هه‌تا ئێستا له کوردستاندا ژنان له ژێر مه‌ترسی خه‌ته‌نه‌کردندان
14/07/2010, 12:00 (GMT+1)

خه‌ته‌نه کردنی ئافره‌تان یه‌کێکه له دیارده ناشارستانی و نا مرۆڤایه‌تیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی به گشتی و نه‌ته‌وه‌ی کورد به تایبه‌تی که به جۆرێک بۆته سیفه‌تێکی ناشرینی ناو کۆمه‌ڵگه‌که‌مان و ته‌نانه‌ت چه‌ندین ڕیكخراوی جیهانیش له‌م دیارده‌یه ئاگادارن و چه‌ندین ناڕه‌زایشی لێ که‌وتۆته‌وه، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌یه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه و پیاو سالاری و زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی پیاو له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا وه له لایه‌کی تره‌وه ئایینی پیرۆزی ئیسلام که زۆر له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌ره‌ف جه‌ختی کرۆته‌وه و له‌م ئاینه‌دا ئافره‌ت به هێمای شه‌ره‌ف ناسراوه و هه‌رده‌م چاو و ده‌می له‌سه‌ر بووه و ڕیگه‌ی زۆر شتی لێ گیراوه که ئه‌مه‌ش وای کردوه که به هه‌موو جۆرێک هه‌وڵ بدرێت ئافره‌تان له چاوی خه‌ڵک دوور بخرێته‌وه و ئه‌مه‌ش سیمایه‌کی وای به ئافره‌تان به خشیبوو که له کاتی چونه ده‌ره‌وه‌شیان ده‌بووایه به سه‌رپۆش و په‌چه و جۆره‌ها ئامرازی خۆ داپۆشینه‌وه بچوونایه ده‌ره‌وه، که ئه‌مه‌ش سیمایه‌کی دواکه‌وتووی به‌خشیبوو به کۆمه‌لگه‌ی کورده‌واری، دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌ش له‌و هۆکاره‌نه‌ی سه‌ره‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه وه‌ک ئاشکرایه که ئه‌و پارچه‌یه‌ی له ئه‌ندامی زاوزێی ئافره‌ت ئه‌بڕدرێ به‌رپرسیاره له چالاکی وروژاندنی په‌یوه‌ندیه جه‌سته‌ییه‌کان له ئافره‌تدا که به بڕینی ئافره‌تان بێ به‌ش ئه‌بن له چێژی ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندیانه که هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای کردبوو که خه‌ته‌نه داوایه‌کی پیاو بێت له‌سه‌ر ژن و کچه‌کانیان تا له کاری به‌د ڕه‌وشتی دوور که‌ونه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی له مه‌ترسیه‌کانی ئاگاداربن که ئه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی له که‌سێکی ئاساییه‌وه بگۆڕێت بۆ که‌سێکی نائاسایی و دووره‌په‌رێز له کۆمه‌ڵگا و له‌گه‌ڵ دروست بوونی چه‌ندین کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و ته‌ندروستی ، مانه‌وه‌ی دیارده‌یه‌کی له‌م جۆره له کۆمه‌لگه‌که‌مان مانای ئه‌وه‌یه تا ئێستا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دوا که‌وتوومان هه‌یه و وه تا ئێستا مافی ئافره‌تان نه‌دراوه و به چاوێکی تر سه‌یریان ئه‌کرێت و وه‌ک هاوڵاتیه‌کی کۆمه‌ڵگا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ناکرێ، هه‌رچه‌نده چه‌ندین ڕێکخراو دامه‌زراوه بۆ مافی ژنان و نه‌هێشتنی توند و تیژی دژی ئافره‌تان که رۆڵێکی به‌رچاو و دیاریان بینیوه له که‌م کردنه‌وه‌ی توندوتیژی به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تا ئێستا هه‌ر ئه‌بیستین لێره و له‌وێ که هێشتا هه‌ر توندوتیژی له ئاردایه و به‌دی ئه‌کرێت، من لێره‌دا ئه‌مه‌وێ ئامارێک باس بکه‌م که ڕێژه‌ی خه‌ته‌نه‌ی ئافره‌تان ده‌رئه‌خات له کوردستاندا به‌تایبه‌تی له هه‌ندێ ناوچه‌دا،
ئاماره‌كانی ڕێكخراوی وادی ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو له‌ماوه‌ی ساڵی 2008دا له76%ی مێینه‌ی كوردستان خه‌ته‌نه‌كراون‌و به‌رزترین ڕێژه‌ش له سنوره‌كانی پشده‌ر(رانیه‌و قه‌ڵادزێ) تۆمار كراون، به‌ڕێژه‌ی94%-97% به‌شێوه‌یه‌ك كه له سنوری رانیه له‌كۆی 31 گوند‌و به‌شداربوونی 2317كه‌س 2184یان خه‌ته‌نه‌كراون‌و له قه‌ڵادزێش له‌كۆی 75 گوند‌و به‌شداربوونی 1704 كه‌س 1659كه‌سیان خه‌ته‌نه‌كراون، ئه‌گه‌ر بێت و سه‌یری ئه‌م ئامارانه بکه‌ین ئه‌و مه‌ترسیانه‌مان بۆ ده‌رئه‌که‌وێ که له‌سه‌ر ژیانی ئافره‌تانی کورد دروست بووه که به‌ڕاستی جێی نیگه‌رانی و گرنگی پێدانه و باسکردنێتی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









