بە تونێلی دیوانی چاودێریی داراییدا
21/11/2014, 12:00 (GMT+1)

حکومەت دەکەوێتە خۆی و وەکو هەموو جارێک لیژنە دروست دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەم کەیسە. کاربەدەستە پیسخۆرەکان تێکەڵبونی داعش و بازرگانەکان بە خیانەت ناو دەبەن. ئنجا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم لیژنەیە بە کوێ دەگات؟
وەڵامەکە پێویستە هەمو کەس بیزانێت چونکە رێگایەک لە مێژە بۆ ئەنجامەکە راکێشراوە. ئەو رێگایەش رێگای "دیوانی چاودێریی دارایی"ە. ئەو هەمو راپۆرتانەی کە ئەو دیوانە لەسەر فەساد و پیسخۆری ئامادەی کرد گەیشتن بە کوێ ئەوا خەیانەتەکانی ئەم جارەش هەر لەوێ دەگیرسێنەوە.
دیوانی چاودێریی دارایی کە کاک جەلالی سام ئاغا سەرۆکی بو خەباتێکی زۆری کرد و کەڵەکەیەکی زۆری لە راپۆرت و بەڵگە ئامادە کرد. ژمارەیەک لەوانە چونەتە دادگاو بەڵام هەر لەوێ بەردیان خرایە سەر. ئەوانەی کە دەبو بەر سزای دادگا بکەون هەر پیاوماقوڵ و کاربەدەست و خاوەن پەیکەرن.
دەرئەنجامی هەمو هەوڵەکانی دیوانی دارایی، دادگای نێوانی کاک جەلال سام ئاغا و حاکم قادر جانە کە زانراوە سام ئاغا ٧٠٠ لاپەڕە بەڵگە و راپۆرتی لەسەر حاکم قادر خستۆتە بەردەمی دادگا و تاوانباری کردوە بە کاری نایاسایی. بەڵام تا ئێستا ئەم کێشەیە کۆتایی بە بڕیارێک نەهاتوە کە دژایەتی گەندەڵیی دڵێکی پێی خۆش بێت. رەنگە کێشەی نێوانی کاک جەلال و کاک قادر وەکو فلیمی هەڵقە درێژە بکێشێت تا ئەو رادەیەی کە لای هەمو لایەک با هەر فلیم بێت.
لە دادگایی رۆژی ٣٠/٦/٢٠١٤ دا حاکم قادر کاک جەلال سام ئاغا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە زەوی لە رژێمی بەعسی روخاو وەرگرتوە و بە بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورە لە رەسومات بەخشراوە. بەڵام کاک جەلال لە وەڵامدا رونی دەکاتەوە کە ئەو یەکێک بوە لەو ٥٠٠ فەرمانبەرەی کە کۆمەڵەی هەرەوەزی کوردستان ٥٠٠ زەوی بەسەر ئەندامانی خۆیدا دابەش کردوە. جگە لەمەش دوای بەیانی ١١ی ئازار ساڵی ١٩٧٢ ئەو کەسانەی زەویان لە کۆمەڵەی هەرەوەز کڕیوە هەمو لە رەسمی تاپۆ عەفو دەکرێن. ئەگینا کاک جەلال سام ئاغا بە تایبەت یان کەس لەوان عەفوی لە مەجلیسی قیادەی سەورەوە بۆ دەرنەچوە. ئەم تۆمەتەی کاک قادر جان تا چ رادەیەک ئەو کەسانەی تر دەگرێتەوە کە ٤٩٩ کەسن و ئەوان چ دەنگێکیان لێوە دێت؟ رەنگە ئەمانەش پرسیار بن.
تونێلی دەزگای چاودێریی دارایی ئەمانباتە سەر کوێ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









