منیش بیرەوەریم لەگەڵ پارتى كرێكارانى كوردستاندا هەیە (بەشى یەكەم)
24/08/2012, 12:00 (GMT+1)


لەپایزى ساڵى 1994ئەوكاتە خوێندگارى پەیمانگا بووم و خۆم و دایكم وبرایەكم لەخانویەكدا دەژیاین لەرێى هاورێیەكى خۆمەوە و بەبرادەرانى پەكەكە ئاشناوبووم كە ئەوانیش هەریەك لە هەڤاڵان(موردان و فەرزند) كوڕ بوون و(رۆژداو هیزل) كچ بون ئیدى پەیوەندى و ئاشنایەتیم زیادیكرد و بوونە كەسانێكى دڵسۆز و جێى متمانەو چاكتر بڵێم بونە بەشێك لە خێزانەكەمان بەجۆرێك لەماڵدا هەڵسوكەوتیان دەكرد و خواردنیان ئامادە دەكرد و ئیش و كارى ناوماڵیان دەكرد دەتگوت سەدان ساڵە لەو ماڵەدا دەژین ،هەر بەوەش نەوەستام كلیلى ماڵم بۆیان دروستكردبوو تا هەركات ئێمەش لەماڵ نەبوینایە یان ئیشێكى كتوپڕیان هەبوایەو بۆخۆیان دەرگا بكەنەوە و توشى زۆر وزەحمەتى نەبن، ئەم نزیكایەتیە لەگەڵ رۆژگاردا بەرەو پێش دەچوو تاكاتێكمان زانى ماڵمان بۆتە بارەگایەكى پەكەكەو رۆژانە دەیان كادر و هەوادارى پەكەكە هامۆشۆ و كۆبونەوە و تەنانەت وانەى سیاسى وبەقەولى خۆیان(پەروەردە)شیان تێدا دەگوتەوە ،بەهۆیەوە منیش لەجاران زیاتر دەمناسین و لەئایدۆلۆژیاو سیاسەت و كارو خەباتیان شارەزاتردەبووم، لەلام وابوو تاكە لایەن و پارتێك كە بەجدىو دڵسۆزى كار بۆ رزگارى كوردستان بكات و ئامانجى بەدیهێنانى كوردستانێكى گەورەو سەربخۆ و ئازادبێت هەر پەكەكەیەو ئەویشە ئەو خەونەمان بۆ دەكاتە واقیع ، ئەمەش بووە رێگا خۆشكەرێك بۆم كە لەبەرخۆشەویستى هاوسۆزیم بۆ پەكەكە دەستبەردارى خوێندن ببم و بچمە ریزەكانى گەریلاوە (تەڤلى)ببم و ببمە هەڤاڵ....

پاش ئەوەى چوومە شاخ بۆ سەربازگەى چەمى رەزان یەكسەر خرامە پەروەردەو پەروەردەى سیاسى و سەربازىو ئەو پەرەروەردانەم خوێند وپاشان تەوابوونى پەرەوەردە لەگەڵ كۆمەڵێك هەڤاڵ لەچەمى رەزانەوە بەرێكەوتین بۆ قەندیل بۆئەوەى بەپراكتیكى شەڕببینین و بۆشەرَى دژى پدكلە ناوچەى خواكوررك ،تا قەندیل بەئوتومبیل رۆیشتین لەوێ لەگەڵ هەندێك هەڤاڵى بەئەزمون بوین بەیەك هێز و خۆمان سازكرد و بەرێكەوتین لەرێگا تووشى چەندین شەڕى لابەلا بوین، ئەوەى باش بوو پێشمەرگەكانى پدك تەواو لەئێمە تۆقیبون هەر دواى یەكەم دەستڕێژ ودەنگى فیشەك ئیدى هەڵدەهاتن و ئەوناوەیان چۆڵ دەكرد،دیاربوو ئەوانیش نەیاندەخواست لەپێناو شەڕێكى بێ ئاكام تێدابچن،تاگەیشتینە خواكورك لێرەو لەوێ جارجار توشى شەڕدەهاتین و بەسەر كەمین وكێڵگەى مین دا دەكەوتین بەڵام خۆشبەختانە زیانمان زۆركەم بوو، پاش چەند شەو رۆژێك نزیك خواكورك بوینەوە ،كەشفى ناوچەكەمان كرد زانیمان پدك هێزێكى