<

هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی بە توندى ئیدانە دەكەین

30/08/2011, 12:00 (GMT+1)


لە كاتێكدا بارودۆخى سیاسى و ئاسایشى كوردستان وردە وردە بەرەو سەقامگیرى زیاتر هەنگاو دەنێت و, ئاڵۆزی پەیوەندیەكانى نێوان پارتە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەكان بەرەو كرانەوەو ئاشتبوونەوەى یەكجارەكى دەچێت و, هەواڵى لێدان و دەستدرێژى بۆسەر ڕۆژنامەنووسان زۆر سنووردار بووبوو , كەچى بەداخەوە , ئێوارەی ئەمرۆ 29/8/2011 لە نزیك ئۆفیسی سەرەكی رۆژنامەی ئاوێنە لەگەڕكی شۆڕش لە شاری سلێمانی، كەسێكى نەناسراو ، بە ئامێرێكی ئاسن هێرشی كردە سەر نووسەرو ڕۆژنامەنووس (ئاسۆس هەردی) بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیای ئاوێنە بۆ كاری میدیایی.
لە كاتێكدا ئێمە وەك دەستەیەك لە ڕێكخراوە ناحكومیەكانى شارى سلێمانى و كوردستان بە تووندى ئیدانەی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوس (ئاسۆس هەردی) دەكەین , ڕاشى دەگەیەنین كە بەهیچ جۆرێك ئەم جۆرە كردەوانە قبوڵ ناكەین و ناڕەزایەتى خۆشمان تابەرزترین ئاست دەگەیەنین و لە نواندنى هەڵوێستى مەدەنى جۆربەجۆریش بەردەوام دەبین تاكو پلان دانەران و ئەنجامدەرانى ئەم كردە ناشرینە ئاشكرا دەبن و سزاى یاسایى دەدرێن.
ئەم كردە نا دروستە لەكاتێكدایە كە پڕۆسەى ئاشتەوایى و گەیشتنە ئەنجامى دانوسانى لایەنە سیاسیەكانى كوردستان لە بەرەوپێشچوندایە , بۆیە گوومانى زۆرمان لادرووست دەبێت كە ئەم دەستدرێژیە بۆ نانەوەى ئاشووب و دروستكرنى گومان بێت لاى خەڵك تا هەست بەئارامى ڕاستەقینە نەكەن , بۆیە داواكارین كە دەزگا پەیوەندیدارەكانى ئاسایش و پۆلیس لە بەرزترین ئاستدا كارو لێكۆڵینەوەى جدى دەست پێبكەن و ئەنجامەكانیش بە خەڵكى كوردستان ڕابگەیەنن.
ئێمە وەك دەستەیەك لە ڕێكخراوە ناحكومیەكان پاڵپشتى بێ قەیدو شەرتى ئازادى سیاسى و ڕۆژنامەگەرى ئازادین و لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵ و توانایەكمان دەخەینە گەڕو لێناگەڕێن هیچ كەسو لایەنێك ئەو مافە لە خەڵكى كوردستان بسێنێتەوە.

1. ڕێكخراوى CDO
2. ڕێكخراوى YAO
3. ڕێكخراوى KCN
4. ڕێكخراوى CAMP
5. ڕێكخراوى PAO
6. ڕێكخراوى HATAW
7. ڕێكخراوى PSHK
8. سەنتەرى ڕاهێنانى دیموكراسى DTC
9. سەنتەرى ڕۆشنبیرى شارەزوور SCC
10. پەیمانگاى پەروەردەى كۆمەڵى مەدەنى EICS



 



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست