<

هەر كاتێ كار گەیشتە هێنانى دەبابە بۆسەر شەقام ئەوا دڵنیابن كۆتایى ئەو دەسەڵاتە حەتمیە ..

17/02/2011, 12:00 (GMT+1)


لەتونس پاش هێنانى دەبابە بۆسەر شەقام بەمەبەستى تۆقاندنى هاوڵاتى ئاشتیخواز و ئازادیخواز دەسەڵاتى بن على دوابزمارى بەتابوتى مەرگ و كۆتایى خۆیدا داكووتى ، لەمیسر كاتى حوسنى ناموبارەك دەبابەى سوپا و حرس جمهورى پەلكێشى سەرشەقامكرد ئیتر لەهەموو كاتێ زیاتر كۆتایى خۆى و دەسەڵاتەكەى نزیككردەوە ، لەكوردستانى ستەمدیدەش كاتێ شێخ جەعفەرى دەست و دامێنپیس دەبابەى ژەنگاوى بۆتۆقاندنى خەڵكى هێنایە ناو شارى سلێمانیەوە ئەوكات ئیتر لاى هەمووان مەعلوم بوو كە هەرەسهێنانى دەسەڵاتى بنەماڵە یەقین و حەتمیە .

دەسەڵاتى بەدڕەوشتى یەكێتى و پارتى بیست ساڵە قەوانى سوواو و تۆز لەسەرنیشتووى بەناو خەبات و تێكۆشان بەمیللەتى خێرنەدیو ئەفرۆشێتەوە ، بەڵام خۆیان نادەن لەقەرەى مەزنترین و روونترین راستى چاوكوێركەر كەئەویش ئەوەیە [ سێ بەش لەچوار بەشى ئەم فس فس پاڵەوانانە خاوەن فایل و سیخوڕى پیسخۆرى رژێمى بەعس بوون] لەپاش راپەڕینیشەوە درێخیان نەكردووە و هەرچى گەندەڵى و بێنامووسى و بێحورمەتى هەیە دژ بە خەڵكە بێدەسەڵاتەكە كردوویانە بە شەڕى ناوخۆى سەر دەسەڵاتى درێژە خایەنەوە كە سەد هێندەى كیمیاباران و لەسێدارەدان گەنجى ئەم وڵاتەى تیا بەناهەق كوژرا .

شێخ جەعفەر ، خولە سەنگاوى ، حاكم قادر ، مەلا بەختیار ، عومەر مورتاح ، كۆسرەت و كوڕەكەى ، هێرۆى برایم ئەحمەد ، دكتۆر نابەرهەم ، لەسەروى هەمووشیانەوە جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى و كاسەلێسەكانى چواردەوریان بەهەموو جۆرە لێكدانەوەیەك شەرعیەتیان نەماوە و نموونەى خەڵكى گەندەڵ و بێئابروون ، بیست ساڵە میللەت ئەچەوسێننەوە و ستەمكارى ئەكەن و بودجە و سامانى بەتاڵانئەبن و تەعەدا لەنامووس و شەرەفى بێدەسەڵاتەكان ئەكەن ، ئیتر تائێرەو بەسە كاسەكە دەمێكە لێورێژى كردووە و میللەت لەتوانایدا نەماوە ستەمى زیاتر لەم جەردە و رێگرانە قبوڵبكات ، ئەوان ئەگەر چارەكى چارەكى ئابرووى زین العابدین و موبارەكیان هەبێ ئەبێ خۆیان گۆڕەپانەكە چۆڵبكەن چونكە هەموو رووداوەكان هێمان بۆئەوەى كە جەماوەر دەستبەرداریان بووە ، هەر ئەوان نەبوون نەوت ئاودیودەكەن و داهاتەكانى ئەكەن بەگیرفانى تایبەتیاندا لەكاتێكدا هاوڵاتى سادە ساڵى یەك بەرمیل نەوت وەردەگرێت ئەویش بەچ حاڵێك ، هەر دكتۆر نابەرهەمى تەزویرچى نەبوو ئاشكرا بوو لێى بەبودجەى گشتى دەهەزار دەمانچەى بۆ كڕینى ئەستۆ و دەنگى ساختە دابەشكردووە كە ئەكرا بەپارەكەى هەزاران لاپتۆپ بۆ خوێندكارە هەژارەكان و كەمدەرامەتەكان بكڕدرێن تاكو فێرى رۆشنبیرى بن نەك فێرى كلتوورى كەرەستەیەك كە سیماى كوشتن و نەهامەتیە .

حاشا حاشا ئەم بەرپرسە سمێڵ چەورانە بەدۆلارى حەرام بەرپرسى ئێمەنین ئەوان بەرپرسى كوڕ و كەس و كار و خزمى خۆیانن ، ئەوان بەرپرسى باخ و ڤیلاى سێكسبازین ، ئەوان پاڵەوانى شەڕى ناوخۆ و بەتاڵانبردنى نەوت و سامانى گشتین ، ئەوان شۆڕەسوارى نەبوونى بێخزمەتگوزارین و خەسێنراوى دەستى گەندەڵكارى و بەدڕەوشتین ، بۆیە هەموومان پێیان ئەلێین بــــاركەن بڕۆن چیتر ئەم دەڤەرە زێدى ئێوەى چەپەڵ و تاوانبار نیە ... راپەڕین ژیلەمۆى كرد .. راپەڕین ئەتانسوتێنێ .

 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست