیە کە میدیا لاگیر بێت بەڵام لاگیری کردن نەک لە یەک راستی بەڵکو لە گشت راستیەکان. ئەوە روونە کە میدیای حزب و دەسەلات خاڵین لە پیشاندانی هەر حەقیقەتێک بەڵام میدیای ئەهلیش هەموو راستیەکان رەنگ پێ ناداتەوە لە پەخشەکانی خۆیدا بەڵکو دوو بەندیانە شتەکان دەگوازێتەوە و لە زۆربەی کاتدا بەلای لایەنێکی تریشدا دەیشکێنێتەوە. جا ئەو دوو رووییە یان بەمەبەستەوەیە یان لە بێ ئاگاییەوەیە، هەردووکیان لە میدیای ئەهلیدا بوونێکی ئێجگار بەهێزیان هەیە.
لاگیری نەکردن و بانگەشەی سەربەخۆیی هەر لەوەوە نیە کە سەر بە هیچ لایەنێک نەبیت بگرە لەوەوەیە تا چەند میکانیزمەتی کارکردنەکە بە قازانجی بەرەیەکی تری رەشتر نەبێت. لەوەوەیە کە تا چەندە تۆ ئۆتۆماتیکیانە هەنگاوەکان خزمەت بە بەرەیەکی خراپتر دەکەن کە دوو سبەی بێنە سەر حوکم ناهێڵن ئەو فزەیەش هەبێت کە ئێستە هەیە. میدیای ئەهلی گەر لە لایەکەوە دەوری پۆزەتیڤی هەبێت ئەوا لە لایەکی ترەوە ئێجگار نەگەتیڤیە.
گەر میدیای حزبی لاگیری لە دەسەلاتەکەی بکات ئەوا میدیای ئەهلیش لاگیری لە دەسەڵاتێکی تردەکات کە لەوانەبێ زۆر خراپتر بێت لە هی میدیا حزبیەکە. بۆ نموونە، ئیسلامی سیاسی لە میدیای ئەهلیدا مەعسوم کراوە لە باسەکانی گەندەڵی لە لە کاتێکدا ئەوانیش وەک یەکێتی و پارتی تێوەگلاون لە گەندەڵیە ماڵی و ئیداراییەکاندا. ئایا ئەوانیش لە حکومەت و دەسەڵاتدا بەشیان نیە و بەشدارنین؟ ئایا ئیسلامی سیاسی بەشدارنین لە گەندەڵیەکان و بەفیڕۆدانی سامانی خەڵکیدا؟ کەچی ئەو میدیایە نەک هەرخۆی لە قەرەی گەندەڵی ئیسلامی سیاسی نادات بەڵکو لە زۆربەی کاتەکانیشدا پشتی ئیسلامی سیاسی دەگرێت. لەمەش واوەتر نوسەرانی ناسراو بەعلمانی و مۆدێرنیتە نەک هەر لەوێدا وشەکانیان بریقەی دێت بەڵکو هەندێکیان داکۆکیشیان لێدەکەن بە بیانووی ئازادی فکر و سیاسیەوە.
ئایا گەندەڵی هەر بە تەنها ئاستە دارایی و ئیداریەکەیەتی یان رەهەندی گرنگتریشی هەیە؟ ئایا گەندەڵ کردنی شارستانیەتی کۆمەڵگەی کوردەواری بە دابونەریتی میللەتێکی دیکە لە ژێر ناوی ئاین و ئیمان گەندەڵی نیە؟ تەشەنەکردنی دیاردەی حجاب گەندەڵ کردنی ئەخلاقیاتی کۆمەڵگەی کوردی و کوشتنی رەنگاڵەیی داب و نەریتی کوردەواری نیە؟ نەهی کردن لە بەزم و رەزم و رەنگاڵەیی کەلتوری سەدان ساڵەی کوردەواری و پڕکردنەوەی بە کەلتوریکی تری دواکەوتوانەی رەوتێکی سیاسی ئیسلامی عەرەبی بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی فەرهەنگی کوردەواری نیە؟ ئایا میدیای ئەهلی و نووسەرەکانی تا چەند چاویان بڕیوەتە ئەو فڕکان فڕکانەی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا؟ ئایا شەرم نیە بۆ قەلەم بەدەستانی علمانی و مەدەنیەتخوازی کە هیچ شتێک ناڵێن لەسەر فستیڤاڵی ساڵانەی حجاب کە کوشتنی رازاوەیی ئافرەتی کوردەواری پێوەیە؟ حجاب بریتی نیە لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و ئازادی شەخسیش نیە وە دەگوترێ بەڵکو بە ئاین کردنی کۆمەڵگەیە بە مانا هەر پاشکەوتویەکەی و پڕوپاگەندەی عەقڵ و فەرهەنگی عروبەیی بیابانە بە ناوی ئاینەوە. ئەو ئاینەی کە ئیستە هەیە لەگەڵ ئەو ئاینە هەزاران ساڵیەی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا هەبووە ئەرز و ئاسمانی فەرقە.
ئایا علمانیەت ئەوەیە فەرهەنگ و داب و نەریتی کۆمەڵگەکەت بە بەرچاوتەوە ئەنفال دەکرێ کەچی بە بیانووی ئازادی فکری و سیاسیەوە تۆ هیچی لە بارەوە نەڵێیت؟ لە راستیدا، بەتاڵانبردنی گیرفانی خەڵک ترسناکە بەڵام لەوە ترسناکتر بەتاڵانبردنی مێشکی مرۆڤەکانە.
نەک هەر ئەمەش بەڵکو ئیسلامی سیاسی لە بنەڕەتەوە بۆ تێکدان و بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی کوردی هاتووە کەچی ترسناکی ئەم باسە لەو میدیایەدا بەدی ناکرێت. حیکمەتی بوونی ئیسلامی سیاسی توانەوەی زیاتری ماکی کۆمەڵگەی کوردی و تێكشکانی زیاتری هەرچی سیمایەکی شارستانی و نەتەوەیی و میللی کوردیە. چاوی ئەم میدیایە هەمیشە لەسەر سەردان و کۆبوونەوەی سەرکردە و بەرپرسە حزبیەکانی دەسەلاتە بەڵام زۆر کەم باس و خواس لەسەر دیتن و کۆبوونەوەی ئیسلامی سیاسی دەکرێت کە هەردەم لەگەڵ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتدا دانیشتن و فسکەفسکیان هەیە. ئایا
ئیسلامی سیاسی نەک توندرەو بگرە میانرەویش بەشێک نیە لە تۆقاندنی خەڵک بە جەهل و خورافەی ئاینی؟ ئایا ئیسلامی میانرەو بەشێک نین لە پەلاماردانی ئازادیەکانی نووسین و رادەربڕین؟ لە دیوەخانی ئەو میدیایەدا باسی لەم جۆرە نیە گەر بشبێت ئەوا زۆر بە کەمی.
هەر لەو دەمانەی هاوڵاتی تازە پەیدا دەبوو بایەخدان بە ئیسلامی سیاسی ببوو بە بەشێکی پێكهێنەری میدیای ئەهلی تا کار گەیشتە ئەوەی ئیسلامی سیاسی لە ژیر ناوی میدیای ئەهلیدا گۆڤار و رۆژنامەی ئەلەکترۆنی هەبێ. ئایا کەس دەتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە (لڤین) سەر بە رەوتی ئیخوان نیە ؟ ئایا جارێک لە جاران دیتان قسەیەکی کاڵ لەسەر ئیسلامی سیاسی بڵاوبکاتەوە؟ بەڵکو "عەلی قەرەداغی" لە هەر شوێنێک قسەیەک یان خوتبەیەک بدات ئەوا ئەمان بە شەهامەتەوە بڵاوی دەکەنەوە.
سەرەتای سەرهەڵدانی هاوڵاتی و مانەوەی تا ئێستای نەک هەر بە گومانەوە هاتووە بگرە هەندێ جار بە راشکاویەکی نەرمئامێزانە هەر جارە بەیانی خۆی کردووە بۆ لاگیری لایەنێک یان رەوتێک. دواترین شت لەم بارەیەوە وتارێکی سالی پاری "کەمال رەوف" بوو لە رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر (بارزانی باوک) لەوێوە نەک هەر عەقڵی حزبی بەڵکو هەڵوێستی حزبی و لاگیری لە دەستەیەکی خێزانی لایەنێکی کوردی ئەو میدیا ئەهلیە بەدەرکەوت.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەتایبەت دەمانی هەڵبژاردنەکانی یەکەمی ئەو بزووتنەوەیە بینیمان ئاوێنە چ سروشتیانە یاخو بەرنامەگەراییانە چ پشتگیریەکی دەکرد وەک ئەوەی بڵێی گۆڕان خوای ئازادی و شەفافیەت و دەست پاکیە لە گەندەڵیەکاندا. کارگەیشت بەوەی کە خێزانی بەرپرسی ئەو رۆژنامەیە خۆی دیاری کرد وەک کاندیدێکی گۆڕان بۆ پەرلەمانی داهاتووی ئەو دەمێ. هەموان دەزانین لە دەمانی خۆپیشاندانی بەردەرکی سەرای ئەمسالدا، ئاوێنە لە نێوان دوو بەرداشدا یاری دەکرد. لە لایەک تریبیۆنێک بۆ هەواڵەکانی خۆپیشاندەران؛ لە لایەکی تر، ئەو وتارانەی خەڵک نایخویننەوە لە میدیا حزبیەکاندا ئاوێنە دەهات لەوێدا قسەی دەسەلاتی پەخش دەکرد بەوەی کە لەو چەند رۆژەدا پڕوپاگەندەی بۆ پاکانەکانی دەسەڵات دەکرد بەوەی وتاری بۆ رەمزە حزبیە-سیاسی و رۆسنبیریەکانی دەسەڵات بڵاودەکردەوە (٦)
ئەمانە کاری رێکەوت یان شتی کەسی و لاوەکی یان لە سۆنگەی بیرورای ئازادەوە نین بگرە هەمووی لەو لۆجیکە حزبیەوە دێت کە لە بیر و کرداری ئەو میدایەدا هەیە و هەر بۆیەش ئۆتۆماتیکیانە دەچێتە ئەو شوێنە.کەسانی ئەو میدیایە دەرئەنجامی ئەو رەوشەن، ئەوانەی نەینتوانی یاخود رێکەوت یاوەریان نەبوو حزب پێکبهێنن یان حزبی خۆیان نەدۆزیەوە ئەوا دەستیان بۆ کاری میدیایی برد و لەوێوەوە ئەو هزرەیان هێنایە سەر پەڕە و سکرینی راگەیاندنەکەیان.
***
ئەپیکس (ئاکارناسی ئان ئەخلاق ناسی) کە لێرەدا مەبەست لە ئەخلاقی جنسی نیە، یەکێکە لە باسە گرنگەکانی ژیان بووە بۆیە فەلسەفە بایەخێکی ئێجگار گرنگی پێداوە. هەر لە دەمانی ئەفلاتونەوە تاهەنوکە جێگەی قسەوباسە. لە تازەترین پەڕاودا بە ناوی (ئەپیکس) پرۆفیسۆر "گۆردۆن مارینۆ"(٧) زۆر بە ساکاری هەندێ شت دەڵێت و وەک پرسیار دەیهێڵێتەوە. ئەو کۆمەڵە بەرخورد و مامەڵە و هەڵسوکەوتانەی رۆژانەی ژیانی مرۆ، کە لە نێوەندی رۆشنبیری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئیمەدا کەم بایەخ سەیردەکرێن، بنەما سەرەکیەکانی باسەکانی ئەپیکسن. ئەپکیس هێندە بابەتێکی هەستیارە کە هەندێ جار گورز دەدا لە قەوارەی حکومەت و دەولەتەکانیش. لە پەرلەمانەکاندا لیژنە و ئۆفیسی تایبەت بە لێپرسینەوەی ئاکاری کەسانی حکومی و سیاسیەوە هەیە. جار هەبووە پەرلەمانەکان هەڵوەشاونەتەوە و حکومەتەکان رووخاون هەر لە بەر مەسەلەیەکی ئەپیکس.
میدیای ئەهلی، جا چ نووسەرەکانی بێت یان کەسانی تری بێت، تێوەگلاوە لەو ئاست نزمیە ئەپیکسەی کە دەسەلات بە رۆشنبیرانی دەکات. مەهزەلەی مەعاشی فڵان سەرۆک و سەرکردە بۆ کەسانی رۆشنبیر یان زەوی پێدان پێیان ئەو ئاکارە نزمەیە کە ئێخەی بە نێوەندی رۆشنبیری گرتووە. لە راستیدا هەموو کەسێک لەو کۆمەڵگەیەدا مافی خۆیەتی مەعاشی هەبێ و زەوی وەربگرێ بەڵام کاتێ تۆ وەری بگری و کەسانت تر نەخێر یاخود مەسەلەکە دێتە سەر ئەوەی تۆ جیا دەکەنەوە لە خەڵکانی تر ئەوا ئەو ماستە موویەکی تێدایە. ئا لێرەدا گەندەڵی بە شێوازە مەنگیەکەی دەڕوا بەڕێوە کە بە هەمان شێوە گەندەڵیە بەخوڕەکەی دەسەڵات ترسناکترە. ئەستەمە یەکێتی و پارتی هەر لە خۆڕا، گوایە ئێوە رۆشنبیری میللەتەکەن، پارە و پول و زەوی بە هەر کەسێک بدەن. ئەوانە گەر مشتێ گەنمت بدەنێ دوایی فەردەیەکت لێ دەستێننەوە ئەگەر خۆتیشت لێ نەسەتێنن. بەزم و رەزمەکانی دەزگای سەردەم و مشتومڕەکانی شوان ئەحمەد لەگەڵ رەهەندیەکاندا نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو لەق پێکەوتنەی ئەپیکیسی رۆشنبیری کوردیە کە لەسەر بەرەی میدیای ئەهلی حساب دەکرێت.
یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی ئاکاری مرۆڤ ئەوەیە کە چۆن بەرخورد لەگەڵ هەندێ مەسەلەی کۆمەڵایەتی گرنگدا دەکەیت کە هەر لە بنەچەی ژیانی مرۆوە چەند مەسەلەیەکی روحی و ئەخلاقی و فەرهەنگی بوونە. بۆ نمونە سڵاو کردن، چەندە کردەیەکی خیرا و ئاسانە ئەوەندەش رەهەندێکی کۆمەلایەتی گرنگی هەیە. ئەم شتە سادەیە هێندە گرنگە تەکنۆلۆجیا بەو بێ روحی و بێ هەستیەی خۆیەوە نەیتوانی فەرامۆشی بکات. گەر جاران هەر بە تەنها لە جادەیەکدا یان کۆڵانێکدا پیوەری کەسایەتیەکیان کردبێ بەوەی چۆن سڵاو دەکات و چۆن وەڵام دەداتەوە ئەوا ئێستا لە رێگەی تەلەفۆنەوە یان ئیمەیڵەوە دەتوانرێ ئەو پێوەرە بەکاربهێنرێت.
پەیامی دەنگ و پەیامی نووسین دوو شتن کە ئێستا زۆر حسابی لەسەر دەکرێت. کاتێک کەسێک پەیامت بۆ جێدەهێڵێت یان ئیمەڵێکت بۆ دەکا و تۆ وەڵام نەدەیتەوە ئەوا بۆخۆی بەشێکی زۆری بوونی تۆ دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. پرسیاری ئەوەی ئەوڕۆکە تۆ رۆژنامەیەک یان گۆڤارێک یان وێبسایتێکت هەیە وەڵامی کەسەکان نەدەیتەوە، ئاخۆ دوو سبەی دەسەڵات بگریتە دەست چۆن وەڵامی خەڵکی دەدەیتەوە. ئەمە هەمان ئەو گوێ نەدان و گوێ نەگرتنەیە لە خەڵک کە کەسان و قەوارە سیاسی و حزبیەکانیان دەرهەق بە خەلک دەیکەن. لەوانەیە کەسانێک هەبن بڵێن ئەوە شتێکی لاوەکیە بەڵام لە راستیدا ئەوەی وا بیربکاتەوە ئەوە لە بیر و هزریدا لاوەکیە بۆیە بەو ئاکارە دەلێ لاوەکی.
هەندێ لە میدیا و دەزگا و بەرنامە و نووسەرە جیهانیەکان، بۆیە ناتوانم بڵێم هەموویان چونکە من لەگەڵ هەندێکیاندا ئیمەیڵ گۆڕینەوەم هەیە، هەر وەک رێزێک و بابەتێکی ئەپیکس و گرنگی خوێنەر یان نووسەر ئیمەیڵێکی ئەلەکترۆنیان داناوە کە دوای چەند خولەکێک وەڵامت دەداتەوە وەک وەلامێکی بە پەلە بۆ سلاوەکەی تۆ و پێشت دەڵێت گەر دەتەوێ زیاتر پەیوەندیت هەبێت ئەوا پێمان بڵێرەوە تاکو بتوانین پەرەی زیاتر بە پەیوەندیەکانمان بدەین. وەلامدانەوەی ئاوها ئەپیکخواز لە میدیای کوردیدا یان وەک دەڵێن میدیای ئەهلی زۆر کەم بوونی هەیە، لەوانەبێ تا نزیک سفر بێت.
لەمبارەیەوە جەندان بەڵگەی کەسانی جۆراوجۆر هەن کە چەندان جار بابەت و وتارنێردراون بۆ (میدیا ئەهلیەکان) کەچی وەک ئەوەی هەر نەچووبێت، نە بە ئەرێی و نە بە نەرێیی وەڵام نەبووە. هەندێک لەو کەسانە نوسەری باشن و چەندان زمان دەزانن و خاوەنی چەندان وتار و کتێبی باشن و خەلكانی حزبیش نین و هەر بەردەوامن لە نووسین بلاوکردنەوە لە رۆژنامە و کەناڵی جیاجیادا لە کوردستان. من بۆ خۆم کە زۆر کەم دەنووسم دوو سێ جار شتم نارد و گوتم گەر دەکرێ وەڵامم بدنەوە بە بەڵێ یان نەخێر کەچی هیچ. تەنانەت دووەم جاریش ئیمەیڵم ناردۆتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی بکەم لەوەی بابەتەکە گەیشتووە یان نا وە ئایا دەتوانن بڵاوی بکەنەوە یان نا کەچی هەر هیچ.
مەسەلەکە لە ئاستی هونەری و باشی بابەتەکاندا نیە بەڵکو لەو ئەپیکەدایە کە لە کەسایەتی میدیایەکەدا هەیە. ئەگەرنا، ئەو میدیایە پڕیەتی لە وتار و نووسینی کرچ و کاڵ و بێ ئاست لە هەموو روویەکی رۆژنامەوانی و ئاکاریەوە، بەڵام کە ئەوێ هەڵبژاردرا تاکو شتی بۆ بنێردرێ لە هەمان ئەو بیرکردنەوە باوەوە هات کە لەبەرامبەر میدیای حزبیدا ئەم میدیایە ئاهێکی تێدا هەیە تا نوسینی بۆ بنێریت. دیارە لەمەوە ئەو راستیە باشتر دەرکەوت کە هەر جۆرە چەمکێک خۆی لە (ناچاری)یەوە بئاڵێنێ یان تەنها لە بەرخاتری بەرامبەرکێیدا هەڵبژاردن بکات ئەوا دەکەوێتە ئەو داوی هەڵیەوە کە خەڵکانی وەک ئیمەی تێکەوت لە گەڵ میدیای ئەهلیدا.
لە نێوەندی رۆشنبیری و رۆژنامەگەری ئێمەدا شتێک نیە بەم ئاراستەی ئەپیکسەدا. گرفتەکە هونەری نیە بە تەنها بەڵکو ئەخلاقیە. پەیوەندی بەو هزر و بەرخوردە حزبیەوە هەیە. هەر ئەوەی کە وەلامی ئیمەیڵ و پەیام نادەنەوە هەمان ئەو خاسیەتەیە کە حزبی دەسەلات وەڵامی خەڵک ناداتەوە. ئەمە ئەو دیدەت پێدەبەخشێ کە جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتی حزبی و عەقڵێکی حزبی لەوەدایە کە ئەو دەسەڵاتی سیاسی هەیە و ئەم نیەتی ئەگەرنا هەردووکیان دوو دیوی یەک پارەن. لێرەدا مەسەلەکە لە نێوان چەک و قەڵەمدا نیە گەر کەسێک وا فەهمی بکات بەڵکو لە نێوان دوو لایەندایە کە بە یەک عەقڵ کاردەکەن و بیر دەکەنەوە.
