درۆی شاخداری بەناو شۆڕشگێڕەکانی شاخ
19/02/2015, 12:00 (GMT+1)

خۆ ئەگەر شۆڕش ئەو مانایەی هەبێت کە سیستەمێکی زۆرداری ستەمکار هەڵدەتەکێنێت و سیستەمێکی نوێی جیاوازتر بنیات دەنێت، ئەوە بەیەقینەوە گەلی کورد لە باشووردا شەڕەتەقەی کردوە، نەک شۆڕش، گەر وانیە کامە نەتەوە هەیە لە دنیادا کورد نەبێت و ئیدعای خەباتی چەکداری شۆڕشگێڕی کردبێت کەچی قبووڵی بکات سەرکردەی شۆڕشەکانی نەوێرن بێ چەک و بێ پاسەوان بچنە کۆڵانێک، یان گەڕەکێک یان چایخانەیەکی شار؟ کامە گەل هەیە بەوە ڕازی دەبێت سەرکردەی بەناو شاخی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بەدەیان چەکدار بەناوی پێشمەرگەوە پاسەوانی خۆی و خێزانەکەی بکات؟ دایبی نەک تەنها بۆ نمانەڵاکنی بەڵکو بۆ مناڵی منالەکانی بگۆڕێت، یا لەبەر دەرگا هەڵبلەرزێنێت و خۆی لە ژوورەوە خەریکی کاری خراپ بێت، کامە سەرکردەی بەناو شاخ هەیە گەر تۆزێ غیرەت و جەسارەتی هەیە با بەتاقی تەنیا لە چایخانەیەکی سلێمانی و هەولێر و دهۆک چایەک فڕبکات ، کامە سەرکردەی شاخ هەیە بێ دەمانچە لارەکەی کەمەری بتوانێت لای دەلاکێک سەری چاک بکات؟
درۆی گەورەی شۆرش ئەوەیە ئێمە سەرکردەی ترسنۆکمان دروستکرد، پێشتر لە شاخدا و پاشانیش لە داوی نەمانی سەدام، خۆ سەدامیش وابوو کاتێک سەردانی شارێک یان شارۆچکەیەک یان گوندێکی دەکرد پێش خۆی درێژی کاروانی پاسەوانەکانی لە ڕووبەری شەقام و کۆڵانەکان درێژتربوو، ڕووخساری تۆقێنەری دەموچاوی پاسەوانەکانی بەناو سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی هەمان دیزاینی ڕووخساری ڕژێمی پێشوومان بیردەخاتەوە.
ئێمەی پێشمەرگەی دێرین لە خەیاڵێکی خۆشدا ژیان دەکەین، ئێمە لە خەیاڵی رابردوویەکدا دەژیین، کە وەک خۆبەخش بۆ ڕزگاری و ئازادیی خەباتمان کرد، لێ دەبێت ددان بەو حەقیقەتەدا بنێین کە لەتەنیشت خوێن بەخشێن و قبووڵکردنی ژیانی سەختی شاخدا هەر خۆشمان بووین شەرعیەتمان دا بەدروستکردنی سەرکردەی درۆزنی بەناو شۆڕشگێڕ، من شەرم دەکەم کە ئەو سەرکردانەی لە رابردوودا ئەوانە رابەرم بوون و من بە دڵسۆزی گەل و نیشتیمانم دەزانین.
ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
١٩-٢-٢٠١٥
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









