راگەیاندنی كەمپینی"سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەربڕین" لە شاری هەولێر
28/06/2010, 12:00 (GMT+1)

ئێمە وەكو دەستەیەك نووسەر و رۆژنامەنووس و كەسانی ئازادیخواز لە شاری هەولێر كەمپینێكی نوێ رادەگەیەنین بەناوی(كەمپینی شەهید سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی را دەربڕین) و هەموو هەوڵەكانمان چڕ دەكەینوە بۆ كاركردنی بەردەوام لەسەر ئەو كەیسە و ئازادی بیروڕا لە سەرانسەری دونیا بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان.
ئاشكرایە كە تاوەكو ئێستا هیچ هەوڵێكی ئەوتۆ نەدراوە بۆ ئاشكرا كردنی بكوژانی شەهیدی رۆژنامەنووس و خوێندكار(سەردەشت عوسمان)، ئێمە جگە لەوەی نیگەرانین لەو كەمتەرخەمییانەی دەزگاكانی ئاسایشی و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ و تەواوی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان، پێمانوایە مەترسی لەسەر ئازادی را دەربڕین هەیە لە هەرێمی كوردستان و دەبێت هەموومان كار بۆ فراوانتركردنی ئازادییەكان بكەن. هەروەها هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆئەوەی كەیسی تیرۆركردنی (سەردەشت عوسمان) بە كراوەیی بمێنێتەوە تا ئاشكراكردن و بە سزا گەیاندنی تاوانباران.
لێرەوە بانگەوازی جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان و رۆژنامەنووسان و هەموو كۆمیتە و كەمپینەكانی (سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی) لە دەرەوە و ناوەخۆی كوردستان دەكەین هەموومان هەوڵەكانمان لە یەك كەمپین و رێكخراوی سەرانسەری و فراوان چڕ بكەینەوە لەپێناوی بەئەنجام گەیاندنی دۆسیەی شەهیدی رۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان) و بە ڕەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕین لە كوردستان.
لەڕێی ئەم راگەیاندنەوەی ئەوە رادەگەینین كە ئامانجی سەرەكیمان ئاشكراكردن و دادگایی تاوانباران و بكوژانی شەهید سەردەشت عوسمان و بە رەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕینە لە كوردستاندا كە ئەوە ئامانجێكی سەردەشت و هەموو سەردەشتەكانی ترە. هەروەها ئامانجێكی دیكەمان كاركردنە بۆ تەواو بوونی پەیكەری (ئازادی شەهید سەردەشت عوسمان) و دواتریش لەسەر بەچاپ گەیاندنی پەرتوكێك كار دەكەین كە تەواوی نووسینەكانی شەهید سەردەشت و ئەو نووسنانەش كە لەسەر تیرۆركردنەكەی نووسراون لەخۆ دەگرێت. جگە لەمانەش چەند پرۆژەیەكی دیكەمان دەبێت بۆ داهاتوو. سوپاسی هەر كەسێكیش دەكەین ئەگەر هاوكاریمان بكات. جا چ لە كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ پەیكەرەكە یاخود لە كارەكانی دیكەمان.
كەمپینی"سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەبڕین" لە شاری هەولێر
2010-06-26
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









