وەزارەتى پەروەردە و ڕێزنەگرتن لەمامۆستا
03/03/2012, 12:00 (GMT+1)

مامۆستا فێرى كردم ، هەستم بنووسم كوردم ... مامۆستا چراى زانستە ... هەموو گەلى كورد قەرزارى مامۆستایانە ... ئەمانە و دەیان ووتەى بریقەدارى تر هەن كەلەم هەرێمەى ئێمە تەنها وەكو مانشێتێكى بریقەدارى سەر لاپەڕەكانن و بەهیچ جۆرێك كاریان پێناكرێت و دەستوەردانى ناتەندروستانەى حزبى و سیاسى و خزانى كەسانى ناپەروەردەیى و نازانستى بۆ نێوكایەكانى پەروەردە وایكردووە ڕێزێكى ئەوتۆ بۆپیرۆزى مامۆستا نەمێنێتەوە ، لێدان و كوشتن و برینداركردن و گواستنەوەى مامۆستایان بەهۆى جیاوازى ئینتیماى حزبى چ پیرۆزییەكى بۆ مامۆستایان هێشتۆتەوە؟ لەهەرێمى كوردستان دەیان و سەدان كەس بەناوى پیسپۆر و شارەزا لەوەزارەتى پەروەردە دامەزراون بەڵام نەماندیت یاسایەك دابرێژن بۆپاراستن و پارێزگارى لەمامۆستایان ، هەنگاوەكان لەهەرێمى كوردستان بەرەو بێڕێزكردن لەكەسایەتى مامۆستا هەنگاودەنێن و ئاییندەى ئەم هەرێمە لەئاییندەدا دەكەوێتە مەترسییەوە ، ئەگەر مامۆستایەك بەجۆرێك لەجۆرەكان توندوتیژیەك بەرامبەر بەقوتابییەك بەكاربێنێت دەیدەنە دادگا و دەیان رۆژ بێنەوبەرەى پێدەكەن و ڕەنگە وەزارەتى پەروەردەش ئەو مامۆستایانە لەپیشەى مامۆستایەتى دووربخاتەوە و بیانكاتە فەرمانبەر ئەمەش جۆرێكە لەسزا ، جێگاى خۆیەتى لەوەزارەتى پەروەردەش بپرسین ئەى ئەوقوتابیانەى توندوتیژى بەرامبەر بەمامۆستایان دەكەن یان ئەو سەرپەرشتیارە حزبیانەى بەئارەزووى خۆیان بێنەو بەرە بەومامۆستایانە دەكەن كە ئینتیماى سیاسیان جیاوازە لەئینتیماكەى ئەو و ئەو بەرێوەبەرانەى بەشێوەیەكى توند مامەڵە لەگەڵ ئەو مامۆستایانە دەكەن كە سەر بەحزبەكەى ئەو نین و وەكو ئەو بیرناكەنەوە ، چ رێكارێكى یاسایى پەروەردەییان بەرامبەر كراوە؟ بۆدادگایەكى پەروەردەیى لەم هەرێمەدا نییە بۆئەوەى كێشە نەخوازرەكانى نێو ناوەندەكانى خوێندن و سەرپێچیە نایاساییەكان یەكلایى بكاتەوە؟ دەكرێت پیاوكوژێك و قاچاخچییەكى ماددەى هۆشبەر و تیرۆریستێك و مامۆستایەك لەبەردەم یەك دادگا ئامادەبن؟ كێن ئەوانەى لەم هەرێمەى ئێمە لەئێستادا داكۆكى لەمامۆستایان دەكەن و دەیانپارێزن و رێزیان بۆدادەنێن؟ كوشتنى مامۆستا بەرەگەز ئەمەریكییەكەى خوێندنگە نمونەییەكەى شارى سلێمانى سەرجەم مامۆستایانى كوردستانى تووشى ترس و دڵەراوكێ كردووە و دۆخێكى ناتەندروستى دەروونى لەلاى مامۆستایان دروستكردووە بەجۆرێك كەهەندێك لەمامۆستاكان بەشێوەیەك تووشى دڵەراوكێ بوونە كەترسى ئەوەیان هەیە رۆژێك بێت چارەنووسیان بەهەمان شێوەى مامۆستا ئەمەریكییەى شارى سلێمانى بێت ، مامۆستایانى ئەم هەرێمە دەستیان بەستراوە دەمیان بەستراوە قاچیان بەستراوە ئیتر نازانم ئاییندەى ئەم هەرێمە دەبێت بەرەو چ ئاقارێك هەنگاوبنێت؟ رۆژى 1ى ئادارى هەموو ساڵێك رۆژى جیهانى مامۆستایانە لەسەرتاسەرى جیهان و زۆربەى زۆرى ووڵاتان لەم رۆژەدا ئاهەنگ بۆمامۆستایان سازدەكەن و سەدان و هەزاران مامۆستاش خەڵات دەكرێن بەڵام لەم هەرێمە نەماندیوە تەنها بەبەیاننامەیەكیش لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و یەكێتى مامۆستایانى كوردستانەوە پیرۆزبایى ئەمرۆژە لەمامۆستایان بكرێت!!! بەڵام چەند رۆژێك لەمەوبەر بینیمان بەهۆى یادكردنەوەى رێكخراوێكى قوتابیانى حزبى دەوامى دەیان قوتابخانە راگیرا و ئاهەنگ تێیاندا سازكرا ، لەم هەرێمەدا ئەگەر مامۆستایەك سەربەهەردوو حزبى فەرمانرەوانەبێت ئەوا بەئاسانى ناتوانێت لەقوتابخانەیەكەوە بچێتە قوتابخانەیەكیتر و ئەستەمە بتوانێت رۆژێك بێت ببێتە بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەیەك چونكە ئەم بابەتانە لەلایەن حزبەوە كۆنترۆڵكراوە و بۆكەسانى غەیرى ئەو دووحزبە بڤە و قەدەغەیە ، لەسیستەمى نوێى خوێندن واجبە لەسەر وەزارەتى پەروەردە بەرێوەبەرى قوتابخانەكان لەسەر بنەماى تاقیكردنەوە و كێبركێى و دوور لە بنەماى خزمایەتى و حزبایەتى و خێڵایەتى دابنێت بەڵام بەداخەوە بەهۆى ئەوەى ئەم برگەیەى سیستەمى نوێى خوێندن لەدانانى بەرێوەبەرى قوتابخانەكان دەستى حزب لەوناوەندانە دووردەخاتەوە و بەرژەوەندییەحزبییەكانیان دەكەوێتە مەترسیەوە و ناتوانن چاودێرى بەسەر مامۆستایانەوەبكەن جێبەجێیان نەكردووە و لەهەمووشى سەیرتر مامۆستایان قبوڵى ئەوەدەكەن كەلەلایەن كۆمیتە و رێكخراوەكانى مامۆستایانەوە بەزۆر بەرێوەبەرى حزبی نەشارەزایان بەسەردا بسەپێنرێت و لەسەرووى هەمووشیانەوە سەیرتر ئەوەیە یەكێتى مامۆستایان كەخۆى بەنوێنەرى دلسۆز و راستەقینەى مامۆستایان دەزانێت لەم دیاردە قێزەونە بێدەنگە ئەمەش بێلایەنى و پیشەیى ئەو رێكخراوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، نەماندیت لەسیستەمى نوێى خوێندن مامۆستایانى قوتابخانەیەك بەرێوەبەرێك رەتبكەنەوە و قبول نەكەن بەسەریاندا بسەپێنرێت و رێگاى دادگاى كارگێرى لەم خروقاتە بگرنەبەر ، لەم هەرێمەدا ئەگەر یاسایەك لەخزمەتى حزبدابێت راستەوخۆ دەخرێتەوارى جێبەجێكردنەوە دیارترین نمونەش یاساى خۆپیشاندان بوو ، بۆیە لەهەرێمى كوردستان پێویستە هەرچى زووە مامۆستایان خۆیان بەشێوەى مەدەنى نارەزاییەكانى خۆیان دەرببرن و پەرلەمان و حكومەت ناچاربكەن و بەیاسایەك رێزیان بۆبگەرێنرێتەوە و حەسانەى یاساییان بۆدابین بكرێت بەجۆرێك كەهیچ كەسێك لەمەولا جورئەتى ئەوەنەكات لەسەر هیچ و خۆرایى بەمامۆستا بلێت لەپشتى چاوتان دوو برۆیە و پالەپەستۆ دروستبكەن بۆدوورخستنەوەى دەستى حزب لەناوەندەكانى خوێندن و رێگرتن لەدانانى بەرێوەبەرى قوتابخانەكان لەسەربنەماى حزبى ، دەبێت وەزارەتى پەروەدەش ناچاربكەن كەبەشێوەیەكى پیشەییانە داكۆكى لەمامۆستایان بكەن و بەشێوەیەكى پەروەردەیى و تەندوست مامەلەیان لەوگەڵَدا بكەن ، لەسالیادى مامۆستایانیش ئاهەنگیان بۆسازبكرێت و رێزیان لێبگیرێت و بەهاى پیرۆز بۆناوى مامۆستا بگەرێنرێتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