***
زۆر لە یادم نەماوە چ ساڵ و مانگێکە بەڵام دەزانم کە دەورەی دووەمی سەرۆکایەتی جۆرج بوش بوو، تایم مەگەزین هەواڵێکی هەستیاری پنتاگۆنی بڵاوکردبۆوە، "دۆناڵد رامسفیڵد"ی وەزیری بەرگری ئەو دەمی ئەمریکا گڕی تێبەربوو کە ئەو هەواڵەی بەرچاوکەوت بۆیە کردی بە هەرا و زەنا. نەک هەر"جۆرج بوش"ی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا تێگەیاند بەڵکو هەموو کۆشکی سپی و دەزگا حکومیەکانی تری بەخۆیەوە خەریک کرد بەوەی چۆن ئەم هەواڵە دزەی کردووە و بەرەسمی قەوالەی لەسەر تایم مەگەزین پڕکردەوە پێی گوتن دەبێ پێمان بڵێن ئەو سەرچاوە نادیارە کێیە کە ئەم هەواڵەی داوە بە ئێوە. دیارە تایم مەگەزین نەچووە ژێرباری ئەو داوایەوە و رامسفیڵدیش نەیتوانی زۆریان لێ بکات لەو بارەیەوە بەڵام دەسکەوتێکی بەدەستهێنا لەوەی کە لەمەدوا "سەرچاوەی نادیار" لە راگەیاندنەکاندا لێپرسینەوەی لێدەکرێت.
کێشەی بنەرەتی گۆڤاری لڤین لەگەڵ دەسەلاتدا کێشەی ئیخوانەکانی کوردستانە لەگەڵ دەسەڵاتدا. لایەک لە گرفتی هاولاتی یان ئاوێنە لەگەڵ دەسەڵاتدا سەرچاوەی هەواڵە هەستیارەکانی دەسەلاتە کە گڕ لە خەڵکی بەردەدەن کاتێک گوێ بیستی دەبن، لە گرفت و کێشی نێوخۆییەکانی ناو دەسەڵاتەوەیە کە بەرامبەرکێی نێوان سەرکردە و بەرپرسانی حزبی دەسەڵات پیشان دەدات. بۆیە هەندێ جار وادەبینین میدیای ئەهلی بووە بە گۆڕەپانی شەڕی قوتبەکانی ناو دەسەلات. ئاخر هەندێ زانیاری دزە دەکەن واقت وڕدەمێنێ لەوەی ئەم زانیاریانە چۆن دەگەن بەم میدیا ئەهلیە. ئەگەر ئەهلیە و کەس لە پشتی نیە و سەربەخۆیە و ئازادە چۆن ئەم زانیارییانەی دەدرێتێ.
***
خراپی و باشی ئاستی هونەری و ئەکادیمی هەر راگەیاندنێک هەر بە تەنها لەسەر ئاستی دارایی یان کادری پرۆفیشناڵ نەوەستاوە یاخود تەنها بەوە نابێ قەڵەم بەدەستی باش و رووناکبیری بە ناوبانگ شتی تێدا بڵاوبکەنەوە بەڵکو بە پلەی یەکەم لەسەر ئەو خەتی بیر و هزرە یان ئەو میتۆدە وەستاوە کە ئەو میدیایەی لێوە دەکەوێتە کار. ئەو میتۆدە بە بارە سادەکەیدا بریتیە لە کارکردنی بابەتیانە بە میدیا، خۆ لادان لە دووبەندی، زانیاری و داتای بە بەڵگەوە دراو، ، مامەلەکردن لەگەڵ مەسەلەی ئەپیکسدا بە مانا مرۆڤیە هەمەگیریەکەی...هتد
بۆیە کاتێک ئەم بنخانە نەبوو یان شل بوو ئەوا هیچ کات باڵایەکی بەژن زرافی ئەکادیمی لە ئاستی راگەیاندندا نابینرێت. هەر لێرەوەش ئاستی ئەکادیمی هاوڵاتی و ئاوێنە و لڤین هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ کوردستانی نوێ و خەبات و گوڵاندا. هەروەها بۆ قەڵەم بەدەست و نووسەرەکانیش هەروایە. لاگیریکردن بەهەرلایەکدا کە راستیەکان و هەلوێستەکان هەمەلایەنە نەبن تێیدا جیاوازیەکی ئەوتۆ نابێت لە نێوان ئەوانیشدا. میدیای ئەهلی پڕە لە زانیاری نادروست و کەم و کورتی داتا. باشترین نووسین تێیدا تینوو شکێن نیە.
***
نووسەر و خوێنەر لەو میدیایەدا تایبەتمەندیەکی خۆیان هەیە. گەر تەنها نووسەرە نموونەییەکانی ئەو میدیایە وەربگریت دەبینیت نووسەری فیرعەونی دروستبوون، لە رووی رۆشنبیری وزانیاریەیوە کەس ناتوانێ پێیان بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە. بۆیە لە جیاتی خوێنەری هۆشیار هەوادار دروست بووە و لە بری نێوەندێکی وریا و بەئاگا یار و یاوەر پەیدابوون.
خوێنەرەکەی بەشیوەیەک پەروەردە بووە کە هەردەم چاوەڕوانی ئەو هەواڵانە بێت، هەواڵی دزینی پارە و ئەخلاقی جنسی و شتە شەخسیەکانی تر. بە وردی تەماشا بکەن ئەو بابەتانەی باس لەم جۆرە هەواڵانە دەکات زۆرترین خوێنەری هەیە لە کاتیکدا ئەوانەی بابەتی بیر و هزر و مەعریفەن کەمتر خوێنەریان هەیە لەو میدیایەدا. بۆیە جۆرێک لە خوێنەر پەیدابوون ئەوەندەی بە دەماری توڕەیی شتەکان دەبینن ئەوەندە بە خانەکانی میشک شتەکان ناخوێننەوە. باس و خواسی هەیمیشەیی گەندەڵی بەو شیوەیەی لەوێدا پیشان دەدرێ خوێنەری لە کەشێکی هەمیشە توڕە بە دەمار راگرتووە وەک ئەوەی لە کەشێکی هێورتردا رایبگرێ. خوێنەر لێرەدا ریشە سەرەکیەکانی گەندەڵی و رەهەندەکانی ترسناکەکانی ئەو دیاردە کوشندەیە لە یەک پنتێکدا دەبینێتەوە گەندەڵی دارایی.
جۆرێکی دیکە لە خوێنەری دروستبوون کە لە بری ئەوەی یەکەیەکی رۆشنبیری بە ئاگا بێت بەڵام هەواداریکی عاقڵ و هێمنە. جەدەلیەتی باس و خواس لای ئەو نەماوە ئەوەی دەیزانێ و دەیڵێت ئەوەیە نووسەرە عەبقەریەکەی نووسیوێتی لە وتارێکدا یان باسێکدا. جگە لە ستایشێکی دیکۆرکراو بە ئەدەبیات جێگەیەک بۆ رەخنەی جدی نەماوە. کاتێک ئەو نووسەرە فیرعەونیە واژۆی خۆی لە شتیک دەدات ئیدی ئەمانیش بێ یەک و دوو تەئیدی دەکەن. ئەم جۆرە خوێنەرە لە لایەک زۆرتر بەرهەمی ئەو نووسەرە عەبقەریانەیە کە عەقڵیکی حزبی ژیان و بەرهەمەکانیان دەبا بەڕێوە؛ لە لایەکی تر، بەرهەمی ئەو بارودۆخە شێواوەی کوردستانە کە تا ئیستاش ئەدەب و ئەدەبیات لە بازنەیەکی حزبیدا دەخولێنەوە. بۆیە نووسەرێک لە بری سەرکردەیەکە و خوێنەرانیش لە بری جەماوەرەکەی. گوێ گرتن یان ستایش و پیاهەڵدان جێگەی بیر و گفتوگۆی جەدەلیانە دەگرێتەوە.
ئیدریس مستەفا
سەرچاوەکان:
1. HAROLD ADAMS INNIS: THE BIAS OF COMMUNICATIONS & MONOPOLIES OF POWER
2. لە بارەی ئازادی رۆژنامەگەریەوە، وتاری رێبین هەردی. سایتی ئاوێنە/ ٨/٧/٢٠٠٨ http://www.awene.com/DirejeyGoshe.aspx?Jimare=81
3. دیمانەیەکی کەناڵی کەی ئێن ئێن لەگەڵ مەریوان وریا قانیع کە پێم وابێ لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩ بوو
4. سەرچاوەی یەکەم
5. John Tirman: 100 Ways America Is Screwing Up the World/ HarperCollins Publishers, Inc. Copyright 2006
6. رۆژنامەی ئاوێنەدا کە لە رۆژی ١/٣/٢٠٠١ ژمارە (٢٦٤)
7. Ethics: The Essential Writings by Gordon Marino/ Publisher: Modern Library (Aug 10 2010)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









