ئەنجومەنى نوێنەران بۆ دەنگى دایەوە بە كۆمسیۆن؟
01/08/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەو چەند هەڵبژاردنەى كە ئەو كۆمسیۆنە ئەنجامیداوە جێگاى گلەیى و ڕەخنە و قسەلەسەركردن بوە بەهەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستانیشەوە، ئەوە بێجگە لە دۆسیەى گەندەڵیەكان.
كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان تائێستا نەیتوانیوە ئەنجامى یەك هەڵبژاردن یان چەند بنكەیەك هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر دەیان تانە و سكاڵاش لەسەر پرۆسەكە هەبوبێت، چونكە ئەو بڕیارە پێویستى بە ئیرادە هەیە، ئیرادەیەك كە باڵاتربێت لە ئیرادەى حیزب و لیستە باڵاكانى ئەمڕۆى حكومەت ، ئەگەر دەیان بەڵگەش هەبوبێت لەسەر ئەنجامدانى تەزویرات و دیاردەى نەخوازرا و ناتەندروست و دەستكارى كردنى شفرەى داتاكان لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە هەر نۆ ئەندامە باڵاكەى ئەو كۆمسیۆنە ئەندامانى باڵاى حیزبە باڵاكانى ئەمڕۆى ئەنجومەنى نوێنەران و حكومەتى مەركەزى و حكومەتى هەرێم بون، ئەوەش یەكێكە لە سەلبیاتەكانى حكومەتى تەوافوقى كە ئەمڕۆ جێگاى شانازى هەمو لایەكە ، ئیتر چۆن لە سایەى ئەو كۆمسیۆنەدا ئەتوانرێت هەڵبژاردنێكى خاوێن وتەندروست ئەنجامبدرێت .
مانەوەى ئەو كۆمسیۆنە وەك خۆى بۆ هێشتنەوە و پاراستنى كورسی و پۆستەباڵاكانى ئەو حیزب و لیستانەیە كە دەنگیان بە مانەوەى داوە.
لەنێو گەلێكى هۆشیار ولە هەڵبژاردنێكى تەندروستدا ئەنجامى هەڵبژاردنەكان سەنگى مەحەكن ، بەڵام لەسایەى كۆمسیۆنێكى ئاوادا ئایا دەتوانرێت باوەڕ بە ئەنجامى هەڵبژاردنەكان بكرێت؟ بەڵام جارێكیتر لە سایەى دەسەڵاتێكدا كە پارە و هێز و یاساى لە دەستدابێت ئایا هیچ خیارێكیتر هەیە بێجگە لە قبوڵكردنى ئەنجامى ئەو هەڵبژاردنە ناتەندروستانە، هەرئەوە هۆكارى جارێكیتر پێدانەوەى متمانەیە بە كۆمسیۆنى باڵاى سەر بەخۆى هەڵبژاردنەكانە لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









