<

وێنەو سیمبۆلەکانی ئەم ڕاپەڕینە

05/03/2011, 12:00 (GMT+1)
رۆژانەکانی ڕاپەڕین ٣
سیمبۆلەکان:

گەشترین سمبۆلەکانی ئەم ڕاپەرینە چەند دانەیەکن بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن.
شەهیدەکان، گەنجان، ئینتەرنێت و فەیسبوک، مەیدانی ئازادی، ڕەشپۆشەکان، چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵ، سرود و شیعر خوێندنەوە، هەست بە یەکبون و هەستێکی نەتەوایەتی زیندوکراوە. شارو لادێ. ڕۆشنبیرەکان.

بایەخی ئەم ڕاپەڕینە لەوەدایە ناگەڕێت بە شوێن بە پیرۆزاندنی سمبۆلەکانیدا.

سمبۆلەکانی زیاتر بۆ ئەوەن ڕاپەڕینەکە بناسرێتەوە و لە سمبۆلەکانی دەسەڵات جیابکرێنەوە. بۆ ئەوە نین کاتێک ڕاپەرین سەرکەوت راپەریوەکان چل ساڵ بڵین خەباتیان کردوەو دنیا بخۆن.

شوناسیشی پێکەوە گرێدانی هەمو بەشداربوەکانیەتی.

وێنەکان:

ڕەنگ و ڕوخساری زیندو و جوان و، هەستی هاوسۆزی و ڕاستگۆیی و، ئیرادە و، سوربون و، بەردەوامبون و، نوێی و بەسەرنەچویی.

دیاردەکان:

وتارخوێندنەوە و، شیکردنەوەی سیاسیانە و، باوەربەخۆبونی بەشداربوان و باوەریان بە داواکاریەکانیان و. فەلسەفە و، ئنجا نوێژکردن و وتاری هەینی خوێندنەوە.

کرۆکی داواکاریەکان بە دیموکراتیکردنی سیستەم و ژیانە. هێنانە دی دادی کۆمەڵایەتی، ئازادی ڕادەربرین، دەستەبەرکردنی ژیانێکی مرۆڤانە و نە هێشتنی گەندەڵی و ... بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیە و جیاکردنەوەی ئاین و دەوڵەتە لە یەکتر.

نوێژکردن و خوتبە خوێندنەوە:

ئەمە بە مەبەستی بە ئیسلامی کردنی پرۆسەکە نیە. دەسەڵات زۆری هەوڵدەدا ئەم ڕاپەرینە دابڕێت لە کۆمەڵ و بە دیاردەیەکی تاقانە و بێکەس و بێ پشت و پەنا و ناشەرعی بی نوێنێت. لە ڕێگەی جۆراوجۆریشەوە شەرعیەت بدات بە دەستدرێژیەکانی و بۆ ئەم مەبەستەش یاسا و ئاینی ئیسلامیش بەکاربهێنێت.
کە ئەو مامۆستا بەڕێزانەش هاتن تا لەو مینبەرەی سەراوە پشتگیری خۆیان بۆ داواکانی خەڵک دەربڕن، هەر زو دەسەڵات کەوتە هەڕەشە کردن لێیان و هەوڵدان بۆ دابڕینیان لە کاری مەلایەتی و ئنجا بەتاڵکردنەوەی ئەو دوعاو نوێژەی لە گەڵ خۆپیشاندەران کردبویان. دوێنێش ٤ ی مانگی سێ، کە ژمارەیەکی تر لە مامۆستا و مەلا هاتن بۆ بەرپەرچدانەوەی گومڕاییەکانی دەسەڵات بو.
ئێمەش زۆربەمان فریا نەکەوتبوین بچین بۆ تازێی شەهیدەکان و فریا نەکەوتبوین دڵنەوایی خۆمان بکەین، بۆیە زۆر گونجاو بو کە ئەو مامۆستا و مەلا بەڕێزانە هاتن و ژیانی خۆیان خستە مەترسی و هەرەشەوە، تا لەو غەمی لەدەستدانی گەنجانەماندا دڵمان بدەنەوە.

وتاری مەلا بەڕێزەکانیش ماوەو کەسیان نەیان گوتوە کە ئەم ڕاپەرینە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت یان سیستەمێکی غەیرە مەدەنیانەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست