حەمە سەعید حەسەنیش قسە لە سەر داعش دەکات
05/01/2015, 12:00 (GMT+1)

حەمە سەعید حەسەن وەک نووسەر و ڕەخنەگر ساڵانێکە لەسایەی دەسەڵاتی داسەپاوی پارتی لە هەولێر لە تەڕ دەخوات و لە ووشک دەنوێت وەک خۆی ئاماژەی پێدابوو لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی دەزگای ئاراس لە پاداشتی نووسینی کتێبی جەلالینامە لەو کاتەی کە باگهێشت کرابوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە بالەخانەیەک دایاننابوو خۆی ووتەنی ئۆتێلی پێنج ئەستێرە وێرانەبوو لە چاویدا، دوای ئەوە زانی گوزەرانی ژیان لە هەولێر خۆشترە وەک لە سارد و سەرمای سوید، هەم دەتوانێت بێ سڵەمینەوە پەلاماری نەیارەکانی بدات و گیانیشی پارێزراو بێت، بۆیە هەولێری هەڵبژارد و باشتریین جێگا بوو بۆ ئەو ،
بەشێک لە خوێنەران پێیان وایە ئەم نووسەرە وا ناسراوە کە بڕوای تەواویی بە ئازادی ئینسانەکان و بە ئازادیی و یەکسانی ژن و پیاو هەیە، بەڵام لە هەندێ ڕووبەڕوبوونەوەی لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا باڵانسی خۆی لە دەست دەداو و ماسکی بۆچونەکانی خۆی دەرخات، وەک لە یەکێک لە ژوورەکانی پاڵتۆڵکدا کەسێکی لایەنگری سەرسەختی یەکێتی جنێوی بازاڕی پێدا، بەڕێوەبەری ژوورەکەی نێو پاڵتاڵک ووتی کاک حەمە سەعید مافی خۆیەتی وەڵام بداتەوە، کاک حەمە سەعیدیش بە زمانێکی بازاڕیانە فەرمووی کەسێک سێ خوشکی (هین) بێت دەبێت هەر ئاوا قسە بکات، لێرەدا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە دەڕبڕینی ئەم جۆرە گوتارانە لەدەمی نوسەر و ڕەخنەگرێک وای لێدەکات بە خۆی و نووسینەکانیدا بچیتەوە، ئەو درۆیە دەردەکەوێت، کە ئەم کەسە چەند لەسەر یەکسانی و ڕێزی ژنان درۆزن و ناڕاستگۆیە، نووسینیش وەک پیشە و بازرگانی کاری لەسەر دەکات، ئەوەتانی وەک بەڵگە، ساڵانیکە لە هەولێر دەژی و بەبەرچاویەوە دەسەڵاتی پارتی سوکایەتی نەما بەخەڵکی هەولێر و کوردستانی نەکات چەندیین ڕۆژنامەنووس تیرۆر کرا و دەیان نووسەرو چالاکوان ڕفێنران و لێیان درا و سوکایەتیان پێکرا ،چەندیین بارەگای حیزبەکانی تر سوتێنران ، بەرد قسەی کرد ئەم قسەی نەکرد ، هەندێ کەس هەیە ئەگەر کارەسات نەبێت ڕەنگە خۆری ئاوا بێت ،ماوەیەکی زۆرە ئەم نوسەرە جگە لە هەندێ نوسینی کاڵ و کرج هیچی وای پێ نەماوە و خەریکە کانی بیرکردنەوەی ووشک دەکات بەڵام لە خۆش بەختی ئەم و تەنانەت هەندێ ڕۆژنامە و میدیاکار و تەنانەت یەکێتی و پارتیش ، سەرهەڵدانی داعش و کردەوە دڕاندانەکانیان و مەترسیەکانیان خۆری هەمویانی گەیاندەوە ئاسمان و ئەستێرەیانی گەشاندەوە هەریەکە و بە پێی پێگەی خۆی ، لەوانە حەمە سەعید لە ڕێگەی پارچە هۆنراوەیەکەوە چەقۆی کولی بەهرەی دەمە زەرد کردەوە و بە تووڕەکردنی هەوادارانی ئیسلامیەکان بازاڕی خۆی گەرم کردەوە ، هەڵبەتە بۆ نوسینی ئەم پەیامە کورتەی ناو پەیجەکەی خۆی هەمان ئامانجی هەیە خۆشی دەزانێت سەنگەری ئەوەندە قایمە و لە ماڵی پاشاوە نزیکە کەس ناتوانێت جەزرەبەی بدات کە من تەواو دژی ئەوەم هەڕەشەیشی لێبکرێت
بە دیوێکی تردا ئەم پەیامە کورتەی نووسەر ڕاستیەکی تیایە و پێمان دەڵیت داعش و هاوبیرەکانی لەناو ماڵەکانی خۆماندان دراوسێکانمان و خەڵکی گەڕەک و شارەکەمانن و خزم و کەس و کارەکانی خۆمانن ،ئەندام پەرلەمانەکانمانن ، نووسەر تەنها دەڵێت پەیامبەری داعش ،ئەی گوایە شوێنکەوتوانی داعش ئیسلام نیین ، ئەی مەلا دڵشاد گەرمیانی بە ئاشکراو لە سەر ڕوبەری میدیاکانی کوردستان پەیامی ئاراستە نەکردن و نەینووسی برایانی ئەمدیوو برایانی ئەودیوو،تەنانەت زانکۆی ئەزهەر لە پەیامێکیاندا ووتیان داعش ئیسلامن، بەلام لادەرن ، هەموو چەکداران و لایەنگرانیان ناوی موحەممەد لەسەر زمانیانە و شەڕی سەرسەختی لەسەر دەکەن ئیتر بۆ ئیسلامیەکانی کوردستان پێیان ناخۆشە ، ئەو هەڕەشەیەی دەکرێت هیچی کەمتر نیە لە هەڕەشەکانی داعش، لە کۆتاییدا دەڵێم، حەمە سەعید تەنها شتێکی لەو پەیامەدا بۆ ئێمە ساغ کردەوە، ئەویش ئەوەیە ، کە هەزاران گەنجی ئیسلامی کوردی خاوەن بڕوانامەو خوێندکاری زانکۆ و دکتۆر و ئەندازیار و پارێزەر و ئەندام پەرلەمان هەڕەشەی داعشیانەی لێ دەکەن، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە داعشەکان تەنها لە ڕەققە و موسڵ نیین بەڵکو لەبەردەرگای ماڵەکانی خۆشماندان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









