مردنی تاڵه‌بانی که‌س کامه‌ران ناکات
30/01/2012, 12:00 (GMT+1)

به‌م دواییه جه‌نابی تاڵه‌بانی له باشترین نه‌خۆشخانه‌ی دوونیا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ کرا و به‌سه‌رکه‌وتوویی ته‌واو بوو. ئه‌م هه‌واڵه ته‌نانه‌ت لای یه‌کێتیه‌کانیش قیمه‌تی گێسکه نێرێکی نه‌بوو تا له به‌ر پێیدا وه‌ک جاری جاران له فڕۆکه‌خانه‌ی به‌کره‌جۆ بۆی بکه‌نه قوربانیی. به هه‌ر حاڵ خوا تالەبانیی دایه‌وه به گاڵته‌وگه‌په‌کانی جه‌نابی هاشمی و مالیکی.
ئه‌و ڕۆژه‌ی، که سه‌رۆک کۆماره ڕه‌زاقورسه‌که‌ی عێراق له نه‌خۆشخانه‌وه به‌ره‌و مه‌مله‌که‌ت گه‌ڕایه‌وه، ووڵات وه‌ک ئاشی ئاولێبڕاو بێده‌نگ بوو، بڕوام به ماڵپه‌ڕه‌کان و فه‌یسبووک نه‌کرد، به ته‌له‌فۆن هه‌واڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانییم له یه‌کێک له هاوڕێکانم پرسی، سه‌ره‌تا ئه‌و هه‌ر ئاگای له‌وه نه‌بوو، که تاڵه‌بانی هاتۆته‌وه، ووتی:
- تاڵه‌بانی به‌رده‌وام، یان له هۆڵی کۆبوونه‌وه بێ ئه‌نجامه‌کانی به‌غداده، که تشریب و قه‌ل و گیپه‌ی تیادا ده‌خوات، یانیش له هۆڵی نه‌شته‌رگه‌رییه، به‌ز و غه‌زی لێ ده‌بڕن. ووتی:
- هێنده‌ی من ئاگاداربم جه‌نابی تاڵه‌بانی هەموو نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە، ته‌نها نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری لوتی ماوه، هه‌موو نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانی تری به‌سه‌رکه‌وتوویی بۆ ئه‌نجام دراوه. ووتی:
- ئه‌مڕۆژانه شار سارده، خه‌ڵک به‌دوای کیلۆیه‌ک شێلما ده‌گه‌ڕێت تا بیکوڵێنێت و بیکات به گه‌رووی مناڵه‌کانیدا. هاوڕێکەم ده‌یگووت:
- کۆتایی و بەهای تاڵه‌بانی ئه‌مه‌یه، که ته‌نانه‌ت ئیستا لای خەڵکیی کیلۆیه‌ک شێلم ناکات تا له‌م زستانه سارده‌دا هه‌ناوی ماڵه هەژارێکی قه‌راغ شاری پێ گه‌رم بکاته‌وه.
تا ئێره کۆمه‌ڵێک شتی ئاسایی بوو، که تێکڕا بریتی بوون له ئه‌نجامێکی ڕه‌ها، بریتی بوون له کۆتایی خه‌لافه‌تی تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی. کۆتایی پیاوێکی نه‌خۆش و چاره‌ڕه‌ش، که خۆشی گرفتاری عاقیبه‌تی به‌د و نابه‌جێی خۆیه‌تی. بێگومان کۆتایی تاڵه‌بانی به‌م چه‌شنه، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ش ئاسان نییه، که له سه‌ره‌تاوه تاڵه‌بانییان تفکردۆته‌وه، نەخوازا بۆ ئێمه که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا وه‌ک کۆمه‌ڵێک مێردمنداڵی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داخرا، په‌ره‌نه‌سه‌ندوو و داماڵراو له پاشخانی خۆمان، که له‌ناو شاره کوردییه بێ کتێبخانه‌کاندا چاومان کردبووه‌وه و بێ قه‌رار که‌وتبووینه ئه‌وینی ناکامی تاڵه‌بانییه‌وه، بۆ ئێمه‌ش مایه‌ی خۆشیی و که‌یفکردن نییه، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا و به‌شێوه‌یه‌کی واقیعی قسەی لەسەر بکەین، ئه‌مه ئه‌جه‌لی ئەم پیاوەیە، که میلله‌تێک له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ڕیزیان بۆی ده‌به‌ست تا سڵاوی لێبکه‌ن و ئومێدی خۆیانی پێ‌بسپێرن، به‌ڵام ئه‌و سوێندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا شکاند و کۆتاییه‌که‌شی بریتیه له‌مه‌ی، که ئێستا پیایدا ده‌ڕوات.
ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی تاڵه‌بانی و ئه‌م وه‌لانان و نا په‌رۆشییه ترسناکه‌ی، که ڕاسته‌وخۆ میلله‌ت له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و دۆستایه‌تییه‌وه تاڵه‌بانی پێ ڕه‌فزکرده‌وه، ته‌نها زه‌نگی کۆتایی متمانه‌ی تاڵه‌بانی نه‌بوو، به‌ڵکو سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و پاشخانه ڕۆشنبیرییه سیاسییه‌یه، که به‌م دواییه له ئاوێنه‌ی ئه‌ندێشه‌ی کوردی باشوردا تیشکی دایه‌وه، که بریتیه له کۆتایی هێنان به چه‌پڵه‌ی گه‌وجانه و ئه‌وینی خۆڕایی بۆ ده‌مامکداره‌کان.
لێره‌وه له بچوکترین ئه‌گه‌ریی ئه‌م دیمه‌نه‌دا له‌وه تێده‌گه‌ین، که تاڵه‌بانی تازه به‌شی ئه‌وه ته‌مه‌نی نییه، تا هه‌ڵه‌کانی ڕاست بکاته‌وه، کاتی ئه‌وه‌ی نییه بچێته‌وه ئه‌نقه‌ره و بڵێ خه‌ونی شاعیرانی کورد مه‌حاڵ نییه و ئەو خەونە دێته دی.
کاتی ئه‌وه‌ی نیه بگه‌ڕیته‌وه بۆ سه‌رکردایه‌تی جاران و له خوێنی مامه ڕیشه‌کان خۆش نه‌بێ و نه‌یانفرۆشێت.
تاڵه‌بانی به‌شی ئه‌وه باڵانس له حسابه‌که‌یدا نه‌ماوه، که په‌شیمان بێته‌وه له‌و هه‌موو دووبه‌ره‌کییه‌ی خستیه نێو ماڵی کورده‌وه.
ئه‌و ناتوانێت بچێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌که و نامه نه‌نێرێت بۆ که‌ره‌ج تا کوڕه‌کانی مه‌لا مسته‌فا بێنه‌وه سه‌ر ئاشه‌به‌تاڵه‌که‌ی باوانیان.
تاڵه‌بانی، که له هه‌ناسه‌کانی کۆتایی ژیانی سیاسیی و وجودی خۆیایه‌تی، ناتوانێت جارێکی تر تێگه‌یشتنی میلله‌تێک ده‌ستکاری بکات و به‌و هه‌موو تۆماره مێژووییانه ڕابگات و ئه‌و هه‌موو پرسیارانه وه‌ڵام بداته‌وه.
ئه‌مه با هه‌موو ئه‌و کاره‌سات و ته‌قینه‌وه سیاسیانه بوه‌ستن، که تاڵه‌بانی ته‌وقیتی مردنی خۆی کردوون و هه‌موومان پێشبینی ڕوودانیان ده‌که‌ین، که له دوا هه‌ناسه‌ی ژیانی ئه‌ودا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن..
ئایا تاڵه‌بانی، که به‌شێوه‌یه‌کی نائاسایی ڕووی له لێژییه، ئه‌م هه‌موو به‌رپرسیارێتییه چۆن فریا دەکەوێت و به چ کاتێک وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه؟ بێگومان کۆتایی خولی سه‌رۆک کۆماریی- کۆتایی ژیانی سیاسیی تاڵه‌بانییه، ئه‌دی که‌ی سوێندی سیاسی خۆی ده‌سه‌لمێنێت؟ که‌ی به‌ڵێنی به‌رپرسیارێتی و ئه‌خلاقی خۆی له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌که‌یدا ده‌باته سه‌ر؟ ئه‌دی له کۆتایی ڕۆمان و یاده‌وه‌ریه‌کانییدا، که به‌ته‌مایه له ئه‌سته‌مبوڵ بینوسێته‌وه، چی تێدا ده‌نووسێت؟
له‌م ساته‌دا ده‌توانین بڵێین تاڵه‌بانی کاتی نه‌ماوه، به‌شێوه‌یه‌کی تر، ئه‌و ئێستا له لۆستایمدا یاری ده‌کات، ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه پێشکه‌وتووه‌کانی دوونیا ، ئه‌و پێویستی به نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی گه‌وره‌تر هەیە. من پێم وایه تاڵه‌بانی جگه له نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاریی لوتی، ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ریی ویژدانی بکرێت، چونکه به‌و نه‌شته‌رگه‌رییه، لانی که‌م ئه‌توانێت ئاسانتر بمرێت. تاڵه‌بانی به مردنی که‌س کامه‌ران ناکات، وه‌ک چۆن به ژیانیشی که‌سی کامه‌ران نه‌کرد. ژیانی تاڵه‌بانی چه‌نده به‌دبه‌ختی و نابووتی بۆ کورد تێدا بوو، مردنه‌که‌شی به‌هه‌مان شیوه پڕه له جه‌هاله‌ت و کۆسپ و نه‌گبه‌تی گه‌وره‌تر. که‌سێک، که ده‌رئه‌نجامی ژیان و سیاسه‌ت و خه‌باتی- بێویژدانی بێت، گێلێتیه چاوه‌ڕوانبین له مردنه‌که‌ی ئاسوده‌گی بچنینه‌وه. که‌سێک که میلله‌تێکی له ژیانی خودی خۆی نا‌ئومێد کردبێت، ئیدی چ هه‌تاوێکی له‌پشت مه‌رگی خۆیه‌وه حه‌شارداوه؟
من هیچ دڵخۆش نیم، که کۆتایی تاڵه‌بانی ئه‌مه‌یه و هه‌رگیز خۆزگه بۆ مردنی تاڵه‌بانی ناخوازم، چونکه مردنی تاڵه‌بانی بۆنی دێت، بۆنێکی ناخۆش، بۆنێک، که کورد ده‌ڵێ ڕۆژه‌ڕێیه‌ک ده‌ڕوات، تۆ بڵێ یه‌ک سه‌ده‌ڕێ ده‌ڕوات، بۆنێکی شوم، که تا له مردنی تاڵه‌بانی نزیکتر ده‌بینه‌وه، زیاتر بۆنی ئه‌و ئافاتانه‌ی له سایه‌ی تاڵه‌بانیه‌وه له به‌غداد، له ئه‌نقه‌ره، له واشنتۆن، له تاران و له دیمه‌شقه‌وه بۆ ئێره دێن. بۆنی ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی، که له‌سایه‌ی تاڵه‌بانییه‌وه هه‌موومان ده‌کات به دوژمنی یه‌کتر.
ده‌بێت تاڵه‌بانی پێش مردنی نه‌شته‌رگه‌ریی ویژدانی بۆ بکرێت، تا له ژیانی سیاسی پاش خۆی خۆشبێت و چه‌قۆی خۆی له دڵی نه‌وه‌کانی تردا نه‌چه‌قێنێت.
ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی نه‌شته‌رگه‌ریی ویژدانی به‌سه‌رکه‌وتوویی بۆ ته‌واو نه‌کرێت، ئه‌وا ده‌بێت ئێمە تا یه‌ک سه‌ده باجی تاڵه‌بانی بده‌ین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









