ڕاگەیاندراوێك بۆ ڕاى گشتى كوردستان
03/07/2011, 12:00 (GMT+1)

هێرشى ئەم جارەى دەستەڵات پشتبەستنە بە تەكنۆلۆژیا بۆ هێرشكردنە سەر ئازادیخوازان. لە ڕێگاى تەلەفۆن وكورتە نامەى ئەلەكترۆنى و فەیس بووكەوە دەستەڵات كەوتۆتە بڵاوكردنەوەى پڕوپاگەندە دژ بە كەسایەتیە دیارەكانى نێو خۆپیشاندانەكان و دروستكردنى سیناروێو داستانى قێزەون سەبارەت بە كارەكتەرى ئەو كەسانە بە نیازى ترۆركردنى مەعنەویان. لەم هێرشەدا، دەزگا سیخوڕى و سەركوتكارەكانى دەستەڵات خراونەتە گەڕ دژ بەو كەسایەتیانەى لە لیستە دووسەدكەسیەكەى دەستەڵاتدان بە پەنابردنە بەر ئەخلاقى خێڵ لەوەدا كە شەرەف و كەرامەتى ئەو كەسایەتیانە بكەنە ئامانج و كۆمەڵێك تۆمەتى ئەخلاقى بدەنە پاڵ كارەكتەر و ژیانى تاكە كەسیان. ئەم هەوڵە نەزۆكەى دەستەڵات درێژكراوەى سەرجەم ئەو هێرشانەى نێو میدیا حیزبیەكانى دەستەڵاتداران و میدیاى سێبەرە كە لە كاتى خۆپیشاندانەكانى كوردستان بەرامبەركەسایەتیە دیارەكان دەكران. لەم هێرشە نوێیەدا ئەم پلانەى دەستەڵات لە ڕێگاى ژمارەى نەناسراوەوە بۆ ژمارەكانى ئاسیا و كۆڕەك و لە شێوەى تەلەفۆن و كورتەنامەو پەیامى ترستناكەوە خۆیان بەیانكردوە كە بۆ كەسایەتیە دیارەكانى نێو خۆپیشاندانەكان نێردراون و تیایاندا هەڕەشەیان لێكراوە كە گەر بێدەنگ نەبن ئەم تۆمەتانەى بۆیان دروستكراوە بڵاودەكرێنەوە. لێرەوە ڕاى گشتى لەم هەوڵە موخابەراتیە ئاگاداردەكەینەوەو سەلامەتى گیانیى و مەعنەوى سەرجەم ئەو كەسایەتیانەى هێرشكراوەتە سەریان و دەكرێتە سەریان لە ئەستۆى دەستەڵاتدارانى ئەم هەرێمەدایە و هەر لە ئێستاوە ئەم هەوڵە بە هەوڵێكى پوچ و بێمانا لە قەڵەم دەدەین و ئەخلاق و ژیانى تایبەتى ئەو ئازادیخوازانە بە ڕوبەرێكى موقەدەسى تەجاوەز نەكراو لە قەڵەم دەدەین. لە ڕێگاى ئەم ڕاگەیاندنەوە هاونیشتمانیان لە ئەگەرى بەرفراوانبونى ئەم هێرشە ئاگادار دەكەینەوە و داوا لە سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر و مامۆستایانى ئاینى دەكەین لەمپەرێك لە بەردەم ئەم هێرشە دابنێن ئەویش بە بەرزكردنەوەى دەنگى ناڕەزایەتى و دیارخستنى نیەتى سەرەكى دەستەڵات لەم هەوڵە كە بریتیە لە بێدەنگكردنى هەموان و درێژەدان بە كلتورى ستەمكارى.
دەستەیەك لە هەڵسوڕاوانى خۆپیشاندانەكانى كوردستان
03/07/2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









