روونکردنه‌وه‌یه‌ک له دلاوه‌ر قه‌ره‌داغییه‌وه
29/09/2011, 12:00 (GMT+1)

نووسینێک له ماڵپه‌ڕی کوردستانپۆستدا له‌لایه‌ن په‌یامنێره‌که‌یه‌وه کاک ئازاد فایه‌ق محه‌ممه‌د له سلێمانی له‌سه‌ر هاوڕێم هیوا قادر نووسراوه و له به‌شێکی نووسینه‌که‌دا یه‌ک دوو جارێک ناوی من هێنراوه. به‌مه‌به‌ستی ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه گومانێک لای به‌شێک له خوێنه‌رانی ئازیزی ئه‌م ماڵپه‌ڕه و له‌سه‌ر پێشنیاری چه‌ند هاوڕێیه‌کم، ناچاربووم ئه‌م چه‌ند دێڕه بنووسم:
من نه له ژیانمدا کاک نێچیر بارزانی- م بینیوه و نه دیداری زه‌وی وه‌رگرتنم له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه، نه له هه‌ولێر و نه له سلێمانیی و نه له هیچ جێگه‌یه‌کی تر زه‌ویم وه‌رنه‌گرتووه (که حه‌قی خۆیشمه وه‌ریبگرم). له راستیدا په‌یامنێری به‌رێزی ئه‌م ماڵپه‌ڕه ئه‌وه‌نده به دڵنییاییه‌وه باسی ئه‌و زه‌وی وه‌رگرتنه ده‌کات که خه‌ریکه خۆیشم بکه‌ومه گومانه‌وه، بۆیه تکای لێ ده‌که‌م هه‌ر به‌ڵگه و زانیارییه‌کی له‌لایه ئاگادارم بکات نه‌با که‌سێکی تر به ناوی منه‌وه ئه‌و به‌ڕێزه‌ی بینیبێ و زه‌وی له هه‌ولێر لێ وه‌رگرتبێ.
حاڵی نه‌بووم مه‌به‌ستی کاک ئازاد فایه‌ق محه‌ممه‌د له گیرفان پڕکردنم له گه‌لاوێژ چییه؟ گه‌ر زانیارییه‌کی نهێنی و باوه‌ڕپێکراوی له‌وباره‌یه‌شه‌وه هه‌یه تکایه با بڵاوی بکاته‌وه یان لانیکه‌م خۆمی لێ ئاگاداربکاته‌وه. به‌ڵام به‌ده‌ر له‌وه، ده‌مه‌وێ بڵێم بنکه‌ی گه‌لاوێژ سه‌ره‌ڕای تێبینی و دووره‌په‌رێزییم لێی، بنکه‌یه‌کی رووناکبییریی و ئه‌ده‌بیی گرنگی شاری سلێمانی و هه‌رێمی کوردستانه و ده‌کرێ به هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و نییه‌تی باشی هه‌مووان پێشبخرێ و هاوکاریی له تێپه‌ڕاندنی که‌موکوڕییه‌کانیدا بکرێت، هه‌رچه‌ند وه‌ک گوتم تا ئه‌م له‌حزه‌یه له‌به‌ر دووره‌په‌رێزییم و چه‌ند هۆکارێکی تر که لێره‌دا بواری باسکردنیان نییه، نه من به‌شداری هیچ کام له چالاکیی و فێستیڤاڵه‌کانیی ئه‌م ده یازده ساڵه‌ی دواییان بووم و نه ئه‌وانیش بانگهێشتیان کردووم، جگه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مدواییه‌ی ده‌سته‌ی نوێی بنکه نه‌بێ که کاک سامی هادی رووم لێنام و چووم. له یه‌ک دوو مانگی رابردووش‌دا کاک دانا فایه‌ق و کاک ئیدریس عه‌لی له گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ به سوپاسه‌وه پێشنیاریان کرد دۆسییه‌یه‌ک له‌باره‌ی منه‌وه له ژماره‌یه‌کی گۆڤاره‌که‌یاندا بکه‌نه‌وه (وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ند که‌سێکی تریشیان کردۆته‌وه) و منیش به پیر داواکه‌یانه‌وه چووم و ئه‌وه‌نده‌ی پێمکرا هاوکارییم کردن.
سه‌باره‌ت به سه‌رای ئازادیی و به‌شداریی کردنی خاکه‌ڕایانه‌م تیایدا، حه‌زده‌که‌م بڵێم به‌شداریی و ئاماده‌بوونم له‌و رۆژه جوانانه‌ی سه‌رای ئازادییدا نه بۆ شانازیی و هه‌ڵوێست فرۆشتن بووه و نه بۆ نه‌ڕه‌نه‌ڕکردن و چه‌پڵه بۆ کوتان و فێڵ له خه‌ڵک کردن .... به‌ڵکو به‌شداریکردنه‌که‌م هه‌ر ته‌واو شه‌خسیی بووه و ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که نه‌ده‌کرا و هه‌ر چه‌ندم ده‌کرد نه‌مده‌توانی نه‌چم و به‌شدار نه‌بم، نه‌مده‌توانی نه‌چم و هه‌موو پاش نیوه‌ڕوانێک دایکان و باوکانی به‌ڕێزی شه‌هیده‌کان و ئه‌و هه‌موو هاوڕێیه‌م به تایبه‌تی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه گه‌نج و ئازیزه‌ی که له‌وێ ناسیمن، نه‌بینم. گه‌ر بۆ هه‌ندێک خه‌ڵکی تر، سازش و پیلانگێڕیی و هاتوهاوار و هاندانی توندوتیژیی له‌و رۆژانه‌ی سه‌رای ئازادیی مابێته‌وه، ئه‌وا بۆ من یادگاری ناسینی ئه‌و گه‌نجانه و چه‌ند دڵۆپێک فرمێسکی گه‌رم و شیعری (هه‌موو رێگه‌کان دێنه‌وه به‌ر سه‌را) ماوه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ رێز و خۆشه‌ویستیم
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
29 ی ئه‌یلوولی 201
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









