<

پرۆفیسۆر دكتۆر عەلى قەرەداغی 20ساڵ خەباتى خێرخوازى و مەدەنى و نیشتمانى بەردەوام وەڵامێك بۆ هەندێك تۆمەتى نارەوا*

04/08/2010, 12:00 (GMT+1)
پاش ئەوەى بەڕێز پرۆفیسۆر دكتۆر عەلى قەرەداغى لەسەرەتاى مانگى تەمووزى ئەمساڵدا لە سێهەمین كۆنگرەى یەكێتى جیهانى زانایانى موسڵمان بە ئەمیندارى گشتى ئەو رێكخراوە هەڵبژێردرا، سەرەڕاى پیرۆزبایى زۆرینەى سەركردەو بەپرسو لایەنە سیاسییەكانو رۆشنبیرو رۆژنامەنووسو كەسایەتیە ناودارە كوردوستانیەكان كە هەموویان خاوەنى هەڵوێستێكى كوردانەو برایانەو دۆستانەبوون، بەڵام هەندێ تازە نووسەرو رۆژنامەنووسى نەشارەزا لە بوارى فیكرىو رۆشنبیرىو سیاسەتو تێنەگەیشتوو لە ئایینو شارستانیەتو شوناسى گەلى كورد، كەوتوونەتە رەخنەى سادەو ساكارو نابەجێو نازانستى كە نووسینەكانیان رەنگدانەوەى ناكارایى لەكارى نووسینو پاراستنى ئەخلاقیاتى رۆژنامەنووسى دەگەیەنێت، هەندێك لەو نووسینانە كە لە سایتى كوردستان پۆستو ستاندەرو هەندێ رۆژنامەدا بڵاوبوەتەوە، نیشانەى كەمى زانیارىو نەبوونى روئیایەكى فراوانو تێنەگەیشتنە لە واقیعى سیاسیى كۆمەڵگەى كوردىو تەنانەت كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، چونكە وەرگرتنى پۆستى ئەمیندارى گشتى رێكخراوێكى جیهانى لەلایەن كوردێكەوە دەبوایە مایەى دڵخۆشىو بە دەستكەوتێكى گەورە بۆ گەلى كوردستان لەقەڵەم بدرایەو بەپێگەیەكى نوێ سەیر بكرایە بۆ چەسپاندنى داوا رەواكانى گەلى كورد.
یەكێك لەو بۆچوونە سادانە ئەوەیە كە ئەم پۆستە بۆ كورد بە زیان دەگەڕێتەوە، چونكە لەمە و بەدوا هەڵوێستى ئەمریكاو رۆژئاواییەكان لەئاست كورددا دەگۆڕێتو ئەمە پیلانێكە دژ بە كورد، ئەمە لەكاتێكدایە كە ئێستا ئیدارەى نوێى ئۆباما مامەڵەیەكى نوێ لەگەلأ ئیسلامدا دەكاتو ئۆباما خۆى لەیەكەم وتاریشیدا لە قاهیرە جەختى لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێمە ئیسلام وەك شارستانیەتێكى گەورە سەیر دەكاتو ئێمە تەنها دژایەتیمان لەگەلأ تیرۆرو توندڕەویە نەك ئیسلامو كۆمەڵگە موسڵمانەكان.
لەبەرئەوە یەكێتى جیهانى زانایانى موسڵمانیش كە لە زۆربەى وڵاتانى رۆژئاوادا بارەگاى هەیە، خاوەنى دیدو تێڕوانینێكى مەدەنىو كراوەیەو بڕواى بە پەیڤینو گفتوگۆى شارستانیەكان هەیە، هەرگیز ناكۆك نییە لەگەلأ دیدو تێروانینى رۆژئاواییەكان كە باس لە دیموكراسىو مەدەنیەتو رێزگرتنى بەرامبەر دەكەن، بە پێچەوانەى ئەو بۆچوونانەوە وەرگرتنى ئەم پۆستە لەلایەن كوردێكەوە، كرانەوەى دەرگایەكى نوێیە بەرووى توێژێكى چالاكو زیندوو كاریگەرى كۆمەڵگە موسڵمانەكان كە ئەویش زانایانى ئایینە كە هەتا ئێستاش كاریگەریەكى گەورەیان هەیە لەسەر سۆزو دیدو بۆچوونى راى گشتى ئەم كۆمەڵگایانە، ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو كۆنگرەیەش كە تیایدا دكتۆر عەلى هەڵبژێردرا بە ئەمیندارى گشتى لە بەیاننامەى كۆتایى كۆنگرەكەدا لەسەر داواى بەڕێزیان داواكراوە كە تۆپ بارانەكانى وڵاتانى دروسێ كە مەبەست تیایدا ئێرانو توركیایە بۆ سەر سنورەكانى هەرێمى كوردستان رابگیرێتو بەكارێكى ناڕەوا لەقەڵەم دراوە، هەروەها لە بەرامبەر وتارەكەى دكتۆر یوسف قەرزاویشدا لەو كۆنگرەیە هەندێك لەو نووسەرانە چەند رەخنەیەكیان بە زمانێكى زۆر نازانستى گرتووەو دەڵێن فتواى دژى كوردو پارتى كرێكاران داوە لەكاتێكدا بەڕێز پرۆفیسۆر دكتۆر عەلى لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەى شارى هەولێر لە ئوتێل چوارچرا لە رۆژى سێ شەممە 27/7/2010 ئەوەى بۆ دەزگاكانى راگەیاندن رونكردەوە كە ئەو وتەیەى دكتۆر یوسف قەرزاوى پێشكەشى كردووە، وتارنەبوو بەناوى یەكێتى جیهانى زانایانى موسڵمان، بەڵكو وتەیەكى تایبەتى خۆى بوو. لەلایەكى ترەوە وتارەكەى ئەو ئیدانە بوو بۆ هەندێك كارى توندوتیژى كە لە نزیك ئەستەنبولأ ئەنجام درابوو دژى هاوڵاتیانى مەدەنى، كە ئەم كارانەش لەلاى هەموو رێكخراوەكانى مافى مرۆڤو یاساى نێودەوڵەتیەوە نەویستراوەو دەبێت رێگەیان لێ بگیرێت. لەلایەكى تریشەوە ئەنجامدانى ئەو كارە توندوتیژانە لە دواى لێدانى كەشتیگەلى ئازادى كە بەرەو كەرتى غەززە كەوتبووە رێ لەلایەن ئیسرائیلەوە كە شەهید بوونى زیاتر لە نۆ كەسى لێ كەوتەوە كاتێكى نەگونجاو بوو. چونكە هەموو جیهانى ئیسلامىو تەنانەت زۆر لە كەسایەتیە رۆژئاواییەكانو رێكخراوە مرۆڤ دۆستەكانیش هاوسۆزبوون لەگەلأ گەلى توركیادا، لەبەرئەوە نەدەبوو لەوكاتەدا ئەو كارانە ئەنجام بدەن، چونكە ئەمە بەشێوەیەكى گشتى بە خراپ دەشكێتەوە بۆ سەر بزاڤى رزگاریخوازى گەلى كوردو بە چاوێكى ترەوە ئەو گەلە موسڵمانانە دەڕواننە بزاڤە سیاسییەكەى.
بەشێكى تر لە رەخنەكان دژى ئەو وتەیەى دكتۆر قەرەداغى بوو كە لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەى شارى هەولێردا وتى رێكخراوەكەمان بەنیازە دواى مانگى رەمەزان كەشتى دووەمى ئازادى كە هاوكارى مرۆییە بەرەو غەززە بەڕێ بكات، دەبوایە گەلى كوردمان بە هەموو چینو توێژەكانیەوە زۆر دڵخۆش بوونایە كە كەسایەتیەكى كورد بەشدارە لە ناردنى كۆمەكى مرۆیى بۆ گەلێك كە سێ ساڵە لەژێر گەمارۆیەكى توندى ئیسرائیلدا دەناڵێنێتو ئێستا روبەڕووى مەترسى لەناوچوون بوونەتەوە، چونكە ئەو كۆمەكیە بۆ دەسەڵاتى سیاسیى نییە، بەڵكو هاوڵاتیانى كەم دەرامەتو منداڵانى بێ باوكو نەخۆشو پەككەوتەكان سودمەند دەبن لەم هاوكاریە. لەلایەكى ترەوە ئێستا ناردنى كۆمەكى مرۆیى تەنها تایبەت نییە بە گەلە موسڵمانەكان، بەڵكو وەك لە كەشتى ئازادى یەكەمیشدا دەركەوت چەندان رێكخراو و كەسایەتى مرۆڤ دۆستى ئەوروپى بەشداریان كردووە لە ناردنى ئەو كۆمەكیانەدا، لەلایەكى تریشەوە، وەك دكتۆر عەلى قەرەداغى رایگەیاند، ئەگەر ئەو بارودۆخەى ئێستا موسڵمانانى غەززەى تیا دەژى، ئەگەر رۆژێك بەشێك لە جولەكەكانى ئیسرائیلیش بكەونە حاڵەتى لەوجۆرەوە ئێمە ئامادەین بەگیانێكى مرۆڤ دۆستانەوە هاوكاریان بكەین. ئەگەر ئەو نووسەرانە دەڵێن ئەى بۆچى ئەم هاوكاریانە بۆ گەلى كوردمان نییە، بۆ وەڵامى ئەم پرسیارانە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو هاوكاریە مرۆییانەى كە رابیتەى ئیسلامى كورد بە درێژایى بیست ساڵى رابردوو پێشكەش بەگەلى كوردستانى كردووە كە تائێستا توانیویەتى هاوكارى نزیكەى (50,000) هەزار مناڵى بێ باوكى كورد بكاتو بڕى (30,851,312)$ دۆلار یان بەشێوەى مانگانە بداتێ، هەروەها لە بوارى ئاوەدانكردنەوەدا نزیكەى (1000) پرۆژەى بەجێگەیاندووە بەبڕى (9,969,390)$ دۆلار، هەروەها لەبوارى فریاگوزارىو كۆمەكى هەژاراندا بڕى (3,263,706)$دۆلارى خەرجكردووە لەبوارى تەندروستیشدا بڕى (1,651,620)$دۆلارى خەرجكردووە.
سەرەڕاى كۆمەكیەكان بۆ ئاوارەكانى كەركوك و بنارى قەندیلو ئاوارە عەرەبەكانو كارەساتە مرۆییەكانى ناو كوردستانو ناردنى كۆمەكى بۆ لێقەوماوانى هایتى، لەبەرئەوە رابیتەى ئیسلامى كورد رێكخراوێكى كوردستانیەو ماوەى 20 ساڵیشە بە بەردەوامى خزمەت بە گەلى كوردستان دەكات.
ئەگەر یەكێك بەبێ بڕیارى پێش وەختى ئایدیۆلۆژیەوە بە وردى چاوێك بخشێنێتەوە بە مێژووى رابردووى پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلىو ئەو خزمەتانەى كە بەگەلى كوردستانى كردەووە لە درێژەى 20 ساڵى رابردوودا، هەرگیز لە وەرگرتنى ئم پۆستە نوێیەشیدا پەنا نابات بۆ دروستكردنى گومانو هەڵبەستنى درۆى بێ بنەماو نازانستىو ناشیرین كردنى كەسایەتى بەڕێزیان كە لە هەموو بوارەكانى خێرخوازىو زانستىو فیكرىو شەرعی و تەنانەت سیاسیشدا جێ دەستى دیارەو هەموو هاوڵاتیەكى كورد شوێنكارەكانى دەبینێت.
ئێمەى گەلى كورد بە هەموو لایەكمان ئەمڕۆ پێویستمان بەوە هەیە كە رێز لە مێژوو و كەسایەتىو شوناسى نەتەوەیىو شارستانى خۆمان بگرینو ئەگەر رەخنەشمان گرت بۆ چاكسازىو بنیاتنانو پێكەوە ژیان بێت نەك گرتنەبەرى رێگەیەكى ناتەندروست كە تەنها دوژمنانى گەلەكەمان سودى لێ دەبینن.

* نوسینگەى راگەیاندنى
پرۆفیسۆر دكتور على قەرەداغی /سلێمانى
2/8/2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست