<

بۆ بەرێز/سایتى كوردستان پۆست

12/10/2009, 12:00 (GMT+1)
ژمارە: 297 بەروار: 9/10/2009
زانكۆى كۆیە
بەرێزان,
لە 8 /10/2009 بابەتێك لەژێر ناونیشانی (زانكۆى كۆیە لەدواى دارمانى مۆرال , بیناكانیش دەستیان بە دارمان كرد) بڵاوكراوەتەوە بەهیوای ئەوەى ئەم روونكردنەوەیەش وەك خۆی بەبێ دەستكاری بڵاو بكەنەوە لەبەر ئەوەى من وەك كۆمپانیاى ڤیتا و شایەت حاڵێك ئەم زانیاریانە دەخەمە بەر دەستان بەمەبەستى دەرخستنى راستیەكان دوور لە چەواشەكاری و ناو زراندن هەروەها حەزدەكەم بێگومان بن لەوەى تەنها مەبەست لەم روونكردنەوە باسكردنی راستیەكانە وەك ئەوەى كەمن و سەدان و هەزاران خەڵكى بەشەرەف و بەویژدانى ناو زانكۆ و شاری كۆیە دەیزانن دووبارە بەداوایەكى دڵسوزانە پێتان دەڵێین ئەگەر بەبێ دەستكارى بۆمانی بلاوكەنەوە سوپاستان دەكەین بەپێچەوانەوە پێمان باشە وەك ئەرشیف لای سایتە بەرێزەكەتان بمێنێتەوە.
(پێش ئەوەى روونكردنەوە بدەم حەزدەكەم بزانن كە ئەم بینایە(بیناى كۆلیجى زانستە مرۆیىیەكان) نزیكەى 730 م2 یە و برى 126000 دۆلار كە بە قەد خانوێكى باشى تێچووە تا ئێستا 3 لیژنەى بۆ پێكهاتوە لە سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە ئەمە جگە لە لیژنەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و لە زۆر لە كەناڵەكانى تەلەفزیۆن و رۆژنامە حیزبى و ئەهلیەكان و سایتەكان باسى لێوە كراوە, ئەگەر لێى وردببنەو پێتان وانیە كە لە ئەساسەوە ئەم بابەتە زۆر زیاتر لە قەبارەى خۆى گەورەكراوە باشە بە ملیار دۆلار لە 2004ەوە لە پرۆژەكان سەرف كراوە بۆ ناپرسن بۆ پرۆژەكانى تر كە زۆر گەورەتریش لەم پرۆژە و زۆریان كێشەى زیاتریان هەیە وەك لەم پرۆژە ئاوا لەسەریان نانوسرێت, و دەمەوێ بڵێم ئەگەر ئەم بەدواداچوونە چرو پرە و لەو مستەوایە بەرزەى ئەنجومەنى وەزیران بۆ هەموو پرۆژەكانى هاوشێوە و گەورەتر بكرێت ئەوا بێ گومان دەبێ ستافى تایبەتمەندى ئەنجومەنى وەزیران بكرێت بە سەدهەند و هەزار هەند . بۆیە بە بۆچوونى ئێمە ئەمە مەبەستى ترى لەدووە ئەمیش دووركردنەوەى سەرنج لە هەندێك كارى نابەجێ كە ئێستا باسى لێوە دەكرێت لە زانكۆى كۆیە و ناو زراندنى سەرۆكایەتى پێشووى زانكۆى كۆیە), و لەخوارەوە بفەرموون بە روونكردنەوەكەمان:-
1- سەبارەت بە بینای كۆلیجی زانستە مرۆڤایەتیەكان كە ئاماژەى پێ كراوە سێ ساڵە دروستكراوە هەڵەیەو زیاتر لە پێنج ساڵە ئەم بینایە دروستكراوە بەكاتیكى زۆر كەم كە تەنها سێ مانگ بوو لەسەر داواى بەپەلەى سەرۆكایەتی زانكۆى ئەو كات بە شێوازی هەندەسی بەبری تەنها(126000) سەدو بیست و شەش هەزار دولار و مساحەى بیناكە بریتیە لە نزیكەى 730 م2، هەر لەوورد بونەوە لە نرخەكەى بەرامبەر مساحەى بیناكە هەموو كەسێكى لێزان لەم بوارەدا و واقع بین دەزانى كەهیج گەندەڵیەكى دارایی تێدا نەكراوە چونكە ئەم بڕە پارەیەی لە سەرەوە باسمان كرد تەنها تێچوی خانویەكى باشە لە كوردستان .
2- ئەم بینایە هەشت هۆڵى خویندن و هەشت ژوورى كارگێرى مشتملاتى تێدایە كە ئەو كات بۆ مامۆستایان و قوتابیانى (IT)ئاى تى دروست كراوە كە لەدەرەوەى هەرێم دەهاتن و پێویستیەكى زۆریش بەم پسپۆریە هەبوو لە كوردستان .
3- ئەگەر ئەم بینایە درزی تێكەوتبێت ئەمە كاریكى ئاسایىیەو قابیلی چارەسەرە بەتایبەتى پاش پێنج ساڵ دروست كردن و بەكار هێنان و سروشتی رۆچوى زەویەكە و دواى ئیستشارە وەرگرتنى پسپۆران لە زانكۆى سەلاحەددین دەركەوت كە رێژەى ئەم درزانە كەمترە لەوەى ترسى دارمانى لەسەر بێت و هەروەها پشتبەست بە راپۆرتەكانى ئەم لیژنانەى كە لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەم مەبەستە دانرابوون بیناكە مەترسى دارمانى لەسەر نیە.

4- زۆربەى زۆرى هاوڵااتیانى كۆیە دەزانن كە سەرۆكایەتی زانكۆى كۆیەى ئەم كات چەند پەرۆشى خزمەت كردن بووە ئێمەش لە پەرۆشى ئەوان بۆ خزمەت كردنى زانكۆ و شاری كۆیە ئەم كارەمان قبووڵ كرد بەبى هیچ بەرامبەرێك یا قازانجێكى ماددى بەڵكو بەبری تێچوى خۆى لەم ماوە كەمە بەشەوو بە رۆژ كارى تێدا كراوە بۆ ئەوەى زانكۆكە لە بێ شوێنى شكست نەهێنى، ئێمە چاوەروانى دەست خۆشیمان دەكرد نەك تانەو ناو زراندن.
5- بەداخەوە ئەم بابەتە ماوەیەكى زۆرە دەوروژێندرێت لە زۆر رۆژنامە حزبی و ئەهلیەكان بەمەبەستێكى تایبەت كەدوور لە راستیەو بەمەبەستى چەواشەكردن و ناو زراندنى سەروكایەتى زانكوى كۆیەى پێشووە كە ئەمەش هەرگیز كار ناكاتە سەر ئەو جەماوەرەى و كاریگەریەى كەسەرۆكایەتى زانكۆى پێشوو لەدڵى خەڵكى بەشەرەفی شاری كۆیە دروست كردووەو ئێستاش بەشێكى زۆریان خۆزگە بە سەردەمی سەرۆكایەتى پێشوو دەخوازن و بەردەوام لە سەر زاری زۆربەیان ئەوە دەوترێت كە چ شەو نخونیەك و ماندوبونێك كراوە تا ئەم زانكۆیە هاتوتە بەرهەم ،لەشوێنیكى وەك كویە كە دەتوانین بڵێین پێداویستی ماددى و مرۆیى تیدا نەبوو بەڵام سەرۆكایەتى زانكۆى پێشوو توانى سەرجەم پێداویستیە مادىو مرۆییەكان بەهەوڵ و كوشش و ماندوبونى دڵسوزان ئامادە بكات.
6- هەموو كەس ئیش بكات هەلەَش دەكات بەڵام سەرۆكایەتى زانكۆى پێشوو هەڵەى واى نەكردووە كە كاریگەر بێت و دەستخۆشى لێكرابێت لەلایەن بەرێز كاك كۆسرەت و ئەم بەرێزەش كارى خزمەت گوزاریی زۆرى بۆ زانكۆى كۆیە كردووە كە هەر لەسەرەتای دروستبوونى هەر دەم پشتیوان و هاوكاربووە وە بەردەوام ئاواتى ئەوەى دەخواست كە ببێتە زانكۆیەكى نمونەیی و پێشكەوتوو.
7- لیرەدا ڕەواى هەقە پرسیارێك بوروژێنین ئەویش ئەوەیە بۆچى لەسەردەمی كابینەى بەریز د.بەرهەم وبەریز وەزیرى خویندنی بالا د.شەونم عەبدولقادر زانكۆى كۆیە هیچ كێشەیەكى نەبوو بەڵكو بە ئیعترافی دوست و ناحەز هەنگاوی زور گەورەى بەرەو پێشەوە دەنا لەوانە ئیعترافی وەزارەتى خویندنی باڵاى بەغدا بەزانكۆى كۆیەو بینینی رۆڵى سەرەكى لەكۆبونەوەكانی زانكوكانى هەرێم و بەغدا و بە لێشاو هاتنى پسپۆر و ئەكادیمى لە زانستى بەرز بو زانكۆى كۆیەو كە ژمارەیان لە چەند مانگێكدا لە سەدو هەشتا پسپۆرى ئەكادیمى تێپەرى كرد هەروەها دابین كردنى بەشێكى زۆرى پێداویستیە مادیەكان لە بیناو كەلوپەل وە لە هەموو لایەكەوە دەست خوشىو پێزانین ئاراستەى سەرۆكایەتى پێشووى زانكۆى كۆیە دەكرا بەڵام بەداخەوە لەدوای گۆرینی كابینەى وەزارەت و ڕۆیشتنی بەریزان د.بەرهەم و د.شەونم ووردە ووردە كێشە دروست كردن و ناو زراندنی زانكۆی كۆیە دەستی پێكرد پێمان وایە لەهەر كارمەندیك و یا خوێنكاریك یان مامۆستایەك بپرسن ئەم راستیە بەراشكاوی دەزانێت بەتایبەتى شایەت حاڵەكانى ئەو كاتەى زانكۆى كۆیە .
8- كاتێك بەبڕیاری بەرێز سكرتێرى كشتی یەكێتى نیشتمانى كوردستان و لەسەر پێشنیارى مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانى حكومەتی هەرێمى كوردستان بڕیاری دامەزراندنى زانكۆى كۆیەى دا بەبۆچونى زۆربەى زۆرى پسپۆرانى ئەكادیمى و كارگێرى كارێكى ئەستەم و مەحال بوو لە شوێنیكى وەك شارى كۆیە بێ ئەوەى پێش وەخت پێداویستیە مرۆیى و مادیەكان دابین بكرێت زانكۆكە سەركەوتوو بێت بەڵام سەرۆكایەتى زانكۆى پێشوو وەك لایەنێكى جێبەجێكار بەهەوڵ و كۆششى ئەو دڵسۆزانەى كەپێشخستنى زانستیان لەكوردستان مەبەست بوو توانى ئەم واقیعە موستەحیلە بكات بە ممكن و دڵسوزانە جێ بەجێى بكات لەماوەى كەمتر لە سێ مانگ چەندین كۆلیج و بەش و پێداویستیە مرۆیىیەكان لەخاوەن بروانامەى باڵا و فەرمانبەروو پێداویستیە مادیەكان لەبیناو شوێن دابین بكات.

9- ئەگەر ئێمە لەهەر شوینیكى ترى ئەم سەر زەمینە فراوانە باین هەڵسەنگاندن و وروژاندنی بابەتەكان بەدەست كەسانى بەویژدان و خاوەن ئەزموون بوایە ئەوا دەبوو رێزلێنان و باس كردنی ئەم دەسكەوتە شارستانیە مەزنە بەشێوەیەكى زور ئەرییانە باس كرابا بەڵام بەداخەوە لەلایەن خەڵكانێكى چەواشەكار خاوەن بەرژەوەندى تایبەت و لەبارانە بوو هەلی تەكەتولی ناو یەكیتى نیشتمتانى كوردستان بەكارهێنرا بو لاواز كردن و لەباربردنى ئەم دەسكەوتە زانستیە گرنگەو دواخستنى گەشەى زانستی ئەم زانكۆ كۆرپەڵەیەو ناو زراندن و چەواشەكردنی راستیەكان و بەكەم سەیركردنی دڵسوزى و پەرۆشى و ماندوبوونی كەم وێنەی سەرۆكایەتى پێشووى زانكۆى كۆیە.
10- ئەگەر هەر بەرێزێكى بە ویژدان و خاوەن ئەزموون لەم بابەتە وورد بێتەوە كە پروژەیەكى وا بچووك لەهەل ومەرجێكى زور تایبەت و پێویستدا بەبرى تێچووی خانویەك دروستكرابیت و وەپێنج ساڵ بەكار هێنرابێت سێ لیژنەى لەئاستى بەرز لە سەرۆكایەتى ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتى خوێندنى باڵاى بۆ پێكهێنرا بێت لێكۆڵینەوەى ووردى تێدا كردبێت و ئەنجامەكەى ئیجابی بێت رەت كردنەوەى تومەتەكان بێت لەگەڵ ئەوەشەوە وەچەندەمین جار ئەم بابەتە لە سایت و روژنامەكان بڵاو بكرێتەوە بۆى دەردەكەوێت كە ئەمە كارێكى ئاسایی نیەو چەندین هۆكارو خەڵكانێكى خاوەن بەرژەوەندى تایبەتى بەدواوەیە بە مەبەستی چەواشەكردنى راستیەكان و ناو زراندن .
11- دەبوایە پەیامنیرى رۆژنامەى ئاوێنە لەگەڵ ئەوپەرى ڕێزمان بۆ بەدواداچوونى ئەم بابەتانە وێنەى خودی بیناكەی كە چەند ژوورێكە بڵاو بكردایەتەوە نەك باڵەخانە بو ئەوەى خوێنەر بزانیت باس لەچ جۆرە بینایەك دەكرێت و چەند دەهێنێت ئەم باس كردنە ئەمە جگە لە ناونیشانى بابەتەكە كەدوورە لە راستی و زێدەرۆیی زۆرى تێدا كراوە .
12- سەبارەت بەباڵەخانەى دوو بەشى ناخۆى مۆدێرن بەپێوەرى جیهانى كەلەلایەن كومپانیامان و كومپانیایەكى توركى ئەنجامدراوە بو زانیارى گشت خوینەران هیچ پەیوەندییەكى بە سەرۆكایەتى زانكۆى پێشووى كۆیە نەبوەو تەنها ئەركی سەرپەرشتى ئەندازیارى دراوەتە بەشى ئەندازیارى زانكۆى كۆیەو ئەندازیارانى وەزارەتی خویندنى باڵا, هەروەها پرۆسەى تەندەركردن و پێدانی پرۆژەكە لەرێگەى نهێنى و فەرمی بوەو لەئەنجومەنی وەزیران و دەزگای پرۆژەكانى ئاوەدانكردنەوەى هەرێمى كوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا بەشێوەیەكى یاسایی و كەم كردنەوەى نهێنى بۆمان دەرچووە و كەمترین نرخ بووین و ئەوكاتە مەرج بوو بۆ كۆمپانیا ناوخۆكان بۆ بەشداریكردن لە تەندەرى ئەم جۆرە پرۆژانە كە لەگەڵ كۆمپانیایەكى بیانى وەك (جۆینت ڤێنچەر) واتە وەك شەراكەت تەندەر بگەرێنتەوە و پەیوەستامەى ئەم پرۆژەیەش بەینى كۆمپانیاى ڤیتا و كۆمپانیاى توركى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا واژوو كراوە و بەشێوەیكى باش و تۆكمە كارەكان ئەنجام دراوە و تائێستاشى لەكەڵ دابێت كەموو كوریەكى ئەو تۆى نەبوە كەشایەنى باسكردن بیت وە یەكیكە لە پرۆژە سەركەوتوەكانى هەرێم .
بو ئەم برە پارە قازانجە خەیاڵیە كەنوسەر باسی لێوە دەكات باهەر لەخەیالی نوسەر دابێت چونكە ئەگەر پرسیاری كەسانى شارەزا لەم بوارە بكات بوى روون دەبێتەوە كە ئەم پرۆژەیە ئەم قازانجە خەیاڵیە بەدەست ناهینیت.

لەگەڵ رێزمان
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست