شەقام گوێ لە دەسەڵات ناگرێ!
29/03/2011, 12:00 (GMT+1)

سیستەمی حوكمڕانیی عەرەبی هێند دیكتاتۆریە كەڵێنێكی بۆ ئازادی نەهێشتۆتەوە، هێند كودەتایی و بنەماڵەیی و خوێنڕێژیە پایەكی بۆ ئاشتیانە گەیشتن بە دەسەڵات نەهێشتۆتەوە، دەسەڵاتی عەرەبی بە شێوەیەك كۆمەڵی بارهێناوە كە لە گۆڕانكاری نائومێد بێ و ترسی لە ئازادی هەبێ، تا تونس نەبووە دەروازەیەك بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەو بارو دۆخە چەقبەستووە دنیای عەرەبی ئاوا بوو.
تونس و میسر وەچەرخانێكیان لە مێژووی عەرەبی كرد نموونەی نیە، مێژوویەكیان دەستپێكرد، درێژەی هیچ مێژوویەكی عەرەبی نیە، مێژووی شەقامی راستەقینە، مێژووی خەڵك، (بوەستە)یان لە كودەتاو بنەماڵە و دەستاودەستی ژوورە نەبینراوەكان كرد و وەستانیان، تونس و میسر بۆ یەكەم جار دەسەڵاتدارانی عەرەبی و ناوچەكەیان فێركرد گوێ لە شەقام بگرن، پێش ئەوە دەسەڵات شتێكی لە هونەری گوێگرتن لە خەڵك نەدەزانی، تەنها گوێی لە دەرەوەی خۆی، لەوانە دەگرت كە لە رێیەوە گەیشتبووە دەسەڵات، تونس و میسر بە هەڵگێڕانەوە هەڵگێرانەوەی ئەنجامدا، ئەوەتا ئێستا شەقام ئامادە نیە گوێ لە دەسەڵات بگرێ، ئەوە نیە دەسەڵاتی ئێرەو ئەوێ ئەو هەموو سۆز و پەیمانە دەدەن بەڵام شەقام گاڵتەی پێدێ..
كودەتاچی و بنەماڵەییەكانی دەسەڵات خەریكە یەك لە دوای یەك بە دەردی یەكتر دەچن، پێناچێ هیچیان لێی دەربچن، ئیدی دنیای عەرەبی دەچێتە قۆناخێكیدی، دنیای دەنگدان، دنیای دەسەڵاتێك كە زادەی باوڵی دەنگدانە نەك كودەتا و بنماڵە، قۆناخێك جارێ سیمای دیار نیە، دیارنیە چۆن دەبێ، دیار نیە ئەو هێزە سیاسیانەی بارودۆخەكە دەقۆزنەوە و دەنگەكان دەبەنەوە سەر بە چ تەوژمێكی سیاسی و هزرین، دەزانین ئەو دكتاتۆرانە چەندان ساڵە بەرهەلستكاری دیكتاتۆر بەرهەمدێنن...
دەسەڵاتی كوردیش لە باشووری كوردستان، دیارە ئەو دەسەڵاتە كودەتاچیە نیە كە لە هەندێك وڵاتی عەرەبیداهەیە، شێوەی بنەماڵەییەكەشی جیاوازی هەیە، بەوەی لێرە یەك بنەماڵە فەرمانرەوایی سەراپاگیری نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەسەڵاتی كوردی لە گشتگیردا لە دەسەڵاتی عەرەبی دوور نیە، راستە هی كورد لە رێی باوڵی دەنگدان گەیشتۆتە دەسەڵات، بەڵام خولیای دیكتاتۆری هەیە و لێینابێتەوە و لە هەڵبژاردنەكانیش پەنای بۆ رێوشوێنی وا بردووە كە هێندەی لە دیكتاتۆری دەكەنەوە لە دیموكراسی نزیكنابنەوە، ئەوەی لە كوردستان پتر خەڵكی داخ لە دڵ كردووە لە دەسەڵات، نەبوونی داتپەروەری كۆمەڵایەتیە، گەندەڵكاریە، دەستتێوەردانی جزبە لە هەموو كون و كەلبەرێكی ژیان.. بۆیە دەسەڵاتی كوردیش دوور نیە بە دەردی دەسەڵاتی عەرەبی بچێت، ئەگەر بە خۆی نەكەوێت، واتە تا نەگەیشتۆتە ئەوەی شەقام گوێی لە دەسەڵات نەگرێ، با دەسەڵات گوێ لە شەقام بگرێ.
لە كوردستان هێزی سیاسیی بەرهەڵستكار هێزێك نیە دڵت پێی خۆش بێت، ئەو هێزە بەرهەڵستكارانە بە هەردوو تەوژمیانەوە لە هێزەكانی دەسەڵات خراپتر نەبن باشتر نین، راستی لە رابردوو دەسەڵاتی كوردی هەر ئەو جۆرە بەرهەڵستكارەی هێناوەتە بەرهەم، ئەوانیش زادەی دەسەڵاتن، بۆیە لە ئەگەری گۆڕانكاری نیگەرانیەك لە گۆڕێیە، دووریش نیە لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانە هێزی سیاسی وا سەرهەڵبدەن كە نەوەی سەردەم بن و هیوا بەخش بن، ئیدی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هەیە دەبێ دەستبەرداری نیوە بنەماڵەیی و مەیلە دیكتاتۆریە بێنێ دەنا شەپۆڵ لە رێیە و ئاوەو ئاو دەچێ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









