لەدهۆكەوە بۆ هەڵەبجە .. كۆشك و باخى هەبێ ناڵێ دەسەڵات گەندەڵە
03/02/2011, 12:00 (GMT+1)

---------------------------------------------
(دەستخۆشیەك بۆ كاك فاروق رەفیق)
ئەو بوێری و ئەو رۆشنبیریەیى كاك فاروق رەفیق بەراستى سووتەمەنى ئاگردانە دامركاوەكەمانە ، بەراستى خۆراكى عەقڵە متبووەكەمانە ، هێزى دەست و قاچە لاوازەكەمانە ، چراى جەنگەڵستانە تاریكەكەمانە ، لەبەروارى 3/2/2011 لەكەناڵى knn وە چاوپێكەوتنێكى كاك فاروق رەفیقم بینى كەتیایدا راشكاوانە و بێ دەستكارى و ئەمسەر و ئەوسەر پێناسەى حەقیقەتى یەكێتى و پارتى و تاوانەكانیانى كرد بەشێوازێكى زۆر سەرنجراكێش ، كەبەراستى من لێرەوە داوا لەو كەناڵە ئەكەم كەچەند جارێك دووبارە و سێبارەى بكاتەوە و لەهەمانكاتدا ئەو بەرێزە بكاتە میوانێكى هەمیشەیى بەرنامەكانى چونكە ئێمە بەراستى تامەزرۆى وشەكانى ئەو جۆرە جەربەزانەین .
ناونیشانى بابەتەكەم كەلەسەرەوە نوسیومە یەكێك بوو لەوتەكانى كاك فاروق رەفیق ، راستدەكات ئەشێ بەرپرسێك لەبادینانەوە بۆ هەورامان بـــــــە پارەى بەتاڵانبراوى ئەم میللەتە كۆشك و باخى بەدواى خۆیدا پێ رابكێشێ و لەكۆتاشدا بێتە سەر مینبەر و بڵێ كەموكورتى و گەندەڵى هەیە ؟! ، كەئەو نایڵێ ئەبێ ئێمە بیڵێین .. ئەوان خۆیانى لێ گێل ئەكەن ئێمە هۆشیار دەبین .. ئەوان درۆزنن ئێمە راستگۆدەبین ، تكایە با بەبێدەنگبوونمان لەتاوانى و تاڵانى ئەواندا نەبینە شەریك ، بەدەردى كاك فاروق وتى ئەو بەرپرسانەى كەناتوانن پێنج خولەك لەمونازەرەیەكى بەرامبەردا لەگەڵ گەنجێكى رۆشنبیرى ئەم وڵاتە دوو رستەى موفید بڵێن ئیتر بۆ بهێڵین جڵەوى ئاییندەى ئێمە و نەوەكانمان لەدەست و پەنجەیانەوە بئاڵێ ، كەسانێكى وەك مەحمود سەنگاوى و شێخ جەعفەر كە ئەنـــــــــــــــــــدامى مەكتەبى سیاسى پارتى دەسەڵاتدارن و پلانداڕێژەرى سیاسەتى ستراتیژى ئەم میللەتە داماوەن ئەگەر باسى وەرچەرخان و سیاسەتى بەدامودەزگاكردنى دەوڵەت و حكومەتى تەكنۆكراتیان بۆبكەى تەمامەن وەك ئەوە وایە گوێزى سەوزى هەورامانیان دوو دوو بۆ بژمێرى .. ئــــەمـما ئەگەر باسى ئافرەتبازى و كۆتربازى و سەگبازى و كاسەلێسیان بۆبكەى ئەوا ئامادەن شەش شەش تێڕوانینى تیۆرى خۆیانت بۆشیبكەنەوە ، ئەمە كارەساتە مەزنەكەى وڵاتەكەمانە .
وەك كاك فاروق وتى ئەو بەپاتەیەكى دڕاوەوە لە سەقز و قاسمە رەشەوە هاتۆتە سەرحازرى پاش راپەڕین بەڵام ئیستا لەئیتاڵیاوە سەد و پەنجا جووت پێڵاوى ماركەى جیهانى بۆ تێرن ، لەبەرئەوەى ئەو ئەم وڵاتە و سامانى ئەم وڵاتە بەهى خۆى ئەزانێ و پێى وایە كەئێمە ئەبێ كۆیلەى بین ، لەتەوەرەیەكى تردا كاك فاروق باسى لەو كچ و كوڕى مەسئولانە كرد كەبەهۆى بابى كۆچكردوو یان شەهیدەوە پۆست وپلەیان پێدەبەخشرێ بێ هیچ پێوەرێكى زانستى و هونەرى لەبەرئەوەى ئەوان و سەرانى دەسەڵات پێیان وایە میللەت هەمووى سەپانى بابیان بووە و وڵات وڵاتى ئەوانە و ئەوان لەپلەى نوبەلائدان و خەڵكیش خزمەتكارى بەرقاپى ئەوانە ، شەهیدە سەر سەروچاو بەڵام وەك ئەو بەرێزە وتى ئەمە مافى ئەوەى ناداتێ زەربێك بەهاوڵاتیانى تردا بهێنێت ، بەڵێ بۆ ئەگەر كوڕ و كچەكانى [ مامۆستا سەعد ، فرانسوا هەریرى ، خاڵە شەهاب ، جەبار فەرمان ... هتد ] ناوى ئەمان لەپێناسەكەیاندا نەبوایە ئەبوون بەوەزیر و ئەندام پەرلەمان و ئەندامى مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى ؟؟ !! بێگـــــومان نەخێر ، بەراستى ئەم كەلتوورە مەترسیدارە هەرەسهێنانى حـــەتمــیـــە .
لەلایەكى ترەوە كاك فاروق باسى لەتەوەرەیەكى هەر یەكجار گرنگ كرد كە ئەویش نەبوونى كلتوورى گوێگرتنە لەناو پارتە دەسەڵاتدارەكانى كوردستاندا ، باشە مەسعود و جەلال بەكامە لێكدانەوە فڕیان بەسەر ئەم میللەتەوە ماوە و بەكامە پێوەر و فەلسەفە خۆیان بەسەركردەمان ئەزانن ؟ ، تاڵەبانى بوو بەو بارانەى یەك ئۆقیانووس گەندەڵى لەكوردستاندا بارن ، ئەسڵەن گەندەڵى و چاوپۆشیكردن لەگەندەڵى داهێنانى جەلال تاڵەبانیە و ئەو ئەندازیارێتى ، مەسعود بارزانیش خۆى و كوڕ و برازاكەى سەرۆكى مافیایى رفاندن و كوشتنە نەك سەرۆكى هەرێم ، بەرۆژى رووناك شەهید زەردەشتیان رفاند و كوشتیان تاكو زەردەشتەكانى كوردستان بتۆقێنن تاكو كلتوورى وەڵامدانەوەى گوللە بۆ قەڵەم پیادەبكەن و بیكەنە یاسا ، بەرۆژى رووناك بودجەى نەوت و داهاتى ئەم میللەتە لەژوورى تاردا دابەشئەكەن و رەوانەى دەرەوەى دەكەن ، كەچى پێیانوایە خاوەن شەرعیەت و جەماوەرێتین ، ئەمەش سەرەتاى هەموو كێشەكانمانە .
گەردەلوولى وەرچەرخاندنى سیستەم و حوكمە ستەمكارەكان هەڵیكردووە .. ئەم هەرێمە زامارەى ئێمەش تینووى دەنگ و رەنگێتى تاكــــو قورسایى حەقیقى ئەم گەندەڵكارانە لاى میللەت ئاشكرا بكات .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









