یەكێتىو پارتى هەندێك كوردى رۆژهەڵاتیان لەدژى خۆپیشاندەرانى باشورى كوردستان خستوەتەكار
11/03/2011, 12:00 (GMT+1)

كاتێك خەڵكى خۆپیشاندەرى سلێمانى لەرۆژى حەڤدەى خوێناویى مانگى شوباتدا لە لایەن ئەمنەزەردەكەى پارتییەوە بە دەمانچەو كڵاشنیكۆف و بى كەى سى وەڵامیان درایەوە، پروپاگەندەو سیناریۆكانى دەسەڵات بۆ چەواشەكردنى داوا رەواكانى خۆپیشاندەران بە چەند شێوازێكى منداڵانەو هەڵخڵەتێنەرانە دەستیپێكرد. دەزگاكانى پارتى كەوتنە پروپاگەندە، كە ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن كۆمارى ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێتو دەستى ئێرانى تێدایە. بێگومان ئەوەش پیشەى دەسەڵاتە پاوانخوازەكانە كە ئامانجى چەواشەكردنى خۆپیشاندانیان هەیە. پارتىو یەكێتیش دوو حیزبى پاوانخوازى لەوجۆرەن. ئەو دو حیزبە بۆ زیاتر چەواشەكردنى ئامانجەكانى خۆپیشاندانەكان سیناریۆیەكى دیكەیان بەڕێوە برد.
سەرەتاى سیناریۆكەیان بەوەوە دەستیپێكرد كە لەسەر تۆڕى فەیسبوك ژمارەیەكى زۆر كەم لەخەڵكى رۆژهەڵاتى كوردستان كە لەباشورى كوردستاننو لەدەزگاكانى پارتیدا كار دەكەن، دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەى پروپاگەندەكەى پارتىو بۆ بنەماڵەیان دەهۆنیەوە، كە خۆپیشاندەكانى سلێمانى دەستى سوپاى قودسى تێدایە، خۆپیشاندەرەكان دەیانەوێت ئەزمونى كورد تێك بدەنو دەستى بێگانە بگرنو بیهێننەوەو كوردستان داگیر بكەنەوە.
ئەو شەپۆلە بێشەرمانەى پروپاگەندە لەدژى خۆپیشاندەران كە لەسەر باى پارتىو یەكێتى دەژنرا. هێدى هێدى فۆرمى خۆى كامڵتر كرد، چونكە لەسایتەكانى رۆژهەڵات تایمز، بەیان ... كە هەردوكیان میدیاى سێبەرى دو دیموكراتەكەن چەندبابەتێكى پڕ لە درۆ و ناشیرینیان بەناوى كوردەكانى رۆژهەڵاتەوە بڵاوكردەوە كە هیچ بنەمایەكى نەبوو، ئەو بابەتانە لەسەر داواى رێبەرایەتى ئەو حیزبانە نوسرابوون كە مانگانە پارەیەكى باش لەسەر بودجەى هەرێمى كوردستان وەردەگرنو پارەى كەناڵە ئاسمانیەكانو رادیۆ و خواردنو پۆشاكیان لە لایەن یەكێتى و پارتیەو دابین دەكرێت. هۆكارى ئەو دژایەتیكردنەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لەئەگەرى هەرگۆڕانكاریەكى دیموكراسیانە لەباشورى كوردستانو ئاشكراكردنى گەندەڵیەكانى ئەو دو حیزبەى هەرێم، گەندەڵیەكانى كۆمەڵەكانو دیموكراتەكانو چۆنیەتیى دەستەمۆبوونیان لە كەمپەكان بۆ خەڵكى هەمو كوردستانو خەڵكى رۆژهەڵاتى كوردستان ئاشكرا دەبێت، چونكە بەڵێنیانداوە لەبریى وەرگرتنى هەندێك پارە دەستبەردارى كاروچالاكى لەرۆژهەڵاتى كوردستان ببن. ئاشكرابوونى چۆنیەتى دەستەمۆبوونى ئەو حیزبە گیرخواراردوانەى ناو كەمپەكان ئەوەش دەردەخات كە یەكێتىو پارتى لەسەر داواى كۆمارى ئیسلامیى داگیركەرى رۆژهەڵاتى كوردستان پارەیان پێدەدەنو خۆشیان ئاگایان لەو كەینوبەینەیەو قبوڵیشیان كردوە.
خاڵیكى سەیر ئەوە بوو كە لایەنگرانى هەمو كۆمەڵەكان و هەمو دیموكراتەكان لەكۆمێنتەكان و لە بابەتەكانیاندا لەسەر فەیسبوك زۆر بە جوانى بۆ یەكیان دەهۆنییەوەو هاوپەیمانییەكى شەیتانییان لەدژى خەڵكە تێكۆشەرە خۆپیشاندەرەكەى باشورى كوردستان دەستپێكردبوو. لەوەش سەیرتر هەندێك كەسى دۆڕاوى بزوتنەوەى سەوزى ئێران كە ئەوانیش سەردانى كەمپەكانى داوەشینى كۆمەڵەكان و دیموكراتەكانیان كردوە هاوڕاى ئەو دژایەتییە بوون.
كاتێك قەبارەى خۆپیشاندانەكان فراونتر بون و زۆربەى هەرە زۆرى خەڵكى تێكۆشەر و رۆشنبیرو رۆژنامەنوس و كەسایەتىو پێشمەرگەى دێرین پشتیوانیان لەخۆپیشاندانەكان كردو دەیان رێكخراوى جیهانیش پشتگیریى داخوازیەكانى خەڵكى باشورى كوردستانیان كرد، ئیدى بۆیان دەركەوت كە درۆ و دەلەسەكانیان دەربارەى ئەوەى كە ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانەكانەوەیە، نەك هیچ سوودێكى نییە، بەڵكو كەسیش باوەڕى پێناكات، بۆیە بە پەلەپروزێ كەوتنە دروستكردنى هەڵمەتێكى دیكەو بەیاننامەیەكى شەرمنانەى لاستیكییان نوسیوەو داوا لەخۆپیشاندەران دەكەن كە رۆژێكى خۆپیشاندانەكان ناوبنێن رۆژێك بۆ بەر پەرچدانەوەى كۆمارى ئیسلامى.
هەوڵدەدەم چەند بزمارێك لەو تابوتە بدەمو لەچەند روانگەوە باسى ئەو داخوازینامەیە بكەم، كە چۆن دەیانەوێت ئامانجى خۆپیشاندانەكان بەلاڕێدا ببنەنو چۆنیش لەبەرامبەر سیاسەتەكانى یەكێتىو پارتىو پەلكێشكردنى ئیتڵاعاتو میت بۆ هەرێمى كوردستان هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە، بەڵام ئێستا چۆن دژایەتى خۆپیشاندەرانى تێكۆشەرى باشورى كوردستان دەكەن.
بۆ دەبێت داوایەكى لەو جۆرە لەخۆپیشاندەران بكرێت كە لەچەندین بەیاننامەدا ئامانجەكانى خۆپیشاندانەكان دیاریكراون. ئامانجەكانیش دژایەتیكردنى گەندەڵكارانى هەرێمو یەكخستنەوەى هێزەكانى پێشمەرگەو ئاسایشو ناوخۆ و دروستكردنى هێزێكى نیشتیمانییە بۆ بەرگریكردن لە خاكى كوردستانو دەستكەوتەكانى، چونكە ئێستا ئەو هێزانە بەسەر دو حیزبى گەندەڵو بێگانەپەرستدا دابەشبووەو ناوێرن بەرامبەر یەك گولەتۆپى كۆمارى ئیسلامىو بۆمبێكى فرۆكەكانى توركیا كاردانەوەیەك لەخۆیان نیشان بدەنو سنورەكانى هەرێمى كوردستان بپارێزن. هەروەها خۆپیشاندەران دەیانەوێت وەزاەرتى دارایى حكومەتى هەرێم بەدوور لە فشەو فریو یەكبگرێتەوەو سامانو داهاتى هەرێم بەشێوەیەكى شەفافانە لەپەرلەمانو لەبەردەم نوێنەرەكانى گەل، كە بەبێ دەنگى تەزویر و ساختە چوبنە پەرلەمان ئاشكرا بكرێت. دەستەى نەزاهە، واتە دەستپاكى بەشێوەیەكى كارا بكەوێتە كارو راپۆرتەكانى بدرێتە دادگاكانو گەندەڵو دزەكانو بەرتیلخۆرەكان بەپێى یاسایەك كە حیزبو دیوەخانو خێڵ پێشێلى نەكەن، سزا بدرێن. دادگاكان سەربەخۆ بكرێنو كلكەكانى حیزب لەو دەزگا نیشتیمانیە گرنگە، كە دەتوانێت رۆڵێكى گەورە بۆ چەسپاندنى دادپەوەرىو دیموكراسى بگێڕێت دەربهێنرێن، تاوەكو بەرپرسە حیزبیەكان نەتوانن بە ئارەزووى خۆیان دەست لەكاروبارى دادگاكان وەربدەنو بڕیارەكان بە دڵى ئەوان دەربچێت. ئامانجى خۆپیشاندەران ئەوەیە كە ئیدى خاوەن عەشیرەتو دیوەخانو سەرۆك جاشو موستەشارەكانى پێشوى سەردەمى سەدامى گۆڕبەگۆڕ، كە ئێستا كاربەدەستى باڵان لەناو حكومەتە حیزبیەكەى یەكێتىو پارتیدا، نەتوانن بەزۆر و تۆقاندنو پارە، فێڵ لە دەیان هاوڵاتیى بەشەرەفى باشورى كوردستان بكەنو بەناوى یاساوە ملهوڕى بكەن.
لە لایەكیترەوە خۆپیشاندەران دەیانەوێت رێكخراوێكى حیزبى نەتوانێت، وەك سوپاى پاسدارانى ئێرانو بەسیج دەست بەسەر زانكۆكاندا بگرێتو بڕیارى داخستنى زانكۆكانى هەولێر دەربكاتو حكومەتو وەزیرى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى نەوێرن باسیشى بكەنو بڕیارێكى ئەو رێكخراوە هەڵبوەشێنەوە. خۆپیشاندەرانى خۆشەویست دەیانەوێت حكومەتى هەرێم، حكومەتى هەمو هەرێمى كوردستان بێتو بڕیارەكانى لەدهۆكو هەلێر و سلێمانى كارى پێبكرێت، نەك وەك كابینەى شەشەمى ئێستا، هیچ دەسەڵاتێكى بەسەر پارێزگاكانى هەولێر و دهۆكدا نەشكێتو لەسلێمانیش خودى حیزبەكەى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران دژایەتیى بكاتو حسابى بۆ نەكەن.
شۆڕشى دیموكراسیخوازانەى گەلەكەمان لەباشورى كوردستان لە لایەن زۆر كەسى هەستپاك و زۆر گەنجى نیشتیمانپەروەر بەڕێوە دەچێت، كە هیچیان دەوڵەتى سەربەخۆى كوردستانیان پێ خەونى شاعیرانە نییە. كەواتە خستنەرووى ئەو داخوازینامەیەو ئەو هۆكارانە چین كە دەیەوێت ئاراستەى خۆپیشاندانەكان بگۆرێت، چونكە هێشتا دیار نییە، كە خۆپیشاندانەكان چەند دەسكەوتى دیموكراسیخوازنە دەستبەر دەكات، ئایا لەئێستادا ئەو داخوازییە ئەركى خۆپیشاندەرەكان قورستر ناكات؟ ئایا سەرقاڵكردنى خۆپیشاندەران بەپروپاگەندەكانى بنەماڵەى بارزانىو تاڵەبانى بەماناى ئەوە نییە، كە وەزى خۆپیشاندەران لەئامانجى دیكەدا بەكار بهێنرێت، خۆ یەكێتىو پارتیش لەخوایان دەوێت كەیسێكى دیكە، كە قەت خۆیانو ئێوەش نەتانوێراوە باسى بكەن، ببێتە سەرقاڵیى خۆپیشاندەران، بەڵام خەیاڵتان خاوە.
باشە ئەگەر ئێوە راست دەكەنو ئەوەندە لەخەمى ئەوەدان كۆمارى ئیسلامىو دەستوپێوەنەكانى لەهەرێمى كوردستان نەمێنن، بۆ لەخۆتان ناپرسن كێ دەستى سوپاى پاسدارانى گرتو هێناى بۆ كۆیەو لەحیزبى دیموكراتیاندا، كێ رادیۆى دیموكراتى بۆ ماوى حەوت مانگ لەسەر داواى كۆمارى ئیسلامى داخست. باشە بۆ قەت جارێك نەتانوت، یەكێتى بۆ تا ئەو رادەیە بویت بە پیاوى كۆمارى ئیسلامى، ئەگەر راست دەكەنو بەكرێگیراوى حیزبەكانى بنەماڵەى بارزانىو تاڵەبانىو موهتەدىو هیجرى نین، بۆ تاوەكو ئێستا نەتانوێراوە كەیسى ئەو كوردە تێكۆشەرانى رۆژهەڵاتى كوردستان بجوڵێنن، كە لەژێر دەسەڵاتى یەكێتىو پارتیدا تیرۆركراون، دڵنیاشم بەشێك لەتیرۆركراوەكان دۆستو ناسراو هاوڕێتان بون، بەس بۆ تاوەكو ئێستا كارتان بۆ ئاشكراكردنى بكوژەكانیان نەكردوەو ریسواتان نەكردون؟ هەموو كوردێكیش دەزانێت ئەوانە بەهاوكارى یەكێتىو پارتى، ئیتڵاعاتو سوپاى پاسدران، سوپاى قودسو قەرارگا رەمەزان تیرۆركراون. باشە ئەگەر راست ئەكەن ئەوەندە لەخەمى ئەوەدان كە كۆمارى ئیسلامى دەستى لەكاروبارى حكومەتى هەرێم وەرنەدات، بۆ جارێك راتاننەگەیاند: بۆ حكومەتى هەرێم رێگا دەدات كۆمارى ئیسلامى لەهۆڵى پێشوا یادى دامەزراندنى خۆى بكاتەوە، ئەى بۆ لەخۆتان ناپرسن حكومەتە حیزبیەكەى هەرێمى كوردستان رێگاى داوە دو كۆنسوڵخانەى كۆمارى ئیسلامیى داگیركەر و سێدارە لەهەولێر و سلێمانى بكاتەوە. باشە ئەگەر ئێوە راست دەكەنو بەشێك نین لەپروپاگەندەى بنەماڵەكانى بارزانىو تاڵەبانىو مەبەستتان بە لاڕێدابردنى ئامانجى خۆپیشاندانەكان نییە، هەر بەو جۆرە كە یەكێتىو پارتى دەیانەوێت خۆپیشاندەران بە پیاوى ئێرانو سوپاى قودس پێناسە بكەن، بۆ لەئاست تۆپبارانكردنى خاكى باشورى كوردستان لەلایەن كۆمارى ئیسلامییەوە وەك ئێستا بەیاننامەیەكتان دەرنەكردو داواتان لەحكومەتە حیزبیەكەى هەرێم نەكرد، كە رێگا نەدات لەوە زیاتر سەروەریى هەرێمى كوردستانو یاسا نێودەوڵەتیەكان لەلایەن كۆمارى ئیسلامییەوە پێشێل بكرێت. وەك كوردێكى رۆژهەڵاتى كوردستان زۆر شەرم دەكەم كە تاو ئەو رادەیە زەلیلى یەكێتىو پارتى بوونو لەدژى خەڵكى كوردستانو بۆ لەئاراستەدەركردنى خۆپیشاندانەكان بەیاننامەى لاستیكى لەو جۆرە دەربكەن.
خەڵكى خۆپیشاندەر و تێكۆشەرى باشورى كوردستان دەمەوێت پێتان رابگەیەنم قەت ئەوانە بە نوێنەرى خەڵكى رۆژهەڵاتى كوردستان نەزانن، بەڵكو وەك رێكخراوێكى یەكێتىو پارتى، یان ئەندامى یەكێتىو پارتى حسابیان بۆ بكەن، چونكە ئەوانە بوونەتە بەشێك لەیەكێتىو پارتى. كارى ئەوانو سایتە سێبەرەكانیان تەنها دژایەتیكردنى تێكۆشانى راستەقینەى گەلەكەمانە، چونكە ئەوانە كە زۆربەى هەرزۆریان بەرهەمى كولتورى كەمپنشینى كۆمەڵەكانو دیموكراتەكاننو لە گۆڕەپانى خەباتى گەلى كورددا تەنها گۆڕەپانى كەمپەكانیان پێبڕاوە. كاتێكیش لەكەمپەكان ماونەتەوە لەلایەن یەكێتىو پارتییەوە دەرزیان دادراوە، كە چۆن دەستەمۆبنو پاساو بۆ ئەو دو حیزبەگەندەڵە دوژمن پەرستانە بهێننەوە. ئەگەر هەندێكیشیان لەكەمپەكاندا نەژیابن، ئەوە كاتێك لە دامودەزگانى یەكێتىو پارتیدا دامەزراونو تەزكیەى حیزبییان پێبوە، لەوێش فێركراون یەكێتىو پارتى دژى چىو كێ بوون، دەبێت ئەوانیش دوژمنایەتى بكەن. حەز ئەكەم چەند نمونەیەكتان بۆ بێنمەوە.
كاتێك یەكێتىو پارتى لەسەر داواى توركیاى داگیركەر شەڕى چەكدارىو راگەیاندنیان لەدژى پەكەكە دەستپێكرد، ریك كۆمەڵەكانو دیموركراتەكانو پیاوەكانیان هەمان پروپاگەندەیان لەدژى پەكەكە لە ناوەندەكانیان بڵاودەكردەوە و دەیانخواست خەڵكى رۆژهەلاتى كوردستان لەخۆڕایى بكەنە دوژمنى پەكەكە، بەڵام ئەو هەوڵەیان سەرى نەگرت. كاتێك كۆمەڵەكانو دیموكراتەكان داماوى كەمپەكان بووبوونو خەڵكى رۆژهەڵاتى كوردستانیان لەبیر چوبوە، پارتى ژیانى ئازادى كوردستان، واتەپەژاك هاتە مەیدانى خەباتى رۆژهەڵاتى كوردستان، بەو شێوەیە كە لاى یەكێتىو پارتى فێركرابون كەوتنە دژایەتى پەژاك، چونكە كۆمارى ئیسلامى چاوەڕوانى دەكرد لەرێگەى یەكێتىو پارتییەوە پەژاكیش كۆنترۆڵ بكات، بەڵام كاتێك ئەوەیان بۆ نەكرا، لەژێر گوشارى كۆمارى ئیسلامیدا، یەكێتىو پارتى، كۆمەڵەكانو دیموكراتەكانیان لەدژى پەژاك بەكارهێنا. ئەوانە پەروەردەكراوى كولتورێكى سیاسیى تێكدەرانەنو كاتێك خۆیان نەتوانن شۆڕش بكەن، ئەوە هەوڵى تێكدانى دەدەن، كاتى خۆى ئیدریس بارزانیى وتبوى ئەگەر شۆڕشمان پێنەكرێت خۆ پێمان تێك ئەدرێت، ئێستاش كۆمەڵەكان بەهۆى پارچەبونیانو نەبونى ئیرادەو پرۆژەى سیاسییەوە وەك دیموكراتەكانیان لێهاتوەو ناتوانن شۆڕش بكەن، بۆیە كار لەسەر تێكدانى شۆڕشى رۆژهەڵاتى كوردستان دەكەن، لەئێستاشدا كەوتونەتە دژایەتیكردنى خۆپیشاندەرانى باشوورى كوردستانو چاویان بەوە هەڵنایەت كە كوردى باشور لەرێگەى دیموكراسییەوە مافەكانى خۆى لەقورگى ئەو زل گەندەڵو دیكتاتۆرەكان دەربێنێت، چونكە ئەم شۆڕشە ئەوەندى دیكەخەڵكى رۆژهەڵات وشیار دەكاتەوەو لەداهاتودا ئەمانیان قبوڵ نابێت، چونكە خەڵك لەسەركردە بتەكان دەپرسێتەوەو ئەمانیش دەكەونە بەر شەپۆلى نەوەى نوێو پێیان دەڵێن ماڵئاوا سیاسەتى كلاسیكى یەكێتىو پارتى، سیاسەتى چاو لەدەست، سیاسەتى موحافزەكارىو خۆبەدەستەوەدەرى.
دەمەوێت وەك بزمارێكى، رۆژهەڵاتى كوردستان كە خۆم كوتاوە بەو تابوتە چەواشەكاریانەى یەكێتىو پارتیدا، بەخەڵكى تێكۆشەرى باشورى كوردستان، خۆپیشاندەرانى ئازیز، خوێندكارە بەرێزەكانى زانكۆ و پەیمانگاكان، پێشمەرگە دێرینو مامۆستا بەڕێزەكان، رۆشنبیرانو رۆژنامەنوسانى ماندونەناس، كەسایەتىو نوسەران، دوژمن بەزێنەكانو چقڵى چاوى داگیركەرانى كوردستان، رابگەیەنم، بەردەوام بن سەركەوتن بۆ ئێوەیەو پشتو پەناتانین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









