<

دەنگی شەقام بە زەبری چەك كپ ناكرێت

23/04/2011, 12:00 (GMT+1)




چەند رۆژێكە بەمەبەستی شكاندنی ئیرادە‌و متمانەی شۆڕشگێرانەی خەڵك‌و نانەوەی فەزای ترس‌و تۆقاندن، هێزێكی زۆری سەربازی هێنراوەتە سەر سلێمانی‌و ئەو شارو شارۆچكانەی لەدوو مانگی رابردوودا خۆپیشاندانی جەماوەرییان تێدا ئەنجامدراوە، بەهۆی ئەم هێزانەوە شارەكان بوون بەسەربازگە، حوكمی عورفی بەڕێوەدەبرێت، مینبەری مەیدانەكانی ئازادی لە هەموو شاروشارۆچكەكان دەستیان بەسەرداگیراوە‌و سوتێنراون‌و شكێنراون، خۆپیشاندەران‌و هەڵسوڕاوان‌و ئەندامانی ئەنجومەنەكان بەزۆری چەك لەمەیدانەكان دەركراون‌و تەقەیانلێكراوە‌و ئەمری گرتنیان دراوە‌و چەندین كەسیان دەسگیركراوە‌و دوور لەهەموو هەستێكی مرۆیی ئەشكەنجە دراون، دۆخی شارەكان شێوێراوە‌وكراوە بەمەیدانی جەنگ.
ئێمە ئەم لەشكركێشیەی پارتی‌و یەكێتی شەرمەزار‌و پرۆستستۆ دەكەین‌و پێتان رادەگەیەنین دەست لەم جۆرەكارانە هەڵگرن‌و مل بە ئیرادەی گەل بدەن‌و رێگەی چارەسەر بگرنەبەر نەك سەركوت، ئێمە هۆشداری دەدەین‌و بەبیرتان دێنینەوە كە ئەگەر لەسەرەتاوە گوێ لەداواكاری‌و پێشنیاری جەماوەر بگیرایە بارودۆخەكە بەئێستا نەدەگەیشت‌و ئێستاش ئەگەر گوێ‌نەگرن ئاڵۆزی زیاتر بەدیدێت، كە ئێوە چ وەك دەسەڵات‌و چ وەك كاربەدەستانی حیزبی‌و حكومی بەرپرسی یەكەمن لەهەر رووداوێكی نەخوازراو، وەك دەڵێن "دەست كە شكا جێی خۆی ناگرێتەوە".
ئێوە هیچ دڵی خۆتان بەم بڵاوەپێكردنەی خۆپیشاندەران خۆشمەكەن، ئەمە پاشەكشەیەكی كاتیە‌و وەك ئیسپرینگێك لەژێر پەستاندا نیشتووە، هەركاتێك ئەو پەستانەی لەسەر لاچێت هەڵدەستێتەوە‌و لەگەڵا خۆیدا قەفزەیەكیش دەدات. بەتایبەتیش كە ئەمڕۆ هاونیشتیمانیانی كوردستان خاوەنی ئەنجومەنەكانی مەیدانەكانی ئازادین‌و چەندین گروپ‌و دەستە‌و رێكخراوی شۆڕشگێر دروستبوون كە " تۆڕی شۆڕشگێڕانی سەرای ئازادی" بەشێك لەو رەوەندی رێكخراوبوونە ناوەكیەیە كە بۆ بەرگری لەماف‌و ئازادیەكان لەهەوڵی كار دان بۆ شكاندنی ئەو جەنگەی دەسەڵات دژی كۆمەڵگەی كوردستان رایگەیاندووە.
جەماوەری راپەڕیوی كوردستان بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواكانی خۆی هاتۆتە مەیدان‌و بەبێ‌دەستكەوت ناچێتەوە ماڵا، ئەمڕۆ یا سبەی دەبێت ببێتە خاوەنی ئەو مافانەی دەیانساڵە لێی زەوتكراوە‌و پارتی‌و یەكێتیش زیاتر لە20ساڵە هەر درێژە بەو زەوتكردنە دەدەن‌و لەدواكردەوەشدا دەتانەوێت بەحوكمی چەك‌و جبەخانە بێمافی هاونیشتمانیان‌و زۆرداری خۆتان راگرن، ئێمە بەرپرسیارانە وتمان: ".. تائێرەو بەس.." ئێستاش بەرپرسیارانە دەڵێین:
1. هەموو هێزەكان بكێشنەوە شوێنەكانی خۆیان‌و كۆتایی بەدۆخی سەربازی بێنن كە بەسەر شارەكاندا سەپێنراوە.
2. دەسبەجێ‌هەموو گیراوەكان ئازادبكەن‌و دەستهەڵگرن لە راوەدوونان‌و دەستگیركردنی خۆپیشاندەران‌و چالاكوانان.
3. تەقەكردن‌و بەكارهێنانی گازی سوتێنەر بەفەرمی رابگیرێت‌و بەتاوان ئەژماربكرێت.
4. دەستبكرێت بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی جەماوەر‌و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار پابەندبوونی خۆتان بە " نەخشەڕێگای ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی بۆ چارەسەری ریشەیی ئەزمەی سیاسی‌و حكومڕانی كوردستان" رابگەیەنن كە دەیان هەزار كەس راستەوخۆ لەمەیدانەكانی ئازادی دەنگیان پێداوە‌و تەبەنییانكردووە.

سەركەوتن بۆ ئیرادەی جەماوەر‌و شكست بۆ زۆردارانە


تۆڕی شۆڕشگێرانی سەرای ئازادی

 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست