ئەو کاتەی شاعیرێک و جەللادێک دەستدەخەنە دەستی یەکەوە(ڕەنج سەنگاوی و یەکێتی وەک نموونە)
07/03/2011, 12:00 (GMT+1)

نوسەری ناسراو میلان کۆندێرا لە دەربڕینێکی دەگمەندا دەڵێت :((زۆر قۆناغی مێژووی وا هەیە شاعیرێک و جەلادێک، فەیلەسوفێک و سوڵتانێک دەستدەخە دەستی یەکەوە))
ئەم دەربڕینەی کۆندێرا بەشێکی بەرفراوانی مێژووی مەعریفە و دەسەڵاتمان بۆ روون ئەکاتەوە، بەدرێژایی مێژوو دەسەڵات هەوڵیداوە هەرچی مەعریفە و فیکرە کۆنترۆڵی بکات و بیخاتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، دەسەڵات هەوڵیدا فیکر و ئەدەب و شیعر لە مانا راستەقینەکانی خۆی خاڵی بکاتەوە کە بوونی وزەی رەخنەگرتنەو بەرگریکردنە لە ئازادی و ماف و عەدالەت، بەڵکو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ملهوڕەکان هەوڵیانداوە فیکرێک، ئەدەبێک بەرهەمبهێنن کە خزمەت بە خۆیان بکات ، ستەمکاری بە عەدالەت نیشان بدا، سەرکوتکردن بە رێکخستن و سیستم نیشان بدات، هەولێداوە ئەدەبێک بخولقێنێت کە مرۆڤ فێری بابەتی تڕۆهات و شتی بێ نرخ بکات و سەرنجی گەنجەکان بۆ شتی لاوەکی رابکێشێت و بواری ئەوە نەدات ئاوڕ لە زوڵم و ستەمی دەسەڵات بدەنەوە و ئەدەب لە مەرامە راستەقینەکانی خۆی دابماڵێت، دەسەڵاتی کوردیش بە درێژایی دەسەڵاتی بیست ساڵەی خۆی هەوڵیداوە ئەوەی پێی بوترێ رۆشنبیر کۆنترۆڵی بکات ، ئەوەی پێی ئەوتریت شاعیر و ئەدیب بیانخاتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە ، بیانکات بە شاعیر و ئەدیبی دەربار، بۆ ئەم مەبەستەش دەیان میکانیزمی بەکارهێناوە ، پارە و پولێکی زۆری پێشکەشکردوون، لە پلە و پۆستی وەزیفی گرنگدا دایناوون،میدیایەکی زەبەلاح کاری بۆ گەورەکردن و دروستکردنی ناوبانگ کردوە بۆ یان
لەم چوارچێوەیەدا دەسەڵاتی کوردی تا ئەندازەیەکی یەکجار زۆر سەرکەوتوو بووە ، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە رۆشنبیران و شاعیران بەشێوەیەک لە شێوەکان کەوتۆتە ئەم داوەی دەسەڵاتی کوردییەوە، من لێرەدا نامەوی باسی ئەو نوسەرانە بکەم بە گشتی کە کەوتونەتە داوی دەسەڵاتەوە بەڵکو تەنها گرنگە لام لەسەر یەکێک لەوانە سەرنجی خۆم بڵێم ئەویش شاعیر رەنج سەنگاوییە
رەنج کە وەک شاعیرێکی هەست ناسک لە نێو ژمارەیەک لە گەنجەکاندا ناسراوە بەرادەیەکی سەرسوڕهێنەر کەوتۆتە داوی پیلانگێری دەسەڵاتەوە و بە تایبەت یەکێتی ، بە پێدانی پۆستی جێگری بەرێوەبەری کوردسات و هەندێک ئیمتیازی ماددی بە تەواوی ئەم شاعیرە کۆنترۆڵکرا، بە تەواوی بێدەنگکرا ، بگرە شیعرەکانی بوون بە ئامرازێک بۆ ئەوەی گەنجەکان تەنها خەریکی خەیاڵاتێکی رۆمانسی بن و سەرنج نەدەنە ئەو هەموو ستەمکاری و نادادپەروەرییەی یەکێتی ئەیکات،سەرنج نەدەنە گەندەڵییەکی بێ شومار و ئابڕووبەر کە دەسەلاتی کوردی ئەنجامی ئەدا
با دوور لە هەموو تەشهیر و قسەیەکی رەق و با زۆر مەنتیفی بیر بکەینەوە، رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان بە روونی ئەوەی دەرخست کە رەنج شاعیرێکی دەستەمۆ و کۆنترۆڵکراو و شایانی هیچ رێزێک نییە ، شاعیرێکی بیدەنگ کراوە، باسی ئەوە ناکەین کە یەکێتی چاوپۆشی کرد لە کوشتنی سۆرانی مامە حەمە ، چاوپۆشیکرد لە کوشتنی دکتۆ عەبدولستار کرد، دواتریش چاوپۆشی لە کوشتنی سەردەشت عوسمان کرد کە بە شێوەیەکی بەربەرییانە لە ناوجەرگەی هەولێردا رفێنراو دواتر شەهید کرا و یەکیتَی نەک چاوپۆشی لێکرد بەڵکو پاساوی بۆ پارتی ئەهێنایەوە و دژی خەڵکی ئازادیخواز وەستا ، لەبەرانبەر ئەمانەدا رەنج سەنگاوی بێدەنگ بوو ، بە ستونێکی رۆژنامەنوسیش رای خۆی پێنەوتین و رەخنەی لە ستەمکاری پارتی و چاوپۆشی یەکێتی نەگرت بەڵکو سەرقاڵی شیعرە رۆمانسییەکانی بوو
با واز لەوەش بێنین کە فراکسیۆنەکەی یەکێتی بەهاوکاری پارتی کۆمەڵێک یاسای دژە ئازادی و دژە مەدەنی تێپەراند لەوانە یاسای خۆپیشاندان کە یاسایەکی دواکەتوانەیە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان رەتیان کردەوە
بەڵام با قسە لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییە بکەین
لە دەستپێکی ناڕەزاییە بەردەوامەکانی خەڵکدا گەنجانی خێر لە خۆ نەدیوی کوردستان لە لایەن لقی چوارەوە خەڵتانی خوێن کراون و درانە بەرگوولە، بەرانبەر بەمە راگەیاندنی یەکێتی بەم گەنجانەی وت ئاژاوەگێر و سوکایەتی پێکردن
دواتر کۆمەڵێک رووداو رویاندا کە نیشانیدا ئەوەی لە سلێمانی حوکم ئەکات نەک حکومەت نییە بەڵکو حزبیش نییە ، بەڵکو کۆمەڵێک مافیان و هیچی تر، زیاتر لە پەنجا چەکدار لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لە هەستیارترین شوینی ئەمنیدا هەڵدەکوتنە سەر کەناڵی نالیا و ئەیسوتێنن، ئەم چەکدارانە بە بەرچاوی دەیان مەفرەزەی ئاسایشەوە دین و ئەچن و بریندارە سوتاوەکانیان لە نەخوشخانەی ئیمرجینسی تەداوی ئەکرێن و دواتری بە ئۆتۆمبیلی نەخوشخانەی شۆڕش ئەبرێنە ئیمیجینسی هەولێر ، ئەمە کاری حومەت و حزبە یان مافیایەک کە هیچ ئەخلاقێکی تیا نەماوە ؟ میدیاکانی حزب بێ شەرمانە وتیان نالیا بە شۆرتی کارەبا سوتاوە ، باشە رەنج بەرابنەر بە سوتانی نالیا چی ووت ؟ بەرانبەر ئەو رووداوە ئابرووبەرە بۆ بیدەنگی هەڵبژارد و لە جیاتی رەخنە و هەڵویستی جددی ،لاوان بە خەیالاتی رۆمانسی مەست ئەکات
دواتر لە کەلار هێرش کرایە سەر رادوێیەکی ناوچەییی سادەو ساکار کە رادیوی دەنگ بوو ، ئەم رادیۆ ناوچەییە بە مانای وشە ساکار و سادە بوو ، ناوچەیی بوو ، هەموو کەرەستەکانی ناوی و ئامرازەکانی پەخششکردنی کەمتر بوو لە بایی تەنها یەک دەفتەر دۆلار، بەڵام ئەم رادیۆ ساکارە تەواوی ئیمپراتۆریەتە ئیعلامییەکەی پارتی و یەکێتی کە بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان بەرێوە ئەچن توشی شۆککرد، بۆیە چەند شەوێک پێش ئێستا چەند چەکدارێکی دەمامکدار دایان بەسەریدا و سوتاندیان ،چەکدراەکان هێزی دژە تیرۆر بوون و، تەواوی کەلوپەلەکانی تالانکرا ، دوێنی شەویش چەتەکانی یەکێتی هێرشیان کردە سەر چەند خێمەیەکی بێ چەک و بێ کەس و تاڵانیان کرد ، ئەمانە چەند فەزیحەیەکن لە مێژووی ناوچەکەدا وێنەیان نییە و بەعسیش زۆر جار ئەم کارە مافیایانەی نەکردوە ، بەعس دیکتاتۆر بوو ، بەڵام دیکتاتۆرێکی دەوڵەتی بوو، خۆی بە خاوەنی کارەکانی ئەزانی و بە سەروەری نەتەوەی لەقەڵەم ئەدات، بەڵام یەکێتی نەک بۆ ناگونجێت دیکتاتۆری حکومەتی بێت، بەڵکو بۆشی ناگونجێت دیکتاتۆری حزبیش بێت، ئەوەی بۆی دەگونجێت کاری مافیاییە و بە جدیش مومارەسەی ئەم کارەی کردوە، لەمەشدا بەرانبەر سوتاندنی مافیایانەی نالیا و تالانکردنی رادیۆی دەنگ و هەڵکوتانە سەر خێمەکانی سەرای ئازادی و گووللە بارانکردن رەنج سەنگاوی حەرفێک ناڵێت و لە کەناڵە کەساسەکەی کوردساتەوە ریکلام بۆ شیعرە رۆمانسییەکانی ئەکات
ئەوە نزیکەی بیشت رۆژە جەماوەری سلێمانی و هەموو کوردستان خرۆشاون لەسەر شەقامن، ناڕەزایی دژی نا عەدالەتی و کەڵەگایی یەکێتی و پارتی دەردەبڕن، ئەوە بیست رۆژە گەنجی ئەم وڵاتە قوربانی ئەدات و خوێنی لێ ئەچۆرێت ، لە سلێمانی و کەلار و هەڵەبجە و دەربەندیخان و کۆیە و زەرایەن و زۆربەی شوێنەکانی تر دراونەتە بە رێژنەی گوولە و کوژراو هەیە ، سەدان بریندار هەیە ، کەچی رەنج سەنگاوی چاوی بڕیوەتەوە پارەی مۆڵی دادە هێرۆ و لە پشت کەناڵە بازار کەساسەکەی کوردساتەوە دانیشتوە، لە خۆشی ئەوەی کردویانەتە جێگری بەرێوەبەری کوردسات شەقی لە هەموو کەرامەت و رێزێکی خۆی هەڵداوە و بۆتە شاعیرێکی دەربار، ئەمڕۆ هەر مرۆڤێک کەمترین ویژدانی هەبێت سەردانی سەرای ئازادی کردوە، ئەوانەش لەگەڵ دەسەڵات بوون، ئەوانەشی خەریکی گەمەی سیاسین هەر هاتوون پشتگیری ئازادیخوازانیان کردوە بەڵام رەنج سەنگاوی وەک هەر شاعیرێکی دەربار و ماستاوییەکی حزب و دەسەلات بێدەنگە و لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا حەرفێک ناڵێت
بیست ساڵە دەسەڵاتی کوردی مایەی شەرمە ، دادگا سەربەخۆ نییە و هاوڵاتیانی کورد یەکسان نیین بەرانبەر بە یاسا ،کورە مەسئولێک ئەتوانێت هەموو شتێک بکات و کەس نییە لێ بپرسێتەوە، دەیان فایلدار و جاسوس لە سەرکردایەتی حزبەکاندا دێن و دەچن دادگا توانای لێپرسینەوەیانی نییە، دەیان وەزیر و مدیر عامی گەندەڵ هەیە دادگا ناتوانێت لێیان بپرسێتەوە، لە کوردستاندا چەکدار هی حزبە و هەر چییەکیان بوی ئەیکەن، هەر شوێنێکیان بوی ئەیسوتیین و هەر کەسێکیان بوێ ئەیکوژن، چەکدار تەنها شەڕی بەرژەوەندی حزب ئەکا و هیچی تر ، لە کوردستان کۆمپانیای نوکیای نیوەی سلێمانی لوشداوە و بینای دەیان نهومی ئەباتە ئاسمان و ئەو گەنجە نەگبەتانەی رەنج بە شیعری رۆمانسی وەک تلیاک مەستیان ئەکات ئەگەر دابمەزرین و مووچەش وەربگرن ئەوا ئەگەر مووچەی هەموو تەمەنیان کۆ بکەنەوە هێشتا ناتوانن پارچە زەوییەک بکڕن ، باشە رەنج بەرانبەر بە هەموو ئەمانە بێدەنگە و نموویەیەکی هەرە خراپی شیعر و شاعیرانی نیشانداوە، بەڵکو ئەمڕۆ رەنج سەنگاوی جگە لە ماستاوچییەکی یەکێتی و جکە لە شاعیرێکی دەباری کۆمپانیا فیرعەونییەکی نۆکیا شتێکی تر نییە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









