<

یوسفە قەرزاویەکان ئیدانە بکەن

26/03/2012, 12:00 (GMT+1)




جارێکی تریش یوسف قەرزاوی بەناوی خوداوە و بە ئایەتی قورئان، خوێنمان حەڵاڵ دەکات و فتوای ئەنفالکردن و پارچەپارچەکردنمان دەردەکات. یوسف قەرزاوی کە سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانە، لە بەیاننامەیەکدا کە ٢٤ ی ئەم مانگە لە شاری ئەستەمبوڵەوە بڵاوی کردۆتەوە، داوا لە سەرلەبەری دونیا دەکات کە دەست بخەنە دەستی یەکتر و کۆتایی بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان بهێنن، چونکە پێی وایە گەرێلاکان خەریکی کاری تیرۆریستین و ژن و منداڵی سڤیل ئەکەن بە ئامانج. هەر لە ناو ئەو بەیاننامە شۆڤێنیەی قەرزاویدا، جەنابی دکتۆر یوسف داوا لە سەرجەم عەلمانیەکان و لیبڕاڵییەکان و چەپەکان دەکات کە گەلەکانیان بخەنە سەرو حیزبەکانیانەوە و ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە بکەن کە پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامیان دەدەن و خەڵکی بێتاوان و ژن و منداڵی سڤیل دەکەنە ئامانج. وە بۆ ئەم مەبەستەش ئایەتێکی قورئانی بەکار هێناوە بۆ دژایەتی کردنی خەباتی میللەتێک کە لە ساڵی ١٥ی کۆچیەوە لەلایەن سەرجەم خەلافەتە ئیسلامییەکان و دەووڵەتە ئیسلامیەکانەوە قەتڵ و عام کراوە.
یوسف قەرزاوی کە ڕابەری زانایانی ئیسلامە، لەبری ئەوەی پشت و پەنای میللەتانی چەوساوەبێت، فەرمان بە تاقی کردنەوەی جۆرێکی تری ئەنفالکردن دەکات لەسەر لەشی تاک بەتاکی کورد، وەک چۆن لە ساڵانی ئەنفالە بەد ناوەکەی بەعسی عەفلەقیدا خوێنی کوردیان حەڵاڵ و ڕەوا ئەکرد و ئایەتی ئاسمانیان لەسەر کوردی موسوڵمان تاقی دەکردەوە.
یوسف قەرزاوی کە هێشتا لە سەدەی نۆزدەدا سەوڵ لێدەدات و پێی وایە خەلافەتی عوسمانی جێنشینی ڕاشدینەکانن و وەک ئەوەی لە ئەشکەوتەوە هاتبێتە ئەستەمبوڵ و ئاگای لەو هەموو کوشتن و بڕینە نەبێت و ڕوداوەکەی ڕۆبۆسکی کە هێشتا کفنی شەهیدەکانمان زەرد نەبووە، تەنها چیرۆک و ئەفسانەبووبێت، وەک ئەوەی خەڵەفا و یان فۆڕماتی یادەوەری و بیر و ویژدانی بۆکرابێت، ئەو ژمارە گەورانەی کوشتار و جەستە سوتاوانەی منداڵی کوردی بیرچۆتەوە کە لەدوای خەلافەتی پڕ لە ستەمی عوسمانیەکان لەسەر دەستی دەووڵەتی تورکیای فاشیزم، بەسەر کورددا هاتووە و بەردەوامیی هەیە.
ئەمە جاری یەکەم و کۆتایی یوسفە قەرزاوییەکان نیە، کە بە هۆی ئاینی ئیسلامەوە کەف و کوڵی دەرد و ڕقی شۆڤێنیزمی خۆیان بەسەر خەباتی میللەتانی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی دەووڵەتە ئیسلامییەکاندا دەکەن و ئەوە هەر یوسفەقەرزاوییەکان بوون ئەنفالی کوردەکانیان لە ساڵی ١٩٨٨ حەڵاڵ کرد، ئەمەش یوسف قەرزاوییەکی ترە کە کوێراییەتی لە ئاست ستەمکاریی دەووڵەتی وەحشی گەریی تورک، کە لە ساڵانی ١٩٢٣ تا ١٩٣٨ چەندەها قەتڵوعامی ترسناکیان لەسەر لەش و ڕۆحی ژن و منداڵی کورد تاقی کردۆتەوە و هەر ئەم کۆمارە خوێنمژەی ئێستاش کە جەنابی قەرزاوی بە خەلافەتی ئیسلامیان دەزانێت لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٥٠٠ گوندی کوردنشینی باکوری وێران کردووە و زیاتر لە پێنج ملیۆن کوردی ئاوارە و سەرگەردانی هەندەران کردووە و مافی کورد بوون و خوێندن بەزمانی کوردی بە ملیۆنەها کوردی ناو خەلافەتەکەی ڕاوا نابینێت، ئەمە جگە لەوەی کە تەنها لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە کوشتنی ئاشکراو نهێنی کەسایەتی و چالاکوانانی کورد سڵی نەکردۆتەوە و بە کوشتنی ڕاستەوخۆی دەیان هەزار کورد تۆمەتبارە و زیندانەکانی لێوڕێژە لە کورد و لە ژن و منداڵی کوردی مسوڵمان.
من لێرەوە هیوادارم سەرجەم پارت و لایەنە سیاسی و ڕۆشنبیریەکانی کوردستان و سەرجەم حیزبە ئیسلامیەکان و سەرجەم ڕێکخراوەکان و وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕەسمی و بە ئاشکرا ئیدانەی هەوڵە فاشیستییەکەی جەنابی قەرزاوی بکەن و دەرسێکی وایدابدەن کە ببێ بە پەند بۆ هەموو موفتیە بەناو ئیسلامەکانی هاوشێوەی ئەم پیرە خەڵەفاوە.
هیوادارم گەنجانی ووڵات پارێز بە دەست و برد کەمپینی ئیدانەکردنی بۆ ڕابگەیەنن و نیەتە گڵاوەکانی بۆ میللەتەکەمان ئاشکرا بکەن.
وە هەروەها لەم کاتەدا دەبێت حیزبە ئیسلامیەکانی باشوری کوردستان ئەو ئیستیفهامە لەسەر خۆیان لابەرن و بە توندی و بە ئاشکرا ئیدانەی ئەم هەڵوێستە نا جوامێرانەیەی قەرزاوی بکەن و وەڵامێکی توند و کوردانەی بدەنەوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست