ئێمەش پشتگیرى لە کەمپینى(بەرگری لە ئازادی رادەربرین) دەکەین
16/10/2010, 12:00 (GMT+1)

ئێمە لێرەدا دەسەڵاتى کوردى بە بەرپرسیار دەزانین لەبەرامبەر ئەم سەرکوتکردنەى رۆژنامەنووسان و ئەو هەموو لێدان و سوکایەتى و هەڕەشە و تیرۆر و تۆقاندنى رۆژنامەنووسان لەبەرامبەر مومارەسەکردنى کارى رۆژنامەگەرى و بەدەستهێنانى داتا و زانیارى دروست لەم هەرێمەدا.ئەوەى ئێستا جێگاى داخە (پارتى دیموکراتى کوردستان) تاک لایەنە هەڵساوە بە دەستپێکردنى شەڕێکى نەخوازراو دژى میدیاى ئەهلى و کۆمەڵێک رۆژنامەنووسى ئەم هەرێمە کە دەستنیشانى کەموکوڕییەکانى حکومەت و دەست تێوەردانى حزب لەکاروبارى حکومەت دەکەن و هەوڵ دەدەن لە بەدەستهێنانى داتا و زانیارى سەبارەت بە کاروانى بە لێشاوى ئەم تانکەرانە کە رۆژانە لە مەرزەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ووڵاتى دەرەوە بەڕێدەکرێن .شەڕێک کە دژى هەموو پرەنسیپەکانى مافى مرۆڤـ و رۆژنامەگەرییە، ئەویش لە ڕێگاى تۆمارکردنى داواى بەناو یاسایی دژى نەیارەکانیان و داواکردنى پارەیەکى یەکجار زۆر بەرامبەر قەرەبووکردنەوەیان. کە پارتى دیموکراتى کوردستان لەم بوارەدا کار بە یاساى کۆنى سەردەمى بەعس دەکات ، ئەمە لە کاتێکا کە یاسایەکى نوێ تایبەت بەم مەسەلەیە لە پەرلەمانى کوردستان دەرچووە بە ناوى یاساى 35 ى ساڵى 2007 کە سەرۆکى هەرێم واژووى لەسەرکردووە. لەهەمان کاتدا ئەمە پێشێڵکردنى یاسایە، یا بەجۆرێکى تر دەسەڵات دەتوانێ بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆى بە شێوەیەکى نایاسایى دەستکارى یاسا بکات.
بۆیە ئێمە لێرەدا پشتگیرى خۆمان بۆ کەمپینى (بەرگری لە ئازادی رادەربرین) ڕادەگەینین و دووپاتى دەکەینەوە ئەم ئازادیەی ئەمرۆ بەری رەنجی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمانە و لە هیچ کەس و رەنگ و لایەنێکی قبوڵ ناکەین ئەو مافانەمان بەرتەسک بکاتەوە لە پێناو بەدەستهێنانى بەرژەوەندی تایبەتی خۆی،بۆیە ئێمە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێین. ئێستا ئێمە خەباتی خۆمان بە شێوەیەکی مەدەنی و شارستانی دەکەین باوەڕمان بە هێزی چەک و توند و تیژی و تۆقاندن نیە،داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و هەموو نوسەر و رووناکبیران دەکەین داکۆکی لە ماف و ئازادیەکانیان بکەن.
ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆران(سوید ئۆریبرۆ)
15102010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









