كاك نەوشــیروان بۆ كەناڵى الجزیرەدا : ئەگەر خروقات كرا پەنا ئەبەینە بەر دادگا ... !
07/06/2009, 12:00 (GMT+1)

ئەم وەڵامە وەڵامێكى سیاسیانەى هاوچەرخانە و تێڕوانینێكى شارستانیە بۆ چارەسەركردن و بەلاداخستنى كێشەكان ، پیاوى سیاسی و بەئەزموون و خۆ بە بەرپرسیارزان لەبەرامبەر كێشە گەورە و چارەنووسسازەكانى میللەتەكەى ئەبێ هەروا وەڵام بداتەوە بەڵام ، دەسەڵاتى سیاسی و ئەداى حكومەتە سەقەتەكەى هەرێم تاڵاوى ژەهرێكى پێ چەشتووین كە بەهیچ جۆرێ تامى شیرینى جارێكى تر لە كاسەى ئەودا دەممان شیرین ناكاتەوە ! ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە وەك زەروو بە قوڕگى خەڵكەوە نوساوە ئەگەر خروقات و كارى نایاسایی و تەزویرو كێشە لە هەڵبژاردنەكاندا دروست بكا یاخود یارى بەئەنجامەكانى هەڵبژاردن بكا و لەكاتى دۆڕانە چاوەڕوانكراوەكەیاندا ئاژاوە بنێنەوە و كۆسپ بۆ ئایندەمان دروست بكەن ، ئەگەر بیانەوێت بەمەسەلەى هێز وچاوسووركردنەوەى پاسەوانەكانیان بمان ترسێنن ئەوا خەیاڵیان خاوە ، ئەگەر ئەم ئەگەرانە هەرچیان بەبارى نێگەتیڤەكەیدا دەسەڵات پراكتیزەى بكات ئەوا جەماوەر لەوانیە چاوەڕوانى ئەوە نەكات دادگا و حكومەتى ناوەندى بێتە ناوەوە و بەخاو و خلیسكى رازیمان بكەن و دەسەڵاتە شلۆق و ئیفلینج بوەكەیان بۆ بگەڕێنینەوە بەڵكە جەماوەر خۆى چارەسەر و ئەڵتەناتیڤى ئەوەى لایە ، ئەویش بەرەنگاربوونەوەى راستەوخۆ و رژانە سەر شەقامە تا ئەو رادەیەى كە بەخوێن ئازادى و گۆڕان دەستەبەر ئەبێ ، پێم وایە شەقام ، راى زۆربەى خەڵك لە دەسەڵات قبوڵ ناكا خروقاتى هەبێ و بێدەنگ بێ چونكە ئارام گرتنیش ئاستێكى دیارى كراوى هەیە و با دەسەڵات ئەوەى لاروون بێ : راستە چەك و جبەخانەكان لاى ئەون بەڵام سەدام و بەعسیش چەك و جەللادیان كەم نەبوو لە كوردستان ! ئەم نوسینەم باوا لێك نەدرێتەوە كە مەبەستم هاندان و خۆشكردنى ئاگرێ بێ بۆ ئایندە ، نا بە پێچەوانەوە بەلاى منەوە یەك دڵۆپ خوێن لە هەركەسێك بێ چ لە جەماوەر چ لە جەللادەكانى دەسەڵاتیش سەراپاى پرۆسە و رەوشى هێمنانە و رووى شارستانى مەسەلەكەمان ناشیرن و بێ بایەخ ئەكات بەڵام نابێ دەسەڵاتیش ئەوە والێك بداتەوە كە چەك بەدەست و خاوەنى هێزى چەكدارى نین ماناى وایە لاواز و بێ دەسەڵاتین و بێ دەنگى هەڵ ئەبژێرین نا زۆر بەپێچەوانەوە ئەم جارە بەهێزى زۆروزەوەندى جەماوەر ، بە ورەى پۆڵاینى بەعس قڕكەر بە پشتیوانى بازووى گەنج و لاوانى هێشتا خۆشی نەدیووى وڵاتەكەم مل بۆ ئیرادەى ئێوە و ویستە قێزەونەكانتان نادەین و دڵنیابن دەست بەردارى بیروڕاى ئازادیخوازانەى خۆمان نابین و حەتمیەتى ئەم گۆڕانە ئەبێ ببینین .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









