<

بڕۆن ڤێللا و مەزرەعەى بەرپرسان بڕوخێنن ، نەك كوخى هەژاران

25/05/2012, 12:00 (GMT+1)





ئەگەر ئێوارانێكى خامۆش بەئەسپایى پیاسەیەك بكەیت بەدەوروبەر و كوچەوكۆڵانەكانى چەند شاروشارۆچكەیەكى ئەم هەرێمە دەبینیت كە ماڵ و منداڵى بەرپرسەكان لەچ نازو نیعمەتێكدا دەژین و ماڵومنداڵى هەژارە خێر لەخۆنەدیوەكانیش لەچ ژیانێك!!! ماڵى بەرپرسەكان لەخانووە مۆدێرن و ڤێللا و مەزرەعەكانە كەهەژاران ئاواتەخوازن لەخەویشدابێت جارێك دیوى ناوەوەى ئەم خانوانە ببین و منداڵەكانیشیان لەقوتابخانە نێودەوڵەتى و نمونەییەكان دەخوێنن و بەئۆتۆمبێلى مۆدێل بەرز و پاسەوانى تایبەتى دەچن بۆقوتابخانە و كۆلێژەكان هەر رۆژەى جلوبەرگێك دەپۆشن ، لەبەرامبەریشدا خێزانە هەژارەكانى ئەم هەرێمە بێدادەى من لەخانووى قوڕ و بەرد و سەر بەنایلۆن داپۆشراو ژیان بەسەردەبەن كەلە كوخ نەبێت لەهیچ ناچێت و تەنانەت بەرپرسان و منداڵەكانیان پێیان شەرمە تەنها جارێكیش بەتەنیشت ئەم خانووانەدا بچن ، ئاخر داد و بێداد بەرپرسانى هەرێمەكەم چۆن ویژدان ناتان هەژێنێت و بۆتەنها جارێكیش ئاوڕ لەمیللەتەكەى خۆتان نادەنەوە!!!
 ئاخر كێ ڕێگەى بەئێوەداوە بەئارەزووى خۆتان و بەبێ ئەوەى كەسیش بوێرێت لێتان بپرسێتەوە و بڵێ (من أین لك هژا)؟ هەزاران مەتر زەوى لەشوێنە گرانبەهاكانى شار داگیربكەن و كام گردو تەپۆلكەى بەرزە و كام شوێن كەهاوینەهەوارە بەئارەزووى خۆتان كۆشك و تەلار و ڤێللا و مەزرەعەى لێدروست بكەن!!!
بۆتەنها جارێكیش ئاوڕ لەمیللەتەكەى خۆتان بدەنەوە و بیرتان بێتەوە كەئەوانیش هەن و شایستەى ژیانن و پێویستە ئاوڕیان لێبدرێتەوە چونكە هەر ئەوهەژارانە بوون لەشۆرشەكانى كورد ماڵى خۆیان كردبووە خانە و لانەى ئێوە و دەیان جاریش بەهۆى ئێوەوە خانە و لانەیان بەسەردا رووخێنراوە لەلایەن رژێمى بەعسەوە بەڵام لەئێستادا بەتیلەچاوێكیش تەماشایان ناكەن و خۆتان لێیان نەناس كردووە و تەنها لەكاتى هەڵبژاردنەكان وەبیرتان دێتەوە كەئەوانیش هەن بەڵام تەنها بۆدەنگدان نەك بۆژیانێكى شایستە!!!
ئاخر ئەمە كەى وەفایە؟ ئاخر ئەمە كەى دادپەروەریە؟ ئاخر كێیە لەم هەرێمەى ئێمە تەنها مافى ژیانێكى شایستە بەبەرپرسان دەدات و هەژارانى لێ بێبەشدەكات؟
 ئاخر دواى بیست ساڵ لەحكومەتى كوردى و دواى نۆ ساڵ لەبودجەیەكى زۆر و زەبەلاح بۆدەبێت هاووڵاتیان هەر چاوەرێبن ئاواتیان بێتەدى!!
ئاخر كابینەلەدواى كابینە دەگۆڕدرێت بەلام ژیانى هەژاران و كرێچیەكان هەروەكو خۆیەتى و خەڵكیش سەبرى ئەیوبیان گرتووە و دانیان بەخۆداگرتووە و بەئاواتەوە لەژیان دەروانن و چاوەروانن تروسكاییەك هەڵبێت و بۆجارێكیش بێت ژیان بەدەمیانەوە پێبكەنێت ، ئاخر خاكى ئەم هەرێمە هەمووى هەرزان فرۆش و هەراجكرا و هەژارانیش لەدەست كرێى خانوو ناڵەیان دێت و رۆژانە دەیان كچ و كوڕى ئەم هەرێمە بەهۆى نەبوونى خانوو و بەدەست نەبوونى كرێى خانوو دەست لەیەكتر بەردەدەن و بەچاوى پڕ لەفرمێسكەوە ماڵئاوایى لەیەكتر دەكەن و منداڵەكانیان هەتیو و داماو دەكەون و لەسۆزى ناسكى دایە و بابە بێبەش دەبن ، زۆر بەتووندى ڕاچڵەكیم كەبینیم هێزێكى زۆرى پۆلیس چووە سەر ناوچەى قولەرەیسى لەشارى سلێمانى و بەشۆفەڵ خانەو لانەى دەیان خێزانیان رووخاند !!!
 ئاخر ئەمە رەفتارى بەعس ئاسایە كەبەدرێژایى حوكمرانى خۆى بەرامبەر لادێكانى كورد پەیرەوى دەكرد ، بۆئێستا ئێوە دووبارەى دەكەنەوە!!!من وامزانى ئەم هێزە چووە ماڵەكوردەكانى خانەقین و جەلەولا و سەعدیە لەدەست تیرۆرستان بپارێزێت ، من وامزانى ئەم هێزە لەبەرامبەر كارەنەشیاوەكانى مالیكى لەكەركوك جوڵێندراون بۆئەوەى بڵێین ئێمەش لەئامادەباشیداین ، بەڵام نەمزانى ئەم هەموو هێزەى پۆلیس بۆتێكدانى دەیان خانووى هەژاران بوو بەبیانووى زێدەرۆیى!!!
ئاخر لەم هەرێمەى ئێمە چ شتێك هەیە زێدەرۆنەبێت؟ خانوو و مەزرەعە و ڤێللاى بەرپرسان زێدەرۆنیە؟ ئۆتۆمبێلى بێ تابلۆ و جامڕەشى بەرپرسان زێدەڕۆنیە؟ گەندەڵى و رۆتینیاتى نێو فەرمانگە حكومییەكان زێدەرۆنیە؟ كرین و فرۆشتنى زەوى موساتەحە و زەوى كشتوكاڵى لەلایەن بەرپرسانەوە زێدرۆنیە؟ دانانى بەرێوەبەرى قوتابخانەكان لەلایەن حیزبەوە زیدەرۆنیە؟ بەكارهێنانى ئۆتۆمبێلى میرى لەلایەن خەڵكەوە زێدەرۆنیە؟ واسیتە و واستەكارى و بەرتیل و خزمخزمێنە زێدەرۆنیە؟
 ئاخر نازانم بڵێم چى و چى و چى زێدەرۆنیە؟ چونكە زێدەرۆییەكان ئەوەندە زۆرن كەهەروائاسان نییە لەبابەتێكى لەمجۆرە ئاماژەیان پێبدرێت ، ئاخر من بەوهێزە دەڵێم بڕۆن مەزرەعە و ڤێللاى بەرپرسەكان برووخێنن كەبەزێدەرۆیى لەناوچە گەشتیارى و هاوینەهەوارەكان وشوێنەگرانبەهاكانى شارەكان و گردە بەرزەكان دروستكراون ، ئایا دەتوانن وابكەن؟
 من دڵنیام ناتوانن چونكە ئەوان لەسەرووى یاساوەن و كەس ناتوانێت بڵێت لەپشتى چاوتان دوو برۆیە ، ئاخر دەبێت حكومەت وەڵامى ئەم مەتەڵە بداتەوە كەخانووە 100مەترییەكانى هەژاران تێكدەدرێت و ڤێللا و مەزرەعە سەدان دۆنمیەكانى بەرپرسانیش رۆژبەرۆژ روو لەزیادبوونە و كەسیش ناتوانێت لێیان بپێچێتەوە ، ئەمەیە مافى هاووڵاتیبوون و یاسا سەروەرى؟ ئەمەیە كەنابێت كەس لەسەرووى یاساوەبێت؟




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست