<

ئەنجامنامەی چالاكی كەمپینی پشتیوانی لە مانگرانی باكوور

15/04/2012, 12:00 (GMT+1)
بۆ رای گشتی:
لە پێناو پشتگیری كردن لە مانگرتوان لە زیندانەكانی توركیا كە ئەوە بۆ ماوەی 58 رۆژە لە مانگرتندان ولە هەمانكاتدا پشتگیری مانگرانی شاری ستراستبورگی فەرەنسا كە ماوەی 42 رۆژە لە مانگرتنی بێ وادە و بێ نورەدان. ئێمەش لێرە كۆمەڵێك رێكخراو و كەسایەتی روشنبیر و چالاكوانی سیاسی و مەدەنی، وەك ئەركێكی نەتەوەی و دیموكراتی وئەخلاقی بریارماندا بە كەمپینێك كە چالاكی مانگرتنی بە نورە بۆ ماوەی 6 رۆژ لە پێش بارەگای نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ئەنجامبدەین.
رۆژی شەممە كە دەكاتە رێكەوتی 7 نیسان 2012 لە بەردەم پاركی شانەدەر بە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەستمان پێكردو بریار بوو بچینە بەردەم نوێنەرایەتی UN لە هەولێر مان لە خواردن بگرین و تاكوو 12 نیسان 2012 بەردەوام بین، دواتر بە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری كۆتایی بە چالاكیەكەمان بێنین. بۆ ئەم مەبەستە لایەنی پەیوەندیدار بۆ مەبەستی فەرمی ئاگادار كراونەتەوە ئەوانیش هەردوو لایەنی پولیسی گشتی و ئاسایشی هەولێر. دوای لێدوانی رۆژنامەوانی بۆ ئەنجامدانی مانگرتن مانگران چووینە بەردەم UN بەڵام لەوێ رووبەرووی رەوشێكی نەخوازراو بووینەوە ئەویش پولیس چالاكیە مەدەنیەكان هاتن و پەلاماری چادری مانگرانیان داوە و بردیان. پاش كێشمەكێشێكی یەك سەعاتی بە شێوەیەكی ئاسایی دەست بە چالاكی كرا.
دوورۆژی یەكەمی چالاكیە كە چالاكوانانی هەولێر و كەركووك دەستیان بە مانگرتن كرد و رۆژی سیهەم چالاكوانانی سلێمانی، دهۆك و شەنگاڵ وەریان گرت رۆژی چوارەم چالاكوانانی گەرمیان و بناری قەندیل چالاكیەكەیان وەرگرت. بەڵام لەناو چالاكواناندا 6 چالاكوان لەیەكەم رۆژەوەتا دوای بەردەوام بوون .
لە چوار رۆژی چالاكی مانگرتندا توانرا لە خەباتی مەدەنی و دیموكراتیدا مۆدێلێكی تر پەرەیپێبدرێت و جدیەتی چالاكی مەدەنی دەركەوتە پێش. لەم ماوەیەدا زۆربەی چالاكوانی مەدەنی و پارتی سیاسی و رێكخراو كۆمەڵێك لەپەرلەمانتاران لەناویاندا لیژنەی مافی مرۆڤ سەردانی مانگرانیان كرد. هەروەها كات وەرگیردرا تاكوو دوای نیوەرۆی رۆژی چوارشەم شاندێك لە مانگران یاداشتی خۆیان بدەنە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان. چالاكی بە 27 چالاكوان دەستی پێكرد لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا گەیشتە 60 چالاكوان. كە ژمارەیەكی بەرچاو لەچالاكوانان ژنان بوون كە هەندێك دایك منداڵی شیرەخۆرەیان پێ بوو .
پێشێلكاری لە بەرامبەر چالاكی مانگران
یەكەم رۆژی چالاكی كە دەكا رۆژی شەممە، پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان هێرشی كردە سەر كەلوپەلی مانگران و چادری مانگرانی بردوو نەیانهێشت ماوەی چوار رۆژ چادر هەڵبدەین، واتا بە شەو و رۆژ چالاكوانان لە بەردەم سەرما و گەرمای رۆژگار بوون. رۆژی سێشەممە دیسان چەند پۆلیسێك سەردانی شوێنی چالاكیان كرد و داوا یان كرد كۆتایی بە چالاكی بهێنین، بەڵام ئێمە پێمان راگەیاندن كە چالاكیەكەمان تاكوو رۆژی پێنچ شەممە بەردەوام دەكات و ئێمە مۆڵەتەكەمان تارۆژی پێنچ شەمەیە .
بۆ شەو سەعات 12.30 هێزێك كە ژمارەیان لە200 پۆلیسی زیاتر دەبوو بەناوی پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان هاتن بێ هیچ پرسێك هێرشیان كردە سەر چالاكوانان و هەموومانیان دەستبەسەر كرد. لە گەڵ ئەوەی بێ رێزی و دوور لە هەموو پرەنسیب بو پێوانەیەكی مرۆیانە، بە هەموو شێوەیەكی لێدان قۆلبەستكردن بێ پێلاو بردنی چالاكوانان بۆ بنكەی پۆلیسی عینكاوە، دوای زیاتر لە سێ سەعات مانەوە لە دەستبەسەری بە كەلەبچەكراوای دواتر هەموومان پێكەوە، دەریان خستینە دەرەوەی هەولێرو لەبەر باران بەجێیان هێشتین . لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا بەگشتی هەموو چالاكوانان روبەرووی هێرش بوونەوە لەناویاندا 3 چالاكوان بەهۆی لێدانی زۆرەوە بریندارەو رەوشی تەندروستیان باش نیە .بەتایبەتی شێخ محەمەدی بەستێ كە كەسێكی بەتەمەنە وبەدرێژای تەمەنی لەتێكۆشاندابوو كەسێكی نەتەوەییە ، بەهۆی لێدانی زۆرەوە ئێستا رەوشی تەندروستی باش نیە .
ئێمە لە كاتێكدا لە كەمپینی مانگرتن بۆ پشتیوانی لە مانگرانی باكوور، دەستخۆشی لە مانگران ئەكەین و ئەو هەڵوێستەی پیشانیاندا لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا جێگای رێزە بەتایبەتی ژمارەیەك لەدایكان بەخۆیان و منداڵەكانیانەوە جوانترین بەرخودانیان كرد و ئێمە ئەڵێین سەرەرای برینداربوونی ژمارەیەك لە چالاكوانان .چالاكی مانگرتن بە سەر كەوتوووی تەواو بوو.
هەروەها ئێمە بە ناوی كەمپینەكەمان بە توندی ئەو هەڵسوكەوتەی دەزگای ئەمنی هەولێر شەرمەزار ئەكەین و بە هیچ شێوەیەك مایە پەسند نییە.ئێمە حوكومەتی هەرێم بەرپرسیار دەبینین لە م روداوە. بۆیە داواكارین لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان كە پشگیری خۆیان بۆ چالاكیەكەی ئێمە پیشاندا ، لێكۆڵینەوە لەگەڵ دام ودەزگای ئەمنی شاری هەولێر پۆلیس و لایەنی پەیوەندیداردا بكەن . چونكە هەڵسوكەوتەكەیان تەنها خزمەتبوو بە داگیركەران و ناخەزانی وڵاتەكەمان. ئەم جۆرە رەفتارانە بەمەبەستی شكاندنی ئیرادەی نەتەوەی ودیموكراتیانەی گەلە و دروستكردنی كۆمەڵگایەكی بێ ئیرادەیە .ئێمە هەموورێو شوێنێكی یاسای دەگرینەبەر وەدۆزلەبەرامبەر لایەنی پەیوەندیدار دەكەینەوە .وەدەخوازین بە تەواوی بە خەڵك وبەهەموو لایەنەكان بڵین هیچ كاتێك سنوری ئاستەنگیەكان ناناسین و لەپێناوی مافی نەتەوەی و دیموكراتیانەماندا بەردەوام دەبین لەچالاكی مەدەنی و دیموكراتیانەدا .
لە گەڵ رێز و پێزانینمان بۆ هەموو چالاكوانان و خەباتكارانی مەدەنی و راگەیاندن
كەمپینی پشتیوانی لە مانگرانی باكوور
12ــ نیسانی ــ 2012
هەولێر
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست