<

بەیاننامە لەگەنجانی سەربەخۆی كفری-یەوە بۆ رای گشتی كوردستان

18/02/2011, 12:00 (GMT+1)


"ئەو دەسەڵاتەى بڕوای بە ئیرادەى گەنج و گەل نەبێت هەمیشە دۆڕاوە"..
ئێمەى گەنجانی سەربەخۆی كفری وێڕای ئەوپەڕی نیگەرانی و هاوخەمیمان بۆ گیانبەختكردنی ئەو گەنجانەو بریندارەكانی شاری سلێمانی هەمیشە راپەڕیو، پێمان وایەو گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەى كە پارتی و یەكێتی هەمیشتە نەیانویستووەو چیتر نایانەوێت بە شێوازی مەدەنییانە مامەڵە لەگەڵ خەڵك و تاكی كورددا بكەن و ئەوەتا بە گولە سنگی هاوڕێكانمان هەڵدەتەكێنن و شەقامەكانمان سوور دەكەن.
جەماوەرى خاوەن كەرامەت و گەنجانی سەربڵندی كوردستان، ئەوەتا دیسانەوە ئەوەى كە ئێمە پێمان دەوتن براكان كەچی برا دەرنەچوون و دوژمنئاسا كەوتنە گولەبارانكردن و لەناوبردنمان، ئەوەتا بێڕەحمانە بە دەستی ئەو برایانە دەكوژرێینەوەو شەهید دەكرێین، بۆیە لێرەوە بەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەى كوردستان دەڵێین ئەگەر نازانن مامەڵە لەگەڵ نەوەی ناڕازیدا بكەن ئەوا باشتر وایە عەرشی دەسەڵات چۆڵبكەن و دان بەوەدا بنێنن كە نازانن و ناتوانن راعییەتی دەسەڵات بكەن.
ئێمەى گەنجانی سەربەخۆی كفری پێمان وایە كە دەبوو ئیدارەى یەكێتی لەسلێمانی ئەمنییەتی خۆپیشاندەرانی بپارێزایەو پارتیش دەستی نەبردایەتە بەر فیشەك و چەك و ئەو دوو بێهەڵوێستییەى ئەوان دەریخست كە هەر خۆیان بوونە هۆی نانەوەى ئەو كوشتارگەیە.
ماوەتەوە بڵێین بۆ هەر حزب و لایەن و تاكێكی كوردی سەرشۆڕییە برای خۆی و نەوەى میللەتەكەى خۆی بكوژێت، ئەمە چ ویژدان و عەقڵێك قبوڵی دەكات، ئەوە گریمان هێرشیان كردووەتە سەر بارەگایەك و سوتاندوییانە، خۆ هەر ناكرێت و نەدەبوو بێڕەحمانە فیشەكباران بكرێن، قەیدی چییە گەر پارتی بە خەڵكەكەى بوتبایە فەرموون ئەوە ئێوەو بارەگاكەى ئێمەو چی لێدەكەن بیكەن بزان چی لەدۆخەكە دەگۆڕێت، ئنجا دەردەكەوت كە بەڕاستی پارتی نایەوێت نەوەى كورد بكوژرێت و عاقڵانە مامەڵەى كردووە، بەڵام مەخابن دیسانەوە سنگی گەنجی كوردیان سوور كردو نەیانزانی بە عەقڵ و كوردپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و ئەوەتا بە بەردەوامى هێز رەوانەى شارەكان دەكەن و وەك سەردەمی بەعس خەڵك دەترسێنن.
دەبێت نەك تەنها داواى لێبوردن بكەن، بەڵكو دەبێت مەسعود بارزانی و بەرپرسانی حكومی و حزبی بێنە سەر شاشەى تیڤییەكانیان بڵێن بەڵی ئێمە تاوانبارین و نەدەبوو بە فیشەك وەڵامی ئەو گەنجانەو خەڵكی ناڕازی و بێكارو داخ لەدڵ بدرێتەوە، ئەوەى ئێمەى زۆر غەمبارو نیگەران كردووە، سەرەڕای كوشتن و برینداركردنی هاوڕێكانمان كەچی بەرپرسانی حكومی و حزبی هەڕەشەی توندمان لێ دەكەن و وەڵامی نابەجێ و بڕواپێنەكراومان دەدەنەوە، بۆیە پێویستە چ زووە سەرۆكی هەرێو حكومەت بڕیار بدەن كە لەمەودوا ئەوەى تەقە لەخۆپیشاندەران بكات و خەڵك بكوژێت سزاكەى لەسێدارەدان و كوشتن كەمتر نابێت.
ئێمە بڕوامان بەوە هەیە كە سوتاندن و بەردبارانكردنی بارەگایەكی حزبی هیچ لەدۆخەكە ناگۆڕێت، بەڵام بە هەر پاساوێك بێت وەڵامدانەوەی ئەو حزبانە دڕندانە بوو، لێ وەستانەوە بۆ نەهێشتنی زوڵم و ستەم و ناعەدالەتی و بێكارى پێویستی بە گیانبەختكرن هەبووەو هەیە.
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست