هێرشكردنە سەر رۆژ تیڤی هێرشە بۆ سەر میدیای ئازادی كورد
04/03/2010, 12:00 (GMT+1)

وەكو دەبینرێت گەلەكەمان لەناوەوەو لەدەرەوەی كوردستان رووبەڕووی هێڕشی لەناو بردن دەبنەوە، لەتوركیا بەگرتنی سیاسەتمدارانی یاسای و رەواو هەڵبژێردراوی خەڵك، داخستنی پارتی یاسای و دەستدڕێژكردنە سەر رێبەرایەتی گەلی كوردو خستنیە ناو بیری مەرگ. رژێمی ئێران بەردەوامیدان بە ئیعدام كردنی لاوانی كورد و هێڕشكردنە سەرئیرادەی ئازادیان. سوریاش بەگوێڕایەڵی بۆ رژێمە داگیركەرە سەرسەختەكانی كوردستان، ئەویش لە هێڕش وپیلانەكانی كەمتەرخەمی نەكردوە. هێڕشە هاوبەشەكانی دەولەتانی ئەوروپای بەناو دیموكراتی بۆ سەركوردانی نیشتەجێی لای ولاتەكانیان بەتایبەتی هێڕش و پەلامارەكانی ئەم دوایەیی ئیتالیا و فەڕەنسا بۆ سەر داموو دەزگا كوردیەكان و گرتن و راوودونانی سەدان كەس لە لە چالاكوانان و خەڵكی مەدەنی جێگای شەرمەزاریە.
ئەو هێڕشەی كەلە بەرەبەیانی ئەمڕۆكەوە(4-3-2009) لە لایەن پۆلیسی بەلجیكاوە كراوەتە سەر رۆژ تیڤی و ئێم ئێم سی و رادیۆیی میزۆپۆتامیا و تەلاری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و دەستگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی بەڕِێوەبەر ونوێنەرانی كورد لەم وڵاتەدا ریسواو مەحكوم دەكەین، داوا دەكەین بەزووترین كات دەست هەڵگرن و نوێنەرەكانیش ئازاد كەن و داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكەن و ئەو هێڕشانەشیان بكەوێتە چوارچێوەو تاوانی دژ بەمیدیای ئازاد .
وڵاتانی ئەوروپا كەخۆیان بەپێشەنگی دیموكراتی وبیرو ڕای ئازاد دادەنێن و گوایە پێوەرەكانی مافی مرۆڤ و مافی گەلان دەناسن بەڵام ئەوەی دەردەكەوێت ئەویش كەوتۆتە ناو هەمان ئەو پیلانانەی كە ئەمریكاو توركیا لەسەر گەلی كورد دەیگێڕن و دەیانەوێت گەلی كوردی ئازادی خواز و داموودەزگاكانی سەركوت بكەن. بۆیە هەرچی زووە پێویستە وڵاتانی ئەوروپا لەسەرووی هەمووشیانەوە بەلجیكا خۆی لەو كردەوە نامرۆڤانەیە دەرخات و گەلی كورد نەكەنە قوربانی بەرژەوەندیەكانیان.
گەلی كورد كەبە رەنج و خوێنی خۆی ئەو دامودەزگا دیموكراتیانەیان بەرهەم هێناوە دەبێ بەهەموو شێوەێك خاوانداریەتی لێبكات هەمانكات رۆشنبیران رۆژنامە نووسان دیموكراتخوازان پێویستە هەموو هەوڵیان بخەنەكار لەپێناو ئەوەی دەنگ ورەنگی ئازاد كپ و بێ دەنگ نەكرێت.
كۆمیتەی راگەیاندنی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
4-3-2009
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









