وتاری دكتۆر فاروق ره‌فیق، له چله‌ی شه‌هید هه‌ردی فاروق
09/06/2011, 12:00 (GMT+1)

ته‌نها هه‌ستی واق وڕمان له‌به‌رانبه‌ر شكۆدا ره‌وایه و هه‌ستێكی ره‌سه‌ن و گونجاوه. له‌به‌رامبه‌ر شه‌هیددا ده‌بێت له خودی ئه‌و قوربانیه و قوربانیدانه و خودی ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپیه‌ش كه شه‌هید به‌هاترین شتی خۆی كردوه به قوربانی كه خودی ژیانی خۆیه‌تی، به بێده‌نگی رابمێنین و له‌و شكۆمه‌ندیه‌شدا مانا باڵاكانی بون و ژیان و ئیستاتیكای بون جارێكی دی ئاشكرا بكه‌ینه‌وه.
تێڕامان له مه‌رگ، خودی فه‌لسه‌فه و بیركردنه‌وه جدیه‌كه‌یه له ژیان، هه‌ر مه‌رگێك بانگه‌وازێكه بۆ بیركردنه‌وه و جارێكی دی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ژیان به جدی و ده‌ربازبونه له ساده‌یی، ده‌رباز بونه له رامبون و رۆتین و ته‌مبه‌ڵی و خوه ترسناكه‌كه‌ی ژیان، كه ئه‌ویش وه‌رگرتنی و سه‌یركردنی بونه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌میشه له‌وێیه بۆ ئێمه، ده‌ربازبون له‌و دیده نا ره‌سه‌نه‌یه سه‌یری مه‌رگ ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ئه‌وانی دیكه بێت نه‌ك من، ئه‌م هه‌ستكردن و بیركردنه‌وه‌یه له به‌رامبه‌ر شه‌هیددا به دوا پله‌كانی موته‌عالی بونی خۆی ده‌گات، چونكه شه‌هیدبون مه‌رگێكی ساده نیه، شه‌هید بون به‌رجه‌سته‌بونی قوربانیدانه له هه‌ره پله باڵاكاندا.
لێره‌وه بیركردنه‌وه و تێڕامان له شه‌هید، خۆی بیركردنه‌وه‌یه له خودی موته‌عالی، له خودی بون لێره و له ئێستادا.
به ڕوحه پاكه‌كه‌ی ده‌هه‌مین شه‌هیدی ئه‌م خه‌باته مه‌ده‌نیه نوێیه، ئه‌م به‌ره‌نگاریبونه‌وه مه‌ده‌نیه نوێیه‌ی دژ به سته‌مكاری و فاشیزم لێره و له‌م خاكه‌دا، به شه‌هید هه‌ردی فاروق و نۆ شه‌هیده‌كه‌ی دیكه‌ش و قوربانیه‌كانی ئه‌و غه‌دره ئه‌و سته‌مه كه به كوردی ده‌دوێ، ده‌ڵێم؛ سوپاس بۆ ئێوه، ئێوه به شه‌هیدبونتان، به قوربانیدانتان، ئێمه‌تان له بیركردنه‌وه‌ی ساده و له دوباره‌كردنه‌وه‌ی بێ تامی هه‌ندێك كڵێشه و هه‌ندێ ئایدیای مردو رزگاركرد، ئێمه‌تان خسته سه‌ر شاڕێگای بیركردنه‌وه‌یه‌كی نوێ و جدی له ژیان و بونی مرۆڤی كورد له‌م هه‌لومه‌رجه ترسناكه‌ی كه تێیدا ده‌ژی، هه‌لومه‌رجێك كه باس له سته‌م و جه‌ور و هیچگه‌رایی و پوچی و رامبون ده‌كات له‌سه‌ر سته‌مكاری..
ئێوه ده‌ستی ئێمه‌تان گرت به‌ره‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیاواز، بیركردنه‌وه‌یه‌كی شكۆمه‌ندانه.
شه‌هید بونی ئێوه، ئاشنابونی ئێمه‌یه به ئایدیای نوێ و به‌ها و پره‌نسیپی نوێ، به‌ها و پره‌نسیپگه‌لێك كه له‌مه‌ودوا ئێمه لێیانه‌وه و به‌هۆیانه‌وه، بیرده‌كه‌ینه‌وه له‌و مه‌رگه‌ساته‌ی كه ئینسانی كورد تێیدا ده‌ژی، كه كۆیلایه‌تیه، كه ژیانیه‌تی له ژێر تیری سته‌مكاریه‌كدا كه خه‌ڵاتی كوردایه‌تیه بۆی.
هه‌ر به‌و به‌ها و پره‌نسیپانه‌ی كه ئێوه داتان هێنا، به‌رده‌وامی ده‌ده‌ین به‌م خه‌باته مه‌ده‌نیه دژ به پیاوكوژه‌كانی كوردایه‌تی له پێناو هێنانه ئارای ژیانێكی شایسته بۆ مرۆڤه زوڵملێكراوه‌كانی ئه‌م وڵاته، ژیانێكی ئاسوده و پڕ له دادپه‌روه‌ری بۆ قوربانیانی بزوتنه‌وه‌یه‌ك، كه كوردایه‌تیه.
قوربانیانی حوكمڕانیه‌ك، كه باس له شكست و مه‌رگ و تیرۆر ده‌كات، ئه‌ویش حوكمڕانی كوردیه.
به‌ش به حاڵی خۆم، په‌یمانتان پێده‌ده‌م، تا له ژیاندا بمێنم، دژ به‌م فاشیزمه كه به كوردی ده‌دوێ؛ بجه‌نگه‌م.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









