<

وەڵامێك بۆ عەقیدەكەى هاتوچۆى سلێمانى لەمەڕ بەناو مانگرتنەكەى

05/12/2010, 12:00 (GMT+1)
لەكوردستانپۆستى بەرێز كەسێك بەناوى عەقیدێكى بەناو هاتوچۆوە بابەتێكى بڵاوكردۆتەوە و تیایدا بەرێوبەرى نوێى هاتوچۆى سلێمانى بەگەندەڵ لەقەڵەم دەدا و گوایا ئەم سەركردەى مانگرتنێكى وەهمیە لەسلێمانى رۆژى چوارشەممە ، ئێمە چەند ئەفسەرێكى هاتوچۆ بەم جۆرە هەوڵ و بانگەوازە شۆك بووین و زۆر بەپێویستمان زانى كە ئەم روونكردنەوەیە بۆ هەموو لایەك بخەینە روو تاكو كەس بەهەندێ بیروبۆچوونى تاكڕەوانەى نادروست چەواشەنەكرێت و ئامادەشین وەڵامى هەموو تانە و رەخنەیەك بدەینەوە لەسەر ئەو راستیانەى كە دەیخەینە روو :

1. هەموو بەرێوبەرایەتى هاتوچۆ بەیەك دەنگ و بەیەك رەنگ گەواهى ئەو راستییە دەدەن كە بەرێوبەرى پێشوو چۆن تاكو ژێر چەنە غەرقى گەندەڵى و خراپ بەكارهێنانى دەسەڵاتەكەى بوو ، هەڵبەتە كاتێ عەمید ئاراس دوورخرایەوە بەئاشكرا ئەفسەر و كارمەند ئاهەنگیان گێڕا و شیرینیان بەخشییەوە ، بەهەمان دەستوور كاتێ عەمید ئاراس لە بەرێوبەرایەتى رەگەزنامە دوورخرایەوە هەمووان شاهیدن كە چۆن ژوورەكان نوقڵ باران كران ، ئەمەش هەمووى بەهۆى ئەوەوە بوو كە ئەم عەمید ئاراسە تەنها و تەنها بەرژەوەندى خۆى ویستووە و كارى بۆكردووە ، هەمووان ئەزانن عەمید ئاراس خاوەنى پارەى ئوتومبیلێكى علوج نەبوو كەهاتە هاتوچۆ و هەمووانیش ئەزانن كەچۆن بەواستەى ماستاوچێتى و ملشكاندنى ئەفسەر و كارمەندەكان و تەخشان و پەخشانكردنى مۆڵەت و تابلۆى ژمارەى جوان چۆن خۆى لاى بەرپرسەكان بردە پێشەوە و بەهۆیەوە ئوتومبیلى وەنەشە و كامیرى وەرگرت بێ لەوەى كەم مانگ هەبوو دكتۆر خیراللەى ئیدارەى گشتى پەنجا گەڵا و چل گەڵاى نەداتێ كە بەهۆیەوە ئیستا لەسیتەك باخێكى بیست دەفتەرى هەیە كە شیش و چیمەنتۆكەشى هەرلەسەر كۆمپانیایى نۆكان بوو .

2. لەكاتى عەمید ئاراسدا ئەفسەر و كارمەند حورمەتى نەمابوو و بەئاشكرا سووكایەتییان پێوەئەكرا ، هەروەك چۆن عەمید ئاراس بۆخاترى دەوڵەمەند و نیمچە مەسئولێك ئەستۆى هەزار و یەك ئەفسەر و كارمەندى وورد دەكرد بۆ باركەاللەیەك ، ئەمە بێ لەوەى عەمید ئاراس شانزە خوشكەزا و پورزاى لەتەك خۆى نەقڵكردبوو كە نیوەیان هەر دەوامیان نەدەكرد و نیوەكەى تریش وەكو جاسوس لە دائیرەدا بڵاوكرابوونەوە .

3. ئەوەى بابەتەكەى بەناوى عەقیدێكى هاتوچۆوە بڵاوكردۆتەوە خۆى بۆ خۆشى ئەزانێت هەموو پیت و وشەكانى دوورن لەراستییەوە لەبەرئــــەوەى یەكەم لەهاتوچۆى سلێمانیدا ئەسلەن ئەفسەر نیە بەپلەى عەقید لە مقدەم زیاتر پاشتر هەمووان ئەزانین ئەو بابەتە چ ئەفسەرێكى تڕۆكراوى لەپشتەوەیە .. هەر ئەو ئەفسەرەیە كە بە قەرارى خاس و تایبەتى پارچە زەوى لەسەر شەقامى شەست مەترى وەرگرت كاتێ بەدەیان ئەفسەر و كارمەند بەخاڵبەندیش ناویان هاتبۆوە و وەریان نەگرت ... هەر ئەو ئەفسەرەیە كەتاكو ئیستا چوار بەرێوبەرى گۆڕیوە و هەر خاوەنى هەمان پۆست بووە ، هەر ئەو ئەفسەرەیە كە سێ رۆژ بەرلەئیستا لیوا مەریوان لەژوورەكەى كردییە دەرەوە لەسەر ئەوەى رازینەببوو كە بانگەوازێكى لیوا مەریوان بڵاوبكاتەوە دەربارەى نەهێشتنى حجز لەسەر ژمارە تابلۆجوانەكان كە دەستوورى ئیشكردنى عەمید ئاراس بوو بۆ دۆست و ئەحبابەكانى و بەكەم تەماشاكردنى هاوڵاتى سادەبوو تاكو بازرگانى بەو تابلۆیانەوەبكرێ .

4. كەس نیە بەوێنەى لیوا مەریوان ركى لەماستاوچى و دووزمان بێتەوە ، تەنانەت لەیەكەم رۆژى دەستبەكاربوونیەوە بەهەموو ئەفسەرەكانى ووت : قبوڵناكەم كەس دووزمانى بەسەر هاوڕێكەیەوە بكات ئەوەشى جاسوسیم بۆبكات لەگەڵ هاوڕێكەى رووبەرووى ئەكەمەوە ، دیارە پێشتر عەمید ئاراس خەڵاتى ئەو كەسانەى ئەكرد كە جاسوسى و دووزمانى نارەوایان بەسەر هاوڕێكانیانەوە ئەكرد و زۆر ئەفسەرى كردبوە جاسوس بەسەر ئەفسەرەكانى ترەوە و هەمووش ئەم راستییە ئەزانن .

5. لیوا مەریوان لەوەتەى هاتووە زۆر دز و دەست و داوێنپیسى نەقڵكردووە یان كەنارگیرى كردوون و لەریزدا وەستاون بۆ گواستنەوە ، لەوێنەى ئەوانەى كە بەئاشكرا پارەیان لەسایەق لۆرى و بازرگانەكان وەردەگرت و تابلۆیان دەفرۆشتەوە و دەیان دەڵاڵیان هەبوو یان داوێنپیسیان ئەكرد و تەكەتوولیان لەناو ئەفسەرەكانا دروستكردبوو ، بەم هەنگاوەى لیوا مەریوانیش مەركەزیەت بۆ هاتوچۆ گەڕایەوە و عەرشى دز و گەندەڵكاران بەسەریەكا داڕما .. عەرشى ئەوانەى لەترسى لەدەستدانى پۆستەكانیان بێ ئابرووانە واستەى بەرقاپى ئەم مەسئول و ئەو مەسئولیان دەكرد و تەنانەت بوختانیان بۆ زۆر ئەفسەر دروستدەكرد بەوەى گۆڕانن یان گوایا دژى بەرێوبەر و بەرێز بریكارى وەزیرن .

6. ئێمە لەهاتوچۆ لەمێژە چاوەڕێى ئەوەین كە كەسێك بێت بۆ هاتوچۆ تاكو ئابرووى بەتاڵانبراومان بۆ بگەڕێنێتەوە و قورسایى بداتەوە بەم فەرمانگەیەیى عەمید ئاراس سووكى كردبوو ، بۆیە زۆر سوپاسى هەركەسێك دەكەین كە لیوا مەریوانى بۆ ئەم پۆستە كاندیدكرد لەپێش هەمویانەوە بەرێز بریكارى وەزیر ، ئەمەش نە خۆبردنە پێشەوەیە و نە ماستاوكردن گەر وابوایە ناوى خۆمان ئاشكرا دەكرد یان بە چارەكى چارەكى ئەفسەرە ماستاوچییەكان هاتوچۆى بەرێوبەر و بریكارى وەزیرمان دەكرد ، ئەوەى ئێمە شاهیدییە لەسەر حەق .. ئەو حەقیقەتەى كە ئاو لەبەریا ئەوەستێ .

7. ئێمە دڵنیایى هەموو لایەك دەكەینەوە كە ئیدعاكردنى مانگرتن و رێگابەستن تەواو دوورە لەراستییەوە ، ئەو مانگرتنە ئەبوو عەقیدە وەهمیەكەى هاتوچۆ ئەوكاتە بانگەشەى بۆبكردایە كە هاتوچۆى سلێمانى ببوە مەیانى دارە سووتاوەكە و رۆژ نەبوو لەبەرخاترى ئەم دەوڵەمەند و ئەو مەسئول پۆلیسى هاتوچۆ زیندانى نەكرێت و سووكایەتى پێوەنەكرێت و تابلۆ بەئاشكرا نەفرۆشرێتەوە و بەبەرتیل كار بۆ ئەم و ئەو نەكرێت ....

بۆ زانیارى و بەرچاوروونى هەمووان و لەگەڵ رێزماندا بۆهەموو لایەك ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست