<

ئێمەیش لەخەمی ئازادی رۆژنامەگەریدان

23/09/2010, 12:00 (GMT+1)

راگەیەندراوێك لە دەستەى سەربەخۆیى رۆژنامەنوسانی گەرمیانەوە

رۆژنامەنوسانی ئازیز , خەمخۆرانی ئازادی بیرو ڕا ...

بەرامبەر ئەو دەستدرێژى و پێشێلكاریانەى لە كوردستاندا دەكرێـتە سەر ماف و ئازادیەكانی رۆژنامەنوسان بە پێویستمان زانی نیگەرانی وترسى خۆمانتان پێ رابگەیەنین , ترس لەوەى یەكەیەكە هەموو قەڵەمە بوێرەكانی میدیاى كوردی بەدەردی (سۆران) و (سەردەشت) ببرێن , یاخود لە سایەى (تیرۆرى بكوژنادیاردا) ئەوانەیش كە ماون هەوڵى جێهێشتنی ئەم وڵاتە بدەن , بێ گومان ئەم دۆخەیش تەنها خزمەتی دوژمنەكانی ئەم وڵاتە و بەردەوامی لێشاوی ئەو گەندەڵیە سیاسی و دارایى و ئابوریە ئەكات كە تەنها لە سایەى میدیایەكی ئازاد و بوێردا دەتوانین دەرەنجامە كارەساتبارەكانی ببینین .
بەڕێزان : ئێمە دەزانین هەموو ئازادیەك باج و سەرئێشەى خۆى هەیە , هەموو دەسەڵاتێكی سەركوتكار و نادیموكراسیش میدیاكارە ئازادەكان بەدوژمنی خۆی ئەزانێت , هەر بۆیە بە هەستیاریەكی زۆرەوە چاومان لەو بارودۆخە ناهەموارەیە ئەمڕۆ لە كوردستاندا ئازادی رۆژنامەگەرى تێ كەوتووە , هاوكات بە پێویستیشى دەزانین هەرگیز دەنگی ناڕەزای و ئیدانەكردنمان كپ نەكەین بەرامبەر دەستى رەشى تیرۆر , وەك چۆن لە رابردودا بەخۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە دژى تۆقاندن و تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان و كەسانی خاوەن بیروڕا هەمیشە لە سەنگەردا بووین , , ئێستاكەیش پشتگیرى خۆمان رائەگەیەنین بۆ (كەمپینی داكۆكی كردن لە ئازادی بیروڕا)كە كۆمپانیاى وشە دەستى پێكردووە . چونكە ئەو پێشێلكاریانەى ئەمڕۆ لە كوردستاندا دەگوزەرێت ئەگەر لێی بێ دەنگ بین بەدڵنیایەوە هەڕەشە لەتەواوی بەها مرۆیى و نیشتمانیەكانمان ئەكات , هاوكات هیچ مانایەكیش بۆ ئەو خەون و ئومێدانە ناهێڵێتەوە كە بۆ بونیادنانی هەر كۆمەڵگایەكی ئازاد و دیموكراسی پێویستە .

دەستەى سەربەخۆى رۆژنامەنوسانی گەرمیان
23\9\2010
كەلار
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست