كەمی متمانەی جەماوەر بە پرۆسەكانی ڕاپرسی لە كوردستان
02/03/2012, 12:00 (GMT+1)

وڵاتە دیموكراسی و پێشكەوتوەكانی جیهان بایەخی تایبەتی دەدەن بە پرۆسەی ڕاپرسی و لەبەر ڕۆشنایی دەرئەنجامەكانیدا ئەجندای سیاسی خۆیان دادەرێژنەوە و بۆ زانینی ئاڕاستەی هەنووكەیی جەماوەر و پێشبینی ئەگەرەكانی ئایندەیان پشت بە و ڕاپرسیانە دەبەستن، بۆنمونە لە كاتی هەڵمەتی پروپاگەندەی هەلًبژاردنەكان بەردەوام ڕاپرسی دەكەن، بەپێی دەرئەنجامەكانی ئەو ڕاپرسیانە شێواز و ئاراستەی پلانی پروپاگەندەكان دادەڕێژن، كاتێك بزانن ڕیژەی جەماوەر بەلای خۆیاندا ڕووی لە زیادبونە ئەوا كار لە سەر زەقكردنەوە و بەهێزكردنی ئەو هۆكارانە دەكەن كە كاریگەری هەیە لەسەریان، هاوكات ئەگەر ئاڕاستەی جەماوەر بەلایاندا ڕووی لە كەمبونەوە بوو، ئەوا كار لە سەر گۆڕینی ئەو هۆكارانە دەكەن. واتا پرۆسەی ڕاپرسی بەردەوام ئەنجامدانی پێویستە، گرنگی ڕاپرسی تەنها لە بواری پڕوپاگەندە كورت نابێتەوە بەڵكو لە هەموو بوارێكدا دەكرێت سوودی لێ ببینرێت، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەكە یان ئەو پرۆژەیە پەیوەندی بە ڕای جەماوەرەوە هەبێت بە تایبەت لەسەر ئاستی هۆشیاری، ئاڕاستە یان ڕەفتاری تاك.
یەكێك لەو دیاردانەی لە هەندێ وڵاتدا باوە ئەوەیە كە زۆر جار حكومەت ڕاستەوخۆ پرۆژەیەك ناخاتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵكو لە ڕێگەی ئاژانس و دەزگاكانیەوە بە ڕاپرسی ڕای جەماوەری لەسەر وەردەگرن، لەم حاڵەتەشدا حكومەت دەتوانێ زور سیاسیانە مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەگەر ڕای زۆرینەی جەماوەر لەسەر ئەو پرۆژەیە كۆك بێت ئەوا حكومەت خۆی دەكاتە خاوەنی و بە پێچەوانەشەوە ئەوا حكومەت ڕەدی دەكاتەوە و خۆشی ناكات بە خاوەنی, ئەمەیە كە لە سیستەمی دیموكراسیدا جەماوەر تەنها لە كاتی هەڵبژاردندا بەشداری لە دروستكردنی بڕیار ناكات بەڵكو بەردەوام بەشدارە، لێرەدا دەتوانین بڵیین ڕاپرسی ئەو ئامرازەیە كە دەسەڵات و جەماوەر بەیەكەوە دەبەستێتەوە هەروەها چانسی بەشداری كردنی جەماوەر لە دروستكردنی بڕیاردا فراوانتردەكات.
ڕاپرسی لە زۆر بواردا گرنگی خۆی هەیە و لە سنوری بابەتێكی وەهادا تەنها دەرفەتی چەند نمونەیەكمان هەیە. ئەگەر لە بواری زانستی توێژینەوە تەماشای گرنكی ڕاپرسی بكەین دەبینین زۆر جار خاڵێكی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤی ئەو ڕاپرسیانە دەبنە مایەی توێژینەوەی ورد و قوڵتر.
ئەوەی لە كوردستان بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ڕاپرسی بە شێوەیەكی ڕێكخراو و زانستی ئەنجام نادرێت، بەو پێیەی دەرەنجامەكانیان بەپێی ئەو دەزگایانەی ئەنجامیدەدەن جیاوازن، بۆ نمونە ناو بەناو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕاپرسی لە سەر ئاستی جەماوەری كەناڵەكان دەكەن دەبینین دەرئەنجامەكانی جێگیر نین، چونكە هەر كەناڵێك ڕاپرسی بكات خۆی لە ڕیزبەندی سەرەوە دەبینێتەوە، هەرچەندە بە داتا لامان نیە كە ئایا هۆكاری ئەمە دەگەرێتەوە بۆ نەشارەزایی لە ئەنجامدانی ڕاپرسی بە تایبەتی لە دانانی پرسیار و ڕیزبەندیانە كە بەشیوازێكی ئیحائی دادەرێژرێن یان هەڵە لە شێوازی دابەشكردنی فۆرمەكاندا هەیە یان هەر لە بنەڕەتدا دەستكاری دەرئەنجامەكان دەكرێت چونكە مەرجە هەمو ڕاپرسیەك بە دوو قوناغدا تێبەرێت:
1- قۆناغی تاقیكردنەوە
2- قوناغی ئەنجامدان
ئەمەش بۆ ئەوەی بزانین كەدەر ئەنجامەكان لەیەكەوە نزیكن یان زۆر جیاوازن، وە ئەگەر ئەو دوو قۆناغە دەرنجامەكانی لە یەكەوە نزیك نەبێت ئەوا ئەو ڕاپرسیە لەڕووی زانستیەوە ناشێت پشتی پێ ببەسترێت و دەبێت ڕابگیرێت ، ئەمانە ووردەكاری تەنها یەك ڕاپرسیە, ئەی كەواتە چۆن دەكرێت چەند ڕاپرسیەك لە ماوەیەكی نزیك لەیەك ئەنجام بدرێن و هەریەك دەرئەنجامی بەشێوەیەك بێت. ئەمەش وا دەكات توێژەر، چاودیرَ، لایەنە سیاسیە جیاجیاكان و جەماوەر متمانەیان پێنەكەن. لێرەدا گریمانەی ئەوە دەكرێت سەڕەرای نەبونی بێلایەنی لە ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسیانە گومانی كەم شارەزایی لەئەنجامدەرانی دەكرێت، بەتایبەتی لە ڕووی بشت بەستن بە میتۆد و شێوازی زانستییەوە، چونكە ئەو پرۆسەیە پێویستی بە شارەزایی و زانیاری لە بواری ئامارو پرۆگرامی تەكنەلۆژیای تایبەت بەو پرۆسەیە هەیە.
زۆر توێژەر یان تیمی ڕاپرسی لە هەڵبژاردنی سامبلأ و گشتاندنی دەكەونە هەڵەوە، ، چونكە جۆری بابەت، جۆر و ئاستی ڕاپرسی و پێكهاتەی ئەو كۆمەڵگەیەی ڕاپرسی لەسەر دەكرێت تەنها سامپڵێكی دیاریكراوی بۆ ئەشێت، واتا توێژەر یان تیمی ڕاپرسی ئەگەری هەڵبژاردنی سامپڵی هەڵەیان ڕوبەروو دەبێتەوە. ئەو لایەنانەی ئاماژەی پێكراون پەیوەندی بە میتۆد و شارەزایی پرۆسەی ڕاپرسیەوە هەیە. لایەنێكی تر كە كار لەسەر كواڵیتی ڕاپرسی دەكات نەبوونی سەرژمێری و ئامارە كە لە ڕێگەیانەوە چەند زانیاریەك دەستەبەردەبێت كە كاری ڕاپرسیەكان ئاسانتر دەكات. نوێترین سەرژمێری دانیشتوان لە عێراقدا دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1997 و لە ڕووی زانستیشەوە ناتواندرێت بشتی پێ ببسترێت ئەمە وێرای چەندین گۆرانكاری دیمۆگرافی لە عێراقدا.
ئەوەی لەم بابەتە دەمانەوێت بیخەینە ڕوو پیشنیاری دامەزراندنی سەنتەرێكی ڕاپرسی سەربەخۆیە، كە لە ڕێگەی تیمێكی پروفیشنالأ و بەئەزمون بەرێوەببرێت تاكو هەموو لایەنەكان بتوانن متمانە بە كارەكانیان بكەن. ئەوەش دەبێت بودجەیەكی تایبەتی بۆ دیاری بكرێت لە رێگەی وەزارەتی پلاندانان یان هەر دەزگایەكى تر لە حكومەتدا، بەڵام بەو مەرجەی هیچ لایەنیك بەحكومەتیشەوە كاریگەری و فشار نەخاتەسەری. خۆ ئەگەر كەرتی تایبەت بتوانێت لە سەر داهاتی خۆی سەنتەرێكی ڕاپرسی دابمەزرێنێت ئەوە بێگومان باشترە لەوەی لە ڕێگەی كەرتی گشتیەوە بودجەی بۆ دابین بكرێت، بەڵام ئەم جۆرەیان ڕەنگە بۆ ئێستای كوردستان زۆر لە بار نەبێت لە بەر ئەوەی هێشتا ئەو سەنتەر و دەزگایانەی كار لەسەر بەرهەمهێنانی زانستی و مەعریفی دەكەن كاڵاو خزمەتگوزاریەكانیان بە بەهای خوێ لە بازاڕدا ناكرێت بە كەناڵ و دەزگاكانی میدیاشەوە. لە كۆتاییدا جگە لەوەی دەڵێین ئەو ڕاپرسیانەی تائیستا لە كوردستان دەكرێن جێی متمانە نین، هەروەها لە ئاستی خواست و پێداویستیەكانیشدا نین.
نوسینى:
أحمد حمە غریب
خویًنكاری دكتورا لە بواری مێدیا و پەیوەندی سیاسی
زانكۆیی شەفێڵد هەڵام
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









