كۆلۆنیالیزمی گەردونی سەدەی بیست و یەك و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی
30/08/2011, 12:00 (GMT+1)

پەلاماردانی لیبیا لەلایەن هاوپەیمانێتی ڕۆژئاواوەوە ئەو پرسە دێنێتە ئاراوە ئایا جارێكی دیكە كۆڵۆنیاڵیزم دەگەڕێتەوە؟ئەمە لەكاتێكدا كە ئابوری ئەو وڵاتانە لە داڕماندایە و زۆر ئەستەم نیە جارێكی دیكە وڵاتە ئیمپریالەكانی ڕۆژئاوا دوبارە ڕۆژهەڵات داگیربكەنەوە بەڵام بە فۆرمێكی نوێ.كەم كەس هەیە بۆ قەزافی نیگەران بێت چونكە ئەو خۆی هۆكاری یەكەمی لەدەستدانی سەربەخۆیی لیبیا بوو وا لەپاش 40 ساڵ بۆ جارێكی تر سامانی لەبننەهاتوی وڵاتەكە كەوتەوە ژێر ڕكێفی ڕۆژئاوا.هەروەك چۆن نەوتی عێراقیش ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی ڕۆژئاوادایە و سوریاش بەهەمان شێوە ئابڵوقەی بەسەردا سەپێنرا و جارێ هێشتا ئەسەد نەڕوخاوە وڵاتەكانی ڕۆژئاوا بڕیاڕی نەكڕینی نەوتی سوریایان دەركرد و زۆر ئاشكرایە كە ئێرانیش دەكەوێتە بەر ڕەحمەتی فرۆكە جەنگیەكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا و ئێستا سوریا و ئێران كراون بە ئامانجی زۆر نزیك.بەڕاستی زۆر سەیرە كاتیك كە ڕۆژئاوا لە قەیرانی ئابوریدایە و لەوپەڕی لاوازیدان كەچی وڵاتە تازە گەشەسەندوەكانی ئاسیا و ئەفریقا زۆرترین مەترسی ڕۆژئاوایان هەیە.كۆڵۆنیاڵیزم خۆی بریتیە لە هاوكێشەیەكی ئابوری و بریتیە لەو دۆخەی كە سەرمایەداران یان بەهێزەكان هەمیشە مایەی چەوسانەوەی گەلە بێهێز و هەژارەكانن.
كورتەیەكی لایەنی سەربازی و مێژووی:
لەسەدەكانی 18 و 19 دا كاتێك كە جیهان لەدۆخی كۆلۆنیاڵیزمدا بوو لەلایەن ئیسپانیا و بەریتانیا و فەرەنسا و بەلجیكا و هۆڵەندا و پورتوگال,لەو كاتەدا هیندستان و چین دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان بوون.ئەو دوو وڵاتە %50 ی پێداویستی و بەرهەمی جیهانیان دەستەبەر دەكرد.بەڵام ئەوەندەی نەبرد ئەم دوو میللەتە گەورەیەش كەوتنە بەر هێرشەكانی كۆڵۆنیاڵیزم.
ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە ئەو دوو وڵاتە گەورەترین و بەهێزترین سوپا و كەشتیگەلیان هەبوو كەلەژێر فەرمان و ئەمری چەندین كۆماندەر و جەنگاوەری بەناوبانگی ئەو كاتەی چین و هیندا بوون.لەسەرەتای سەدەی حەڤدەیەمدا,ئەدمیراڵی بەناوبانگی كەشتیگەلی هیند كە ناوی كانهۆجی ئانگری بوو ,توانی سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات كاتێك كە توانی كەشتیگەلی بەریتانی و ئەلمانی و پورتوگالیەكان لە دەریادا ببەزێنێت و تا ئەو ئەدمیرالە لە ژیاندا بوو بۆ ماوەی 33 ساڵ واتە تا ساڵی 1729 هیچ كام لەو وڵاتانە نەیانتوانی زاڵبن بەسەر كەشتیگەلی هینددا.ئەو ئەدمیرالە ئەوەندە لێهاتوو بوو كە ئینگلیزەكان لە داخی دڵی خۆیاندا ناویان نابوو "پایرەت" واتە "قەراسینە" یان بە كوردیەكەی خۆمان جەردە و دز.كەشتیەكانی هیند ئەوەندە پێشكەوتوو بوون لەڕووی دیزاین و بەرگریەوە كە تەنانەت ئینگلیزەكان لاسایی ئەوانیان دەكردەوە لە دروستكردنی كەشتیە دەریاییەكانیان. بەپێ ی وێبسایتی دەریاوانی هیندی ,ئینگلیزەكان كۆمپانیای گەورەی دروستكردنی كەشتی لەسەر شێوازی هیندیەكان دامەزرامد كە ئەمەش ئینگلیزەكانی نیگەران كرد و پێیان باش نەبوو كەوا كەشتی هیندی لەوەی ئینگلیزەكان پێشكەوتووتر بوو تەنانەت هەندێك لە ئینگلیزە ڕەگەزپەرستەكان ئاڵو گۆڕی بازرگانیان لەگەڵ ئەو كەشتیانەدا نەدەكرد كە لە هیندستانەوە دەهاتن یان لە بەریتانیا لەشێوەی هیندیەكان دروست كرابوون.كۆماری باشوری هیندستان لە میسۆر یەكەم كەس بوون كە ڕۆكێتیان لەناو كەشتیدا بەكار هێنا و بۆ یەكەمجار لەجەنگی گونتۆر لەدژی كەشتی بەریتانیەكان لەساڵی 1780 دا.كە توانیان سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەن.لەو جەنگەدا ئینگلیزەكان توشی شۆك هاتن و زۆر بەخراپی تێكشكان.هەر لەهەمان جەنگدا هەندێك لەو ڕۆكێت و تۆپانەی كە گیرابونە كەشتیە ئینگلیزیەكان نەتەقیبونەوە و لەكاتی گەرانەوەیان بۆ بەریتانیا كابرایەك بەناوی ویلیەم كۆنگریڤ كە پسپۆری لەبواری چەكدا هەبوو, هەموو تۆپ و ڕۆكێتە نەتەقیوەكانی بردەوە بۆ شاری ڕۆیال ئەرسینال و لەندەن و دوبارە بەشێوازێكی ئەندازیاری نوێ توانی بۆ یەكەم جار تۆپ و ڕۆكێتەكان بەكار بهێنێ و شێوازی مۆدێرنتری ڕۆكێت لە ئەوروپا بناسێنێت و بەكاریبهێنن.هەروەها زۆربەی حاكمەكانی ئەو كاتەی هیندستان شارەزایی و ئاگاییەكی باشی جیۆپۆلەتیكیان هەبوو.حاكمەكانی هیندستان ڕێگەیان بەبازرگانە ئینگلیزەكان نەدەدا كە بەئارەزوی خۆیان بە وڵاتەكایاندا بگەڕێن و لێنەدەگەران ئینگلیزەكان شارەزای جوگرافیای هیندستان ببن,تەنها ئەوەندە ڕێگەیان پێدەدان كەلەسەر دەریا لەسەر سنوری وڵاتەكەیان ئاڵوگۆری بازرگانی بكەن و لەساڵی 1616دا كاتێك كە نێراوی بەریتانیا بەناوی تۆماس رۆ ویستی سەردانی هیند بكات,بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك چاوەرێ ی كرد ئەوجا هیند چەند كەسێكی كەمی كۆكردەوە تا گوێ لە وتەكانی ئەو نێرراوەی ئینگلیز بگرێت.ئەمە سەرارای ئەوەی كە ئەو نیراوە بە دەستی بەتاڵ گەرایەوە چونكە ئیمپراتۆری هیند ئامادەنەبوو ئاڵوگۆری بازرگانی بكات لەگەڵ ئینگلیزدا چونكە پێ ی وابوو وڵاتەكەی ئامادە نیە بازرگانی لەگەڵ وڵاتێكدا بكات كە هێچی پێ نەبێ بۆ هیند.بەڵام پاش سەد ساڵێك كاتێك كە ئیمپراتۆری هیند نەخۆش دەكەوێت و لە ڕێگەی پزیشكێكی بەریتانیەوە بەناوی ویلیەم هامیلتۆن چارەسەری نەخۆشیەكەی بۆ ئەكات ئیتر لەوە بەدواوە ڕێ بە ئینگلیزەكان دەدەن بۆ بازرگانی كردن و ئینگلیز زۆر بە فراوانی دەست بە بازرگانی دەكەن و تێكەڵ بە كۆمەڵگای هیند دەبن و بەتایبەت كاتێك كە گەورە بازرگانەكانی ئینگلیز بە پاسەوان و هێزی دەریاوە دەستیان بە ئاڵوگۆری بازرگانی دەكرد لەمەوە ڕێگەخۆشكرا بۆ كۆلۆنیلیزم و داگیركردنی هیند.بەڕای پرۆفیسۆر راجیش كۆشهار كە زانایەكە لە دەزگای زانست و لێكۆلینەوەی هیندی لە قەندەهار : "ئەم نزیكبونەوەیەی ئینگلیز لە هیند وای كرد كە بەریتانیا نەك تەنها بەسەر وڵاتی هیندا باڵادەست بێت بەڵكو بەسەر وڵاتەكانی تری ئەوروپاشەوە."
دیسانەوە ڕۆژهەڵات
ئێستاش جارێكی تر رۆژهەڵات لە ڕاپەڕیندایە.شارەزانایانی ئابوری سەریان سوورماوە لەشەپۆلی ئەو گەشە ئابوری وپیشەسازی سەرمایەگوزاریەی ڕۆژهەڵاتی گرتوەتەوە.ماجید ئیقباریا كە پرۆفیسۆری بواری ئابوریە لە زانكۆی تەلئەبیب پێ ی وایە كە:
"لە مێژووی هەموو مرۆڤایەتیدا جگە لە ماوەی 500 ساڵی پێشوو,سەرمایەی جیهان بەشێوەیەكی گشتی هێزی مرۆیی و بەرهەمەكانەوە لە ئاسیادا كۆبووبوەوە.بەڵام لەماوەی ئەو پێنج سەدەیەی پێشوودا ,سەرمایەی هەموو مرۆڤایەتی لە ڕۆژئاوادا كۆبوەتەوە.ئەم سەردەمەش وا نزیكە لە كۆتاییپێهاتن.وا جارێكی دیكە سەرمایەی جیهانی,هێزی ئابوری,هێزی بەرهەمهێنان,هێزی زانیاریەكان بۆ جارێكی دیكە لە ڕۆژهەڵاتدا كۆبۆتەوە."
هەروەك پێشبینی دەكرێت كە هیند لە ماوەی 30 ساڵی ئایندەدا پێش ئەمریكا بكەوێت.ئەمە لەكاتێكداكە ئێستاقەبارەی سەرمایەی ئەمریكا نزیكەی چواردە ئەوەندەی قەبارەی سەرمایەی هیندە.كە ئەمەش جێگەی سەرسورمانە.پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا و ڕۆژئاوا هەر ئاوا دەستە و دامێن دەوەستن و ڕێگە دەدەن وڵاتەكانی تر بەو شێوە خێراییە گەشە بكەن؟بەپێچەوانەوە هەوڵێكی زۆر چڕوپڕی ئەمریكا و ئەوروپا هەیە كە ڕێگە لەم گەشەسەندنەی ئابوریە بگرن و هەمیشە هەوڵدەدەن خۆیان لەسەروو وڵاتانی ترەوە بن بەتایبەتی ئاسیا و ڕۆژهەڵات.ئەویش لەم ڕێگەیانەوە:
1.هەستپێكراو و بینراو:
لەحاڵی حازردا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی نزیكەی 750 بنكەی سەربازی هەیە لە جیهاندا.سەرەرای تێچونی ئەو هێزانە,فراوانكردنی بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا بۆ سەپاندنی هەژمونەی ئەمریكایەبەسەر جیهاندا.لەم كارەیدا ئەمریكا چەند وڵاتێكی گەورەی لەپشتە وەك ئیسرایل و بەریتانیا و فەرەنسا.بەڵام تا ئێستا لە مێژوودا هیچ وڵاتێك ئەوەندەی ئەمریكا بەهێز نەبوە و كۆنترۆڵی جیهانی نەكردوە.تەنانەت لەسەردەمی ڕۆمانەكانیشدا ئیمپراتۆری هیند و چین هەبوون و پێكەوە تەبا بوون و هەوڵیان نەداوە نائارامی لە سنوری یەكتردا دروست بكەن.
2.دابەش كە,حوكم كە:
ئەمریكا هەمیشە وا نیشان دەدا كە هیند تاكە وڵاتی هەرێمەكەیە كە هاوپەیمانی ڕۆژئاوایە.كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەك ئیهانەكردنی هاوڵاتیانی هیندە ئەگینا چ پێویست بەوە دەكات هیند "تاكە"وڵاتی هەرێم بێت پشتگیری لە هەژمونەی ئەمریكا و ڕۆژئاوابكات.ئەمەش دیارە بۆ ناشرین كردنی وڵاتی چینە و دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزیە لە نێوان هیند و چیندا و چەندین جار چین داوای لە هیند كردوە واز لەو هاوپەیمانیەتە بهێنێت.بەپێ ی شارەزایانی مێژووش لەماوەی 2500 ساڵی دراوسێیەتی چین و هیندا ناكۆكی نەبوە لە نێوانیان تا هاتنی هێزی كۆلۆنیای ئینگلیزیەكان.ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی دابەشكردن و بەگژیەكدادانی وڵاتەكان ولەلایەن بەریتانیاوە كە مەسەلەی سنورەكانی زەقكردەوە و لەئاكامیشدا بەسودی ئەمریكا دەگەرێتەوە.
3.ژینگە:
پاش پیسكردنی ژیگە بۆ زاتر لەماوەی 100 سالدا لەلایەن ڕۆژئاواوە,ئێستا داواكاری ڕۆژئاوا لە هیند و چین ئەوەیە كە سوتەمەنی كەمتر بەكابهێنن.كەمتر ژینگە پیس بكەن.كە ئەمەش بۆ هێواشكردنەوەی گەشەی ئابوری ئەو دوووڵاتەیە.كاتێك كە وەزیری ژینگەی هیندی بەناوی جەیرام رامیش داوای راگرتنی پیسكردنی ژینگەی وڵاتەكەی كرد تەنها بۆ پاڵپشتكردنی سیاسەتی ڕۆژئاوا بوو بۆیە ئەمریكاش جەیرام رامیش بە "ئەستێرەی ئاسمانی پاراستنی ژینگە" ناودەبات.
4.دۆلار و ستراتیژیەتەكەی:
ئەمریكا ئێستا وەك كەسێك وایە كە بۆ خۆی لەماڵەوە دانیشتوە و پرینتەرێكی دۆلاری هەبێ و دۆلار چاپ بكات لە كاتێكدا بەملیۆنان خەڵك بۆ نانێك دەمرن.ئێستا ئەمریكا دۆلار چاپدەكات و قەرزەكانی پێ دەداتەوە.چونكە ئەمریكا چەندین ملیارد دۆلاری شەڕی عێراق قەرزارە.ئەمریكا دەیەوێت نەوتی فەنزەویلا بكرێت.تیتانیۆمی روسیا بكرێت.زۆر لە شارەزایانی بواری ئابوری دەلێن لەم چەند ساڵەی دواییەدا و لەكاتی تەنگژە و قەیرانی ئابوریەكەی ئەمریكا تەنها بەوە رزگاری بوو كە زۆر بە ئاسانی ئەمریكا دۆلاری بە ویستی خۆی چاپكردوە و خستویەتە بازارەوە و حسابی بانكەكانی ئەمریكای پێ پڕكردۆتەوە.ئەم جۆرە مامەلە كردنە بە دۆلارەوە لەبەرژەوەندی ئەو وڵاتانەدا نیە كە هاوپەیمانی ڕۆژئاوا نین بۆ نمونە چین و روسیا كە داهاتەكانیان لە رێی ریكەوتنەكانیان لەگەل ئەمریكاوە دەبێت و ئەمریكاش دۆلار بەكاردێنێ بۆ مسۆگەركردنی باڵادەستی سەربازی خۆیان لەجیهاندا,هەر بە دۆلار ئەمریكا پێشكەوتووترین چەكی مۆدێرن بەدەست دێنێ.و هەر بە دۆلار ئەمریكا پاداشتی هاوپەیمانەكانی دەكات بەدۆلاری كاش و چەك و پاراستنی ئمن و ئاسایشی هاوپەیمانەكانی هەر بەدۆلار.
5.رێكخراوی بازرگانی جیهانی:
سەرۆك وەزیرانی روسیا پۆتین ,بەم رێكخراوە دەڵێت كە كۆنە و نادیموكراتیە و ناشەفافە.كەلەلایەن گروپێكی بچوكی وڵاتە زلهێزەكانەوە قۆرغكراوە .ئەم گروپە ئەیانەوێت دەست بخەنە ناو بازاری كشتوكالی ئاسیاوە.بەتایبەت هیندستان.هەروەها رێكەوت نیە كە هیندستان یەكەم وڵاتە لە جیهاندا كە ساڵانە زۆرترین جوتیار "ئینتیحار"خۆیان دەكوژن.
6.تەكنەلۆژیای ئەتۆمی:
زانا هیندی و یابانیەكان بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمیان گەیانددۆتە لوتكە و لە پێویست زیاتر وزە بەرهەم دێنن.باشترین بەڵگەش تەقیەنەوە ئەتۆمیەكانی ئەم دواییەی یابان بوو لەكاتی تسونامیەكاندا.ئەم دوو وڵاتە چیتر پێویستیان بەوە نەماوە لە دەرەوە بەدوای یۆرانیۆمدا بگەڕێن بەڵام لەژێر فشاری ئەمریكادا هێشتا هەر بەردەوامنتەكنەلۆجیای خۆیان خستوەتە گەڕ لە پیتاندن و بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمدا.
7.قەیرانی بۆشایی ئاسمان و گەردوونی:
ئەمریكا لە دۆخێكی قەیراناوی فەزادایە,ئەویش بەهۆی كورت هێنانی بودجە و قەیرانی داراییەوە.هیەندستان زۆرترین كەشتی فەزای هەیە لە ئاسماندا هەیە كە دەكاتە 177 كەشتی.ناسا باش ئاگادارە.و لەهەوڵی ئەوەدایە كە لە ڕێكخراوی لێكۆڵینەوەی فەزایی هیەندستان نزیك بێتەوە چونكە ئەو رێكخراوە زیاتر لە 20,000 بیست هەزار ئەندازیار و زانای شارەزا لە بواری فەزادا هەیە و هەموو رۆكێتەكانی هیند متمانەپێكراون.لەساڵانی نەوەدەكاندا هیند داوای لە روسیا كرد بۆ ئەوەی رۆڵی هەبێ لە بارودۆخی فەزایی نێودەوڵەتیدا بەڵام ئەمریكا رێگر بوو بۆیە ئێستا ناسا ئەیەوێت خۆی ئەو ڕۆڵە گرنگە بگێرێت و لە بواری فەزاشدا هەر لەپێشەوە بێت.هەروەها سیاسیەكانی هیندستانیشی ناچاركردوە كە گوێرایەڵی فەرمانەكانی ناسا بن.
بەپێ ی وتەكانی بەرپرسێكی پێشوی پاناما جەنەرال مانوێل كە ئێستا لە یەكێك لە بەندیخانەكانی ئەمریكادایە و كاتی خۆیشی بۆ زیاتر لە 20 ساڵ كاری سیخوری بۆ سی ئای ئەی كردوە ئەڵێت: "ئەگەر كەسێك ویستی وڵاتێك بكرێت,بەدڵنیاییەوە كەسێكی دەست دەكەوێت كەئامادەبێت وڵاتەكەی پێ بیفرۆشێت." بۆیە قسەكانی جەنەرال مانوێل زەنگێكی گرنگە بۆ وڵاتەكانی تر كەوا لە هەموو وڵاتێكدا چەند كەسێكی هاوشێوەی خۆی هەڵپەرست هەن كە ئامادەن بەرژەوەندیە نەتەوەییەكان وەلاوە بنێن لەپێناو چەند ملیۆن دۆلارێكدا بۆ ئەوەی لەبانكی سویسرا وەك گرین كارتێك بەكای بێنن بۆ خۆیان و خێزانەكانیان.لەكاتی سەرهەڵدانی دیاردەی كۆڵۆنیاڵیزم وڵاتە بەهێزەكانی ڕۆژهەڵات هەرێمەكانی خۆیانیان واڵا كرد لەبەردەم چەند وڵاتێكی بچوك بەڵام بە تەماعی ئەوروپادا بۆ چەند دەیەیەك و لە ئاكامدا خۆیان كردە كۆیلە و كۆلۆنیای ئەو وڵاتە بچوكانە.ڕۆژئاواش لەژێر ناوی "جیهانگیری " و "بازاری ئازاد" دا زۆر هەلپەرستانە ئەم فرسەتەی قۆستەوە و داگیریكردن.وا ئێستاش كۆلۆنیالیزمێكی نوێ ی ئاسیا و ئەفریقا لە فۆرمێكی نوێدا لەسەدەی بیست و یەك هاتۆتە ئاراوە لە ڕێگەی بەهاری عەرەبیەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









