<

بەیاننامەى كۆمەلیك لە گەنج و چالاكوانى خۆپیشاندانەكانى هەلەبجەى شەهید سەبارەت بە سالأیادى كیمیایبارانى هەلەبجەى شەهید

14/03/2012, 12:00 (GMT+1)







جەماوەرى بەشەرەفى كوردستان 
دانیشتوانى شارى هەڵەبجەى شەهید..

بیست و چوار ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژى 16\3\1988دا، لە كۆتا ساتەكانى شەڕى عێراق_ئێراندا،خەڵكى ستەمدیدەى هەڵەبجە ڕووبەڕووى دڕەندانەترین شێوەى زوڵم و ڕەفتارى نامرۆڤانە بوونەوە،ڕژێمى فاشیستى بەعس؛بە پلانێك كەمەبەست لێى بەسوتماك كردنى خاكى كوردستان و قڕكردنى خەڵًكەكەى و سڕینەوەى ئاسەوارى ژیان بوو،كیمیایبارانى شارى هەڵەبجە و دەووروبەرى كرد و لەساتێكدا نزیكەى 5000مرۆڤى سڤیل و بێگوناه شەهید كرا، و پتر لە 10000برینداربوون،شارەكەش بەتەواوى وێران كرا، سەرەڕاى ئاوارەبوونى تێكڕاى دانیشتووانەكەى و دوورخستنەوەیان لە زێدى خۆیان بۆ ماوەى نزیكەى 3ساڵ...
كارەساتى كیمیایباران برینێكى قوڵى لە دەروونى هەموو كوردێكى نیشتیمانپەردا دروستكرد، بەتایبەتى خەڵكى شارى هەڵەبجە؛لەو ڕۆژە بە دوواوە هەست بە تێكشكانى كەسێتى مەعنەوى خۆیان دەكەن و چاوەڕێیان دەكرد؛پاش ڕاپەڕینى بەهارى 1991 دەسەڵاتدارانى كوردستان،ئەو بۆشاییەیان بۆ پڕ بكەنەوە،چاوەڕێ بوون لەبەرامبەر ئەو غەدرە گەورەیەى كە لە خەڵكى ئەم شارە كرا؛دەسەڵات نازیان بكێشێت و لەڕووى مەعنەوییەوە كەیسى هەڵەبجە بە نێودەوڵەتى بكرێت،و داواى دادگاییكردنى ئەنجامدەران و هاوبەشەكانیان لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانى دنیا بكات،هەروەك لەڕووى مادییشەوە شارەكە ئاوەدان بكرێتەوە و ئەولەویەتى پێ بدرێت لەلایەن حكومەت و دەسەڵاتى جێبەجێ كردنەوە!!
بەڵام بەداخەوە؛پاش ڕاپەڕین هەڵەبجە پشكى شێرى بەركەوت لە پریشكى شەڕى نەگریسى كوردكوژیى وكرایە گۆڕەپانى چەندین جەولەى شەڕى ناوخۆ،هەر بەو بیانووەوە؛چەندین ساڵ بێبەشكرا لە خزمەتگوزارییە ژیارییەكان و تا دەهات برینەكانى جەستەى هەڵەبجە قوڵ و قوڵتر دەبوون...
دواى پرۆسەى ئازادى عێراق و دەستگیركردنى ێدام و سەرانى ڕژێمەكەى، دادگاى تاوانەكانى عێراق لەدۆسێى (دووجەیل)دا و لەبەرامبەر كوژرانى 43 شیعەدا،ێدامیان لەڕۆژى جەژنى قورباندا لەسێدارەدا و هاومەزهەبەكانیان دڵنیا كردەوە كە كەسانێك هەن،خوێنى ئەوانیان لا گرنگە،هەرچى بڕیارى ئەم دادگایە بوو تایبەت بە كەیسى هەڵەبجە، هەرچى یەك بووبێت جگە لە(أمرى واقیع)هیچیتر نەبوو!،گەورەیى دۆسێى هەڵەبجە ڕێگا نادات هیچ كەسێك موزایدەى بەسزا گەیاندنى سەرانى ڕژێم بەسەرئەو شارەوە بكات!!!
هاونیشتیمانیانى بەڕێزى كوردستان...
هاوشارییە سەربەرزەكانى هەڵەبجە.....
وا نزیكەى 20 ساڵە،لەم ڕۆژەدا ساڵانە یادى شەهیدە سەربەرزەكانمان دەكەینەوە، ئەوەى لەم بابەتەدا تێبینى دەكرێت؛ساڵانى سەرەتاى ڕاپەڕین،ئەو كاتەى كە تاكى كورد بە دڵگەرمییەوە و بەدوور لە گیانى تەسكى حیزبایەتى و ئایدۆلۆژى یادى ئەو كارەساتە گەورەیەى وەك بۆنەیەكى نیشتیمانى دەكردەوە،هاوڵاتیانى كوردستان یش بەگشتى و خەڵكى هەڵەبجە بەتایبەتى؛بە تامەزرۆییەوە ئەو یادە شكۆدارەیان دەكردەوە و ئەو ڕۆژانە تا ڕادەیەكى باش دەبووە مایەى ڕەواندنەوەى بەشێك لە خەمەكانیان،بەڵام مەخابن؛لەگەڵ دروستبوونى شەڕى ناوخۆ و سیخناخكردنى دەروونى تاكى كورد بە شەڕى تەسكى حیزبى،یادى هەڵەبجەش كرایە مەیدانى شەڕى ئایدۆلۆژى و هێدى هێدى ئەم یادە لە ماناى ڕاستەقینەى خۆى خاڵى كرایەوە....ساڵانێكە یادى هەڵەبجە؛كات و شوێنى خوێندنەوەى وتارى سیاسى و حیزبى بێناوەڕۆكە،جێگاى وەعد و بەڵێنى بەسەرچوو، و خۆنواندنى بەرپرسى نابەرپرسیارە،دواجار ڕۆژى بەفیڕۆدانى بڕێك لەسەرمایەى ئەم وڵاتەیە لە لایەن كەسانێك،كە خۆیان وەك (دەستەى ئامادەكار و لیژنەى ڤیستیڤاڵ و بەڕێوەبەرانى مەراسیم و.....)ەوە پێناسە دەكەن!!!
لەكاتێكدا كە ئێمە وەك كۆمەڵێك گەنج و چالاكوانى خۆپیشاندانەكان و ڕۆژنامەنووس و خەڵكى بەهەڵوێستى شارى هەڵەبجەى شەهید،هەست بە بچوككردنەوەى یادە نەتەوەیى و نیشتیمانییەكان دەكەین،ڕایدەگەینین؛ئەم ساڵ یادى شەهیدەكانمان بە بایكۆتكردنى مەراسیمى حیزبى و وتارخوێندنەوەى سیاسى سواو دەكەینەوە، و داوا لە خەڵكى بەشەرەفى كوردستان و هەڵەبجەو دەوروبەرى دەكەین،بچنە سەر گۆڕى شەهیدەكانیان و سڵاو و دروودیان بۆ بنێرن، و چیتر لە هۆڵێكى بێ گیان و ڕۆحدا لەگەڵ بەرپرسى گەندەڵدا خۆیان قەتیس نەكەن.....
هاوكات لێرەوە ڕایدەگەیەنین؛كە ئێمە سكاڵاى یاسایى لەسەر بەرپرسانى پلەباڵاى هەرێمى كوردستان تۆمار دەكەین،لەسەر كۆمەڵێك دۆسێى پشتگوێخراو كە ئەوانیش:
1_دۆسێى فڕۆكەوانى هەڵهاتوو تاریق ڕەزان،كە بەشێك لە سەركردەو بەرپرسانى ئەم وڵاتە هاوبەشن تیایدا.
2_دۆسیەى قایمقامى پێشووى هەڵەبجە(فواد ساڵەح)كە لەچەند دۆسێیەكى گەندەڵییەوە گلاوە، و لەلایەن بەرپرسانەوە تا ئێستا داڵدە دراوە.
3_دۆسێى(شەهید كوردە)،ئەو گەنجەى كە بە شێوەیەكى نا بەرپرسانە لە خۆپیشاندانەكانى ساڵى2006دا،بەر دەستڕێژى دەزگا ئەمنییەكان كەوت.
4_دۆسێى بەتاڵانبردنى ماڵ و سامانى هەڵەبجەییەكان لەساتى ڕوودانى كارەساتەكەدا،بەتایبەتى (بانقى هەڵەبجە)كە سەدان هەزار دینارى هاوڵاتیانى شارەكەى تێدا بە تاڵان برا.

هەزاران سلاو لە گیانى پاكى شەهیدانى هەلەبجە و سەرجەم شەهیدانى كوردستان


كۆمەلیك لە گەنج و چالاكوانى خۆپیشاندانەكانى هەلەبجەى شەهید

١٤ئازاری ٢٠١٢
هەلەبجەى شەهید

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست