<

*قبووڵ ناكەین كەس كەسایەتیمان بدزێ و بە ناوى ئێمەوە بڕیار بدات*

02/03/2011, 12:00 (GMT+1)
پشتگیریكردن لە بەیاننامەى " هەروا بە ئاسانى بێ دەنگ ناكرێین " ى قوتابیان و خوێندكارانى زانكۆى سەلاحەددین

ئێمە كۆمەڵێك قوتابی و خوێندكارى كۆلێژی خوێندنى ئێواران زانكۆى سەلاحەدین ، وێڕای پشتگیری كردنێكى تەواوى ناوەڕۆكى بەیاننامەكەى ئەو قوتابیانە كە لە 28/2/2011 دەریانكردووە و داواكاریەكانیان بەهی خۆمان دەزانین ، ئەوا رایدەگەیەنین كە ئێمە هەرگیز قبووڵ ناكەین هیچ كەسێك و لەژێر ناوى هەر شتێكەوە بێت كەسایەتى ئێمە بدزێ و لە شوێنى ئێمەوە بڕیار دەربكات ، چونكە ئێمە پێمان وایە كە ئەوەى یەكێتى قوتابیانى كوردستان كردى كارێك بوو متمانەو مافی بڕیارى لە قوتابیان و خوێندكاران سەندەوە ، ئەوان قسەیان كرد ، بڕیاریاندا ، سەپاندیان ، بەبێ ئەوەى ئێمە ببینن و گوێیان لە ئێمە بێ ، كە بەمەش مسداقیەتى رێكخراوەیی خۆیانیان لە دەستدا ، بۆ سەلماندنى ئەو راستیەش ئێمە سێ بەڵگە دەخەینەڕوو:
1. ئەگەر ئەم خوێندن راگرتنە قوتابیان و خوێندكاران خۆیان پێی هەڵسابن ، واتە بەزمانە باوەكە بڵێین (لێدان) بێ ، ئەوا دەڵێین هەرگیز راست نیە ، چونكە لای هەمووان ئاشكرایە كە كارى لەم جۆرە لەكاتى دەوامكردندا دەكرێ و قوتابیەكان رێككەوتنى پێشوەختە دەكەن ، بەڵام رۆژى چوارشەممە 23/2/2011 كە دوایین رۆژی دەوام بوو هەرگیز هیچ قوتابیەك تەنانەت باسیشی لە لێدان و نەهاتنەوە نەكردووە .
2. ناردنى كورتەنامەى نوێنەرى یەكێتى قوتابیانى كوردستان بۆ قوتابیان و خوێندكاران لە شەوى 23/24-2-2011 كە نەیەنەوە بۆ دەوام تا 2-4-2011 ، كە ئێستاش ئەم نامەیە وەكو بەڵگە لە مۆبایلی زۆربەى قوتابیان و خوێندكاراندا ماوەتەوە و هیوادارین كەس نەیسڕێتەوە .
3. لە رۆژی شەممە 26-2-2011 بە دواوە بەردەوام كۆمەڵیك قوتابی چوونەتە كۆلێژەكانى خۆیان كەچی لەلایەن بەشەكانەوە پێیان وتوون دەوام نیە ، ئەمە لە كاتێكدا دەرگاى بەشەكان قوفل دراوە و رۆژی یەكەمیش مامۆستای هەندێ وانە هاتوونە و ئامادەش بوون وانە بڵێنەوە .
4. رۆژى چوارشەمە سەرجەم بەشە ناوخۆیەكان بە خوێندكارانیان راگەیاند تەنها لە كاتژمێر چوارى ئێوارە دەرگاى بەشە ناوخۆى دادەخرێت. ئێمە دەپرسین ئەمە بە بریارى كێ و چۆن و بۆ چى؟
5. ئەو ئێوارەیەى كە دەرگاى بەشە ناوخۆیەكان داخران یەكێتى قوتابیانى سەر بە پارتى پاسى بۆ خوێندكاران گرت بۆ گواستنەوەیان ئەمە بۆچى ئەگەر مەرامێكى سیاسى لەپشت نەبێت و بەو شەوە خوێندكارانیان بۆ ماڵەكەیانیان گەراندنەوە.
6. لێرە داوا لە وەزیرى خوێندنى باڵا دەكەین كاتى ئەوە بەسەر چوە لەبەربرسیاریتى رابكات ئێمە داواى لیدەكەین یا رێكارى یاساى بەرامبەر ئەو رێكخراوەى پارتى بگرێتە بەر یا دەست لەكاربكێشێتەوە. یا سەرۆكى زانكۆكانى هەولێر دەست لەكار بكێشنەوە.
هەروەها ئێمە پشتگیرى تەواوى خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى دەكەین و داواكاریەكانیان بە داواكارى خەڵكى كوردستان دەزانین و پێویستە لە ماوەیەكى كورتدا جێبەجێبكرێن و بە پێچەوانەوە كاریگەرى سلبى و شۆرشى بەدواوەیە.
بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێین ئەگەر دەمانەوێ زانكۆ بەڕاستى ببێتە زانكۆ و هەیبەت و شكۆى بۆ بگەڕێتەوە ، دەبێ دەستى حزب و پەنجەكانى لە زانكۆدا قەدەغە بكرێ .
كۆمەڵێك لە قوتابیان و خوێندكارانى كۆلێژى خوێندنى ئێواران/زانكۆى سەلاحەددین
 1/3/2011 - هەولێر
 



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست