لە مەخمورەوە بۆ سەراى ئازادى لەسلێمانى
16/03/2011, 12:00 (GMT+1)

سەراى ئێوە.. سەراى ئازادى هەموو كوردستانە، دەستان خۆش بێ و هەر سەركەوتوو بن، دەستى ماندووبونتان دەكوشین و ئومێدەوارین هەر بەردەوام بن. بێگومان سەركەوتن هەر بۆ ئێمەى گەلە.
قەزاى مەخمور بەدوورى 5 5 كم لە شارى هەولێر دوورەو بەدوورى 200كم لەشارى هەڵمەت و قوربانى لەسلێمانییەوە دوورە، بەڵام بە دڵ و گیان و بە هەلوێست لەتەك هەر تاكێكى نێو گۆرەپانى سەراى سلێمانی داین. دەسەڵاتى حزب نەك لەسلێمانى بەڵكو لەناوچە دابراوەكانیش خۆى خزاندۆتە نێو سەرجەم كایەكانى ژیان! لێرە لەمەخمورى وێران و فەرامۆشكراو دەسەڵاتى حزب لەسەرووى هەموو دەسەڵاتێكەوە جگە لە رق وكینە شتێكى دیكە بەرهەم ناهێنێ. لە 17/2ەوە هاوڵاتیانى قەزاى مەخمور تا ئەم ساتەش بە ئومێدى ئەوەن سەرایەكى ئازادى لەشارەكەیان دابمەزرێت، بەڵام دەستو پێوەندەكانى پارتى رێگە بە هیچ جولانەوەیەك نادەن، سەرەراى ئەمەش ماستاوچییەكانى حزبو دەسەلات لەمەخمور لە هەولى پێك هێنانى كەمپینێكن لە دژى خۆپیشاندانەكانى كوردستان هەرچەندە دلنیام لەوەش سەركەوتوو نابن بەلام ئەوان لەهەوڵدان بۆ بەكارهێنانیان بۆ مەرامى بۆگەنى خۆیان و چەواشەكردنى خەڵكى كورستان.
لێرەوە دووپاتى دەكەینەوە سەراى ئازادى ئێوە.. سەراى پۆلاینى هەموومانە، ئەوەى ئێوە دەیكەن ئومێد بەخشە بۆ هەموو ناوچەكانى دیكەى كوردستان. سەركەوتنى ئێوەو خۆراگرى ئێوە.. دەبێتە هەوێنى بەدەنگ هاتنى هەموو ناوچەكانى دیكە. ئەوەى لێرە لە مەخمور روودەدات جگە لە تراژیدیایەكى بێمانا هیچى دیكەى لێ ناخوێندرێتەوە ! لێرە دەسەلاتى حزب بەتایبەتى پارتى وەكو فەرموودەیەكى پیرۆز جێبەجێ دەكرێت.. پارتى لەمەخمور بە ئارەزووى خۆى تەنانەت مامۆستاى ئایینى لەسەر مینبەرەكەى لا دەدات و هەرەشە لە رۆژنامەنوس و تەنانەت وەرزشوانانیش دەكات. كەسێكى وەكو (ئەحمەد گانى) كراوەتە بەرپرسی لقى 23ى پارتى دیموكراتى كوردستان، ئەو وەكو درەندەیەك كەوتۆتە گیانى هاولاتیانى مەدەنى مەخمور، هەركەسێك لە كانیەكەى ئەحمەد گانى بخواتەوە ئەوا بێگومان گەندەڵچى لێ دەردەچێ!، هەرچەندە لەو ماڵپەرە پیرۆزەى "كوردستان پۆست" پێمانخۆش نییە ناوى بەعسییەكى وەكو ئەحمەد گانى بخەینەروو چونكە بەرپرسە حزبیەكانى مەخمور خۆزگەى ئەوە دەخوازن ناویان لە مالپەرى "كوردستان پۆست" بێت تاوەكو پلەو پایەیان زیاتر بێت.. بەداخەوە زۆر بەرپرسی پارتى لەبەر ئەوەى ناوى لەو ماڵپەرە دێت و ئەگەر بە گەندەڵیش تاوانبار بكرێن ئەوان بە شانازى دەزانن چونكە دواتر بە راپۆرتیك سەرووى خۆیانى لێ ئاگادار دەكەنەوە كە چۆن خەڵك دژیان دەوەستێ! بێگومان ئەمەش مۆدێلێكى نوێیە لە سیستەمى كوردستان. بەڵگەش بۆ ئەو قسانە زۆرن هەروەك ماوەیەك لەمەوبەر بەرپرسێكى پارتى داواى لە كەسێك كردبوو كە بابەتێكى لە "كوردستان پۆست" لەسەرى بنوسێت وەكو خۆى گوتوبووى "بابەتێكى رەخنەیم لەسەر بنووسە تاوەكو پلەكەم بەرزتر بكەنەوە".
دیارە مەخمور زیاتر لە 80 ساڵە قەزایە، بەلام ئێستا لە گوندێكى وێران دەچێت، لەگەڵ ئەوەى هەزاران قوربانى و شەهیدى داوە لە پێناو شۆرش و راپەرینەكان و لەپێناو پێشمەرگایەتى سەرجەم گوند و دێهاتەكانى وێران كران، بەلام لە پاداشتى ئەوە دەسەلات و حكومەتى پارتى و یەكێتى ببورن حكومەتى هەرێم جگە لە چەند بەرپرسێكى گەندەڵچى و رابردوو پڕ لە شەرمەزارى هیچ شتێكى دیكەى نەكردۆتە دیارى بۆ ئەو شارە كوردییە.
شەوانە هاوڵاتیانى مەخمور بەدیار خۆپیشاندانەكانى دەرگاى سەرا تا ئەوكاتەى كارەبا هەبێت دادەنیشن و هەرتاكێكى ئەم مەخمورە ئاواتەخوازە لو خۆپیشاندانانە بەشدار ببێت و دەنگى مەزلومیەتى مەخمورى كپ كرا بەرزبكاتەوە.
لەكۆتاییدا پێمانخۆشە ئەوە دووپات بكەینەوە تاسەر ئێسقان پشتگیرى لە خۆپیشاندانەكانى سەراى ئازادى لەسلێمانى و سەرجەم شارو شارۆچكەكانى كوردستان دەكەین.. هەموومان بە دەست ناعەدالەتى كۆمەلایەتى و پاوانكردنى سەروەت و سامانى هاوڵاتیان و قۆرخكردنى بازارەكان دەناڵێنین.. بەڵام تادێت دەسەڵات و تەمەنى گەندەڵچیانى كوردستان كورتتر دەبێت و دواجار جەماوەرى كوردستان قسەى خۆى دەكات و ئەوەى دەمینێتەوە مێژوویەكى رەشە لە نێو چەوانى هەموو ئەوانەى بەسەروەت و سامانى میللەت گەیشتۆتە ئەو پلە و پایانە.
ماوەتەوە بڵێن كورسی دەسەڵات وەكو كورسی سەرتاشین وایە هەر ساتەو كەسێك لەسەرى دادەنیشێت.. بۆیە رۆژى ئاوابوونى گەندەڵچیانى كوردستان نزیك بوەتەوە. بژى سەراى ئازادى... بژى چاكسازى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