زۆرى لەوناوە خڕكردۆتەوە بەو مەبەستەى ئابڵوقەى پەكەكە بدات لەویا تەواویان بكات. خواكورك تابڵێى شوێنێكى سەخت و قایم و چڕ و چیاى بەرز بوو ئەوەش بۆ هەڤاڵان ببوە پشت و پەنایەكى تۆكمە چونكە گەریلا و چیا دوانەیەكى لێك دانەبڕاون ،پلانى پەكەكە ئەوە بوو كەبەكەمترین زیان باشترین گورز لە پدك بوەشێنین ئەو ناوەیان پێ بەجێبهێڵن و بیكەنە بنكەیەكى ستراتیژى بۆبەستنەوەى باكور و باشور و رۆژهەڵات ، شەوەكەى تابڵێى ساردوباراناوى بوو، كەدونیا تاریكبوو تەواوى هێزەكانى پارتى بەدیاركەوتن و هەر هەمویان لەسەرما ندا و بۆ خواردن ئامادەكردن خۆ گەرمكردنەوە كەوتنە ئاگركردنەوە،هەڤاڵ رێبەر كە لێپرسراوى گروپەكەى ئێمەوبوو منیش جێگرى بووم پێشنیازیكرد كە بەقەناس لێیان بدەین ،ئەوەبوو دوو هەڤاڵى قەناس بەدەست لەگەڵ چوار گەریلاى تر بەرەو لاى ئاگرەكە نزیك كەوتنەوە و پاش ماوەیەكى كەم لێیان دان،ئەوەندەمان زانى قیژەو هاوارو شپرزەیى لەنێو هێزەكانى پدك پەیدابوو دیاربوو كوژراو برینداریان هەبوو،هێندەى بڵێى یەك و دوو ئەو قۆڵە بەئاسانى كەوتە دەست ئێمە، پێم خۆشە ئاماژە بەیەك شت بەم ئەویش خواردن وخواردنەوەى گەریلایە تا نەچیتە ناویان لەگەڵیاندا نەژى نازانى چۆنن، بەدرێژاى رێگا و مانەوە و شەڕ تاكە شتێك كە بۆتە خۆراكى سەرەكیان خۆَى وشەكر و لیمۆندۆزیە لەگەڵ ئاو دەیگرنەوە دەیكەنە موغەزى لەبەر ئەوەى ئامادەكردنى زۆر ئاسانە لەگەرمترین شەڕیشدا دەتوانیت دروستى بكەیت هەروەها بەهاى خۆراكى زۆریشى هەیە تێرت ناكات بەڵام وەكو موغەزى و (دیكسترۆلایت)كاریگەرە و هێز وجوڵەت پەك ناخات، هێزە شڕۆل و بەزیوەكەى پدك بەجارێك ورەیان بەردابووبەتایبەت ئەوان كەلەگەڵ كەشو هەواى ساردو سەختى سروشت و بێ جێگەو خواردن و خواردنەوە تەواو نامۆبوون. هێزەكەى ئێمە رۆژێك پێش وادەى خۆى گەیشتبووە شوێنى دیاریكراو ئەبوایە رۆژى دواتر زوو لەسەعات شەش هێرشى بەرفراوان لەچەند قۆڵەوە دەست پێ بكات ،بەڵام لەبەر خراپى كەش و هەواو تەم ومژو بەفرو باران و هەستانى ئاوى روبارەكان بەشێك لەهێزەكان دواكەوتن ،بەڵام ئەمەش نەبووە ئاستەنگ وگرفت لەكاتى دیاریكراودا هێرش دەستى پێكرد و لەماوەى چەند سەعاتێكدا تەواوى ناوچەكە لە پدك پاككرایەوە تا ناو سیدەكان راومان نان تەواوى خواكورك كەوتە دەست گەریلا، وەكو وتم چونكە پدك زاتى شەڕى نەبوو دڵنیابوو لەگەڵ ئێمە هیچى پێناكرێت هەر لەگەڵ یەكەم پەلامار و تەقە تەواو سەنگەرو شوێنەكانیان چۆڵكرد بەمەش هیچ زیانێكیان لێ نەكەوت و خۆیان دەربازكرد
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









