رەفعەت هەڵبجەیى پیاوێكى رابردوو پاك و دەستپاكە
31/01/2009, 12:00 (GMT+1)

لە سەرەتاى ئەمساڵدا ناكۆكى لە نێوان لقى 12 پارتى دیموكراتى كوردستان و رۆژنامەنوس ناسح عەبدەلرەحیمدا درووستبوو، بە رۆژێك زیندانیكردنى ناسح كۆتاییهات و دواتر بە كەفالەت ئازادكرا، بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشەیە و لە كاتى كێشەكەدا، قسەم لەگەڵ ناسح عبدولرەحیم و بەرپرسێكى پارتى دیموكراتى كوردستاندا كرد. هەر لە سەروبەندى ئەو كێشەیەدا بۆ پشتگیرى لە ناسح عەبدولرەحیم، رەفعەت هەڵبجەیى وتارێكى نووسى و لە سایتى كوردستانپۆست بڵاوى كردەوە، بە داخەوە من بۆمنەكرا وتارەكەى رەفعەت بخوێنمەوە، دواى ئەوە بێستون هەورامى كادرى لقى 12 وتارێكى تاوانباركردن و ناوزراندنى لە سەر رەفعەت هەڵبجەیى نووسی و لە سایتى كوردستان نێتدا بڵاویكردەوە .رەفعەت هەڵەبجەییش لە وەلامى نوسینەكەى بێستوندا بە هەمان شێوازى بێستون وتارێكى نووسى و لە سایتى كوردستانپۆستدا بلاویكردەوە، لەم نووسینەدا رەفعەت وەك شاهدێك لە سەر مێژووى سیاسى خۆى دووجار ناوى منى هێناوە ، بۆیە منیش بە ئەركى خۆمى دەزانم لە سەر ئەو بابەتە چەند زانیاریەك و هەندێك هەڵسەنگاندن بدەم.
1. پۆلیسبوونى رەفعەت هەڵبجەیى عەیب و عار نیە، دیاردەى پۆلیسى لە ناوچەى هەورامان بە كارێكى سروشتى دەژمێردرێت، دەزگاى پۆلیسى حكومەتى عێراق یەك لەو دەزگایانە بووە، كە رژێمى بەعس كۆنترۆڵى نەكردبوو، هەر كەسێك لە سەردەمى بەعسدا حزبى بوایە بە پۆلیسى رازی نەدەبوو. ئەو پێشمەرگانەى كە شۆرشى ئەیلولیان پێگەیاند زۆربەیان پۆلیسى حكومەتى عراق بوون و بە تفەنگەكانیانەوە سەنگەرى پێشمەرگەیان ئاوەدانكردەوە.
2. من شاهیدى بۆ رەفعەت هەڵبجەیى ئەدەم، كە لە ساڵى 1989 لە ئوردۆگاى كامیەران بووە و ئەندامى پارتى گەلى دیموكراتى كوردستان بووە، لە راپەرینى بەهارى ساڵى 1991 پێكەوە رۆژى 9-3-1991 گەراینەوە شارى سلێمانى.
3. ئەو كاتەى من و رەفعەت پێكەوە كارمان كردووە، رۆژێك لە رۆژان كەسێك لە دوور و نزیكەوە پەنجەى تاوانبارى بۆ رەفعەت درێژ نهكردووە.
4. ئەو كاتەى من و رەفعەت لە پارتى گەل پێكەوە كارمان دەكرد، رەفعەت ئەندامى لق بوو، بەرپرسى ئیدارەى لق بوو، قەت بەرپرسى گومرگ نەبووە، لە كەسیشم نەبیستووە بڵێت رەفعەت دەستى بەسەر پارەى گومركدا گرتووە.
دكتور فائیق محەمەد گوڵپى
31-1-2009
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









