زیاتر لە (25000) بیست و پێنج هەزار هێڵى ئینتەرنێتى (رێبەر كیسەڵ) لە هەولێر راگیراون
17/03/2012, 12:00 (GMT+1)

بنەماڵەى بارزانى بەڵاى خوان بەسەر خەڵكەوە، وە تەنها لە حیزبایەتى و حوكمڕانیدا گەندەڵ و تاوانكار نین كە حیزب و حكومەت و پەرلەمان و دادوەرى و سەندیكاو هەموو بوارەكانى تریان گەندەڵ كردبێ، بەڵكو لە هەموو كارێك كە پەیوەندى هەبێ بە پارەوە خۆیان سەپاندووە بە زۆر و زۆردارى، نەك هەر گەندەڵن، بگرە زاڵم و دزو تاڵانچى و مافیان!! لەئاست پارەدا كەس لەوان نەفس نزمتر و پارەپەرستتر نیەو هەردەم ئامادەن نەتەوەكەشیان بفرۆشن و بازرگانى پێبكەن و بیخەنە سەودا سیاسیەكان ! كەس لەوان چاوبرسیتر نیە، بە هیچ تێر نابن بۆیە وەك گورگى هار بەربوونەتە گیانى میللەت و وەك داگیركەر و بگرە خراپتریش ، لە رووتاندنەوەى میللەتن!
ئەوا بیست و یەك ساڵە داهاتى گومرگەكان بەئاشكرا دەدزن، جگە لە تاڵانكردنى نەوت و گاز و بودجەى 17% ! باسى تەعریبكردنى هەرێمى كوردستانیش مەكەن لەسەر دەستى ئەوان بە تاپۆكردنى خانوو و موڵك لەسەر عەرەب لەبەرامبەر پارە! ئەوە میللەتە قەبووڵ ناكات ئەگینا لەهەر كۆڵانێك مەلها و لەشفرۆشى بڵاودەكەنەوە تەنها بۆ (پارە)!
هیچ پرۆژەیەك نیە كە ئەگەر خۆیان راستەوخۆ دەستیان بەسەر دانەگرتبێ و قۆرخیان نەكردبێ، ئەوا بەدڵنیاییەوە یان ئەوەتا سەرقفڵانە وەردەگرن لە كۆمپانیاى وەبەرهێن و جێبەجێكار، یان ئەوەتا دەبێ پشكیان هەبێ كە دەگاتە 50 تا 80 % واتە كەمترین شت نیوەى پرۆژە، بێ ئەوەى خۆیان فلسێكى سووتاویش بەشدارییان هەبێ !!
دواجار ئەركە قورسەكە و گرانكردنى بازاڕەكە دەكەوێتە ئەستۆى هاووڵاتى ماڵوێران كە ئەم بنەماڵە دزو مافیاو تیرۆریستە حوكمى دەكات!! دەرەنجام دەبینین بازارەكانى كوردستان گرانیى ئاشكرایان پێوە دیارە و بژێو زۆر سەختترە لە كوردستان بەبەراورد لەگەڵ ناوچەكانى ترى عێراق كە یەك دراو و یەك ئابوورییان هەیە!!
پرۆژەكانى ئینتەرنێتیش لە ناوچەى زەرد هەر لە سەرەتاى دەركەوتنیانەوە قۆرخكران لەلایەن بنەماڵەى بارزانیەوە، هەر لە كۆمپانیاى كوردستان نێتەوە تا كۆمپانیاى نەورۆز كە پاشان بووە ئاڵاى نەورۆز تیلیكۆم.
ئەگەر تەنها باسى ئینتەرنێتى وایەرلێس بكەین، سەرەتا مۆدێمى (رێبەر كویك)یان دابەشكرد،كە خراپترین خزمەتگوزارى پێشكەشدەكرد، دەتوانین بڵین كە جۆرێكە لە (دزی ى ئەلیكترۆنی) بە دەرهێنانى پارەى گیرفانەكانمان لەڕێگاى كارتى رێبەرەوە ، بەوەى خزمەتگوزارییەكە لە ئاستى ئەو بڕە پارە نییە!!
سەیر ئەوەیە كە ناویان ناوە (كویك) واتە (خێرا) لەكاتێكدا كە هێواشترینە و لە ناو خەڵكدا بە (رێبەر كیسەڵ) ناسراوە! جگە لەوەى كە ئەوەندەى بۆى كرابێ جاسوسیش بەسەر خەڵكەوە دەكات !
لەم چەند ساڵى دواییدا رێبەر رێگەى پێدرا بچێتە ناوچەى سەوز، كە خزمەتگوزاریەكەى كەمتر خراپ بوو لەچاو ناوچەى زەرد، بەڵام پارێزگارى سلێمانى مەردانە بە ئەركى سەرشانى هەستاو دایخست، من نازانم هۆكارەكەى ركابەرەكانى ترى ناوچەى سەوز بوون یان پارێزگار وەك ئەركى پیشەیى داكۆكى لە مافى بەكاربەران كرد، بەڵام دەستەكانى خۆشبێت..
دەبوایە پارێزگارى هەولێر (نەوزاد هادى) بە هەمان ئەركى هەڵسایە، بەڵام لەبەرئەوەى كۆیلەى بنەماڵەیە ناتوانێ داكۆكى لە هاووڵاتیانى بكات!!
لەم چەند مانگەى دواییدا (رێبەر كیسەڵ) دەیان هەزار بەشداربووى زیادكرد لەسەر حیسابى بەشداربووە كۆنەكان (هەریەكەیان بەشداربوونى مانگانەى 30 هەزارو 60 هەزارە جگە لە 67 هەزارى كڕینى مۆدێمەكە)، كە بەراستى لە بنەڕەتەوە خزمەتگوزاریەكەى لەئاستى پێویستدا نەبوو، كەچى ئەوانەشى هاتە سەر و كەسیش ناتوانێ قسەبكات!
سەرەنجام ماوەى پانزە رۆژێكە رێبەر كیسەڵ یان وەستاوە بەتەواوى ، یان خێراییەكەى لە 2-4 كیلۆبایت تێپەڕناكات!
بۆیە 25000 بیست و پێنج هەزار هێلیان وەستاندووە، تیایدا چەندین هێڵى كۆنیش! دواى موراجەعەكردنى بەشداربوو پێى دەڵێن كە (تۆ ئینتەرنێت زۆر بەكاردێنیت) لەكاتێكدا بەشداربوو بۆیە بەشدارى كردووە و مانگانەى داوە تا بەكارى بێنێت !! هەموو مەبەستیشیان ئەوەیە كە بەشدارى مانگانەى رێبەر كیسەڵ لە 30 هەزارەوە بكەن بە 60 هەزار بەو جیهازەى ناویان ناوە (رێبەر مەكس) كە بە دڵنیاییەوە خێراتر نیەو نابێت !!
ئەو كۆمپانیاى دزى و تاڵانە بۆ یەك شت باشە (رەجمكردنیان وەك رەجمكردنى شەیتان) !! وەك رەجمكردنەكەى لقى چوارى سلێمانى!!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









